کامەران سوبحان
بیرەوەریی و یاداشتنووسین، کۆمەڵێک تایبەتمەندیی هەیە. دیارترینیان: "شێوازی گێڕانەوە، ڕاستگۆیی لە گێڕانەوە و چۆنییەتی چنینی ڕووداوەکانیی".
یەکێک لەو بیرەوەرییانەی لەخوێندنەوەیدا، ئەم تایبەتمەندییانەم تێدابینی و پرسیارو خەمێکی زۆری لا جێهێشتم "ڕەنجی فەرهادەکان"ی د. هەژار مەعروفە. لەناو ئەو بیرەوەریی و یاداشتانەی کە دیوی ناوەوەی شۆڕشی گێڕاوەتەوە، ئەم بیرەوەرییانە، یەکێکە لەوانەی کە مایەی لەسەر وەستانە. سەرنجەکانی خۆم لەبارەیەوە، لەم خاڵانەدا دەخەمەڕوو.
*لەناوی بیرەوەرییەکانەوە" ڕەنجی فەرهادەکان" خوێنەر دەکەوێت بەسەر دنیایەک لە بێ ئومێدیی و دڵشکان و نادادپەوەریی ناوی شۆڕش، ئەو دیوەی، سەدان گەنج و مرۆڤی نیشتمانپەروەر، بە خەونی ڕەنگاڵەییەوە جوانیی و تەمەنی خۆیان پێبەخشی، بەڵام ئەنجامەکەی ڕەنجی فەرهادیان بۆمایەوە!
*نامەوێت ڕوداوە گرنگەکانی ئەم بیرەوەرییانە، بۆ خوێنەران بگێڕمەوە. بەڵام جیاواز لە زۆرێک لە بیرەوەرییەکانی تری شۆڕش، بە ڕاستگۆیی و هاوسەنگیی و بێلایەنی و دوور لە کینە نووسراوە. بەتایبەتیش لە گێڕانەوەی چیرۆکی ململانێ ناوخۆییەکانی ئەو ڕۆژگارەی یەکێتی و کۆمەڵەی رەنجدەران.
*ئەم بیرەوەرییانە، زمانێکی ڕەخنەیی نەرمی هەیە. ڕەخنە لەسەرانی شۆڕش، بەتایبەتیش ڕەخنە لە هێما دیارەکانی ئەو ڕۆژگارەی شۆڕش دەگرێت و چەندین نموونەی گفتوگۆی ئەوان و خۆی لەکۆڕو کۆبونەوەکانی شاخ دەگێڕێتەوە.
*ئەم بیرەوەرییانە، پڕە لە گێڕانەوەی چیرۆک و بەسەرهاتی غەمگین و تراژیدیی، چیرۆکی خەونی سەدان گەنج ململانێی ناجوامێرانەی سەرانی شۆڕش، چۆن ئەو خەونانە دەکوژێت. لە ساتی خوێندنەوەی ئەم بیرەوەرییانە، چەندینجار گریام بۆ قوربانی و گەنجی دڵپاک و فریودراوی ئەو ڕۆژگارەی شۆڕش . خوێندنەوەی ئەو بیرەوەرییانە، پێماندەڵێت "ئەم ڕۆژگارە تاریکانەی ئێستامان، بەرهەمی ئەو رۆژگارەی شاخ و شۆڕشگێڕەکانە!
*د. هەژار، نووسەر و پزیشکێکی نەرم و ناتوندوتیژە، بەڵام بە ڕێکەوت دەکەوێتە ناو ئاشێکی خوێناویی شۆڕش، بە خولیای ئازادییەوە دەچێتە شاخ و بە دڵشکانەوە نیشتمان جێدێڵیت و دەچیتە ئەوروپا.
*ڕەنجی فەرهادەکان، زمانێکی نەرم و سادە و خۆشە لە گێڕانەوەدا، بەڵام لە هەندێ دیمەن و ڕوداودا درێژەی پێداوە و نەیتوانییووە کەمێک دەست بە وشە و گێڕانەوەکانەوەوە بگرێت! ئەمە جگە لە هەڵەی چاپ و ڕێنووس، بەشێک لە جوانییەکانی ئەم کتێبەی بردووە!
*خاڵێکی تری ئەم بیرەوەرییانە، لە خوێندنەوەیدا، خوێنەر هەستدەکات، کورتیلە چیرۆک دەخوێنێتەوە، چونکە کتێبێکی نزیکەی 400 لاپەڕەی نووسین بەدەر لە وێنەکان 300 ناونیشان بۆ ئەو چیرۆکانە زۆرە! دەکرا هەر چەند بەش و چیرۆکێک لە بیرەوەرییەکان بکات بەیەک بەش، ئەوکات خوێنەر کەمتر دادەبڕێت و لەبری کورتیلەچیرۆک، دەتوانێت چیرۆک و بەسەرهاتە گرێدراوەکان پێکەوە بخوێنێتەوە.