د.لاڤە دارا علی- پسپۆری نەخۆشی یە دەروونی یەکان
مرۆڤ بەبەردەوامى لە پرۆسەى فێربووندایە كە هەمووتەمەنێك و هەموو مەوداكانى ژیانى گرتۆتەوە. بەبەكارهێنانى شێوازە جۆراوجۆرەكانى تواناى گۆرینى رەفتارى خەڵكیمان هەیە بۆ رەفتارى شیاو و پەسەند. بۆنمونە تۆ دەتەوێت برا بچوكەكەت را بهێنى لەسەر شوشتنى ددانەكانى دەتوانى هەرجارێك ددانەكانى شوشت تۆ دەست خۆشى لێ بكەیت و پیایدا هەڵدەى كە (دەست خۆشى كردن و پیاهەڵدان ) دوو هاندەرى سایكۆلۆجى گرنگن بۆ مرۆڤ لە بوارى فێربوونى رەفتارەكان و هەروەها زامن كردنى بەردەوامى بۆ فێربوونەكە بەكاردێت. لەكۆتایى دا دەبینیت براكەت فێرى شوشتنى ددانەكانى بووە وە بەردەوامیشە لە سەرى چونكە ئەو دەست خۆشى و پیاداهەڵدانە وەك خەڵاتێك هانى داوە وە ئەو كەسە بۆبەدەست هێنانى ئەو دەست خۆشى یە بەردەوام دەبێت لەسەر ددان شوشتنەكە.
كەواتە ئەو هاندەرە بەهێزانەى كەپاڵ بە مرۆڤەوە دەنێنن بریتین لە شتى مەعنەوى وەك دەست خۆشى كردن , پیاداهەڵدان.....هتد وەهەروەها شتى ماددى كە گرنگترینیان پارەیە بەڵام یەكێك لە خەسڵەتەكانى هاندەرە ماددى یەكان ئەوەیە بە كۆتایى هاتنى هاندەرەكە رِەفتارەكە كۆتایى دێت و بەردەوام نابێ .
كێشەیەكى زۆر بەربڵاو لە خێزانەكاندا تێبینى دەكرێت ئەویش دیاردەى وورِك و گریانى منداڵە كە باوان بەداخەوە بەشێوازێكى هەڵە مامەڵەى لەگەڵ دەكەن كە دەبێتە هۆى بەردەوام بوونى دیاردەكە.
یەكێك لە دیارترین هەڵەكان ئەوەیە كە باوان تەنها بۆئەوەى منداڵەكە ژیربكەنەوە هەمووداواكاریى یەكانى جێ بەجێ دەكەن كە ووركى بۆگرتووە.
چارەسەرى ئەم كێشەیە لە رووى زانستى یەوە ئەوەیە كە منداڵەكە فەرامۆش بكرێت باوان هیچ كاردانەوەیەكیان بۆى نەبێت تەنانەت نابێت سەیرى رووخساریشى بكرێت تاكو لە رِێى رِووخسارەوە هیچ ئاماژەیەك نەنێردرێت بە ڵكو وا باشترە ژوورەكە جێ بهێڵرێت , منداڵەكە بۆماوەیەك دەگرى لەوانەیە هاواربكات و شتیش بشكێنێت بەڵام هەرلە كۆتایى دا فێر دەبێت كە ئەنجام دانى ئەم رِەفتارانە نایگەیەنێتە ئامانجەكەى هەر بۆیە دەگەرِێت بە شوێن رێگەیەكى تر لەم كاتەدا تۆدەتوانیت ئەو رِەفتارە شیاوانەى كە ئارەزووتە منداڵەكەت فێرى ببێت لە رێگەى دانانى خشتەیەك بۆخەڵات كردنى بەكاربهێنى .
هەروەك لەپێشتر ئاماژەى پێكرا باشترە كە خەڵاتەكە تەنها پارە نەبێت بەڵكو ئەنجامدانى چالاكى جۆراوجۆر كە منداڵە ئارەزووى دەكات وەك رِۆشتن بۆ یاریگا , ماڵى خزمان , دروستكردنى كێك و شیرنى .....هتد بگرێتە خۆ. هەر جارێك ئەو رِەفتارە شیاوەى ئەنجام دا تۆ دەبێت خەڵاتى بكەى, تێبینى یەكى گرنگ ئەوەیە كە خەڵات كردنەكە تەنها لەدواى ئەنجامدانى رِەفتارەكە دەكرێت نەك لە پێشى دا بۆئەوەى منداڵەكە فێرببێت كە خەڵاتەكە تایبەتە بە رِەفتارەكە بەمەش زامنى فێربوون و بەردەوام بوونى رِەفتارە شیاوەكە دەكرێت.