بەکر شوانی
لە تورکیا، کاتێك باس دێتە سەر یاشار کەمال، نزیکەی هەموو خوێنەران و ڕەخنەگران پێیان وایە نەبەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات پێی، ناهەقییەکی گەورەیە لەو نووسەرە جیهانییە بەناوبانگە کراوە. پێ دەچێت لە داهاتوویشدا ئەو گەنگەشەیە بەردەوام بێت.
باشە ئەکادیمیای شاهانەی سوێدی بۆ زانستەکان بۆچی ئەم نووسەرە گەورەیەی لە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات بێبەش کرد؟ با سەرەتا سەرنجێك لەو بارودۆخە بدەین کە ڕێی خۆش کرد بۆ پاڵاوتنی یاشار کەمال بۆ ئەو خەڵاتە...
نووسەر ساڵانی ١٩٥٣-١٩٥٤ بەرگی یەکەمی ڕۆمانی "حەمەدۆك"ی بە زنجیرە لە ڕۆژنامەی "جمهورییەت"دا بڵاو کردەوە و ڕۆمانەکە ساڵی ١٩٥٦ "خەڵاتی گۆڤاری ڤارلك بۆ ڕۆمان"ی وەرگرت. ئەو گۆڤارە تازە خەڵاتی ڕۆمانی داهێنابوو و یەکەم خەڵاتی بە یاشار کەمال بەخشی. بەڵام ئەو هەنگاوە زۆرێك لە ناوەندە سیاسی و ئەدەبی و میدیایییەکانی ئەو سەردەمەی تورکیای تووڕە و هەراسان کرد و گوشارێکی زۆر خرایە سەر یاشار کەمال و گۆڤاری "ڤارلك"، بۆیە گۆڤارەکە ناچار بوو ئەو نەریتی خەڵاتبەخشینە بۆ هەتاهەتایە ڕابگرێت.
یاشار کەمال لە دوای بەرگی یەکەمی "حەمەدۆك"، ساڵی ١٩٥٤ "تەنەکە"ی نووسی. دوای ئەوە چەند ڕۆمانێکی تری نووسی و ئیدی نووسەر لە پای ڕۆمانەکانی، لە تورکیا و جیهان دەستی بە کۆکردنەوەی خەڵات کرد. یاشار کەمال دەڵێت: "حەمەدۆك لەسەرەتادا لە زۆر وڵاتی جیهان لە لیستی پڕفرۆشترین کتێبدا بوو؛ سەرەتا لە بەریتانیا، پاشان لە ئەسکەندناڤیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا... تەنانەت لە ئەمریکاش بوو بە ڕۆمانێکی خۆشەویست.
هەر ئەمەش زیانی زۆری بە من گەیاند و لە وڵاتی خۆم ژمارەی خەڵکانی تینوو بە خوێنی من زیادی کرد. تەنانەت دەزگای ئاسایشی میللی ڕایگەیاند من بە پشتیوانی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا خەڵاتی نۆبڵم وەرگرتووە. بابەتەکەش تەنیا ئەوە بوو بۆ خەڵاتی نۆبڵ پاڵێورابووم، ئەویش بە پشتیوانی کەس نا، بەڵکو بە پشتیوانی نزیکەی بیست دانە لە کتێبەکانم کە لە سوێد چاپ کرابوون و زۆر دەخوێندرانەوە... ناتوانم ئەو هەموو دەردە بژمێرم کە لە پای 'حەمەدۆك' بەسەرم هات. ساڵی ١٩٦٤ کۆمپانیایەکی گەورەی ئەمریکایی مافی 'حەمەدۆك'ی کڕی، سیناریستێکی گەورە سیناریۆی بۆی نووسی، بۆ وێنەگرتن پەیوەندی بە تورکیاوە کرا، بەڵام حکوومەتی ئێمە ڕەتی کردەوە.
وەزیری کولتوور نامەی بۆ ئەمریکایییەکان نووسیبوو و گوتبووی ئەگەر لە وڵاتێکی تری جیهانیش وێنەی ئەو فیلمە بگرن، ئەوا زیان بە پەیوەندی دووقۆڵیی نێوان هەردوو دەوڵەت دەگات... سیناریستی 'حەمەدۆك' لە لەندەن دەقی ئەو نامەیەی بۆم خوێندەوە. دواتریش سەرئێشە و بەسەرهاتی "حەمەدۆك" درێژەی کێشا...." (١).
وا دەردەکەوێت یاشار کەمال بەهیچ شێوەیەك بەدوای خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتەوە نەبووبێت.
ئەوەتا ساڵی ١٩٩٥ لە دیمانەیەکدا بەڕوونی گوزارە لەو هەڵوێستەی خۆی دەکات و دەڵێت: "خۆ من نەبووم بە پاڵێوراوی خەڵاتی نۆبڵ. کەس ناتوانێت خۆی بۆ ئەو خەڵاتە بپاڵێوێت... ئەوەندەی من بزانم، بەپێی وەسێتی نۆبڵ، دوو شوێن دەتوانن پاڵێوراو پێشنیار بکەن؛ یەکێتیی نووسەرانی سوێد و ئەکادیمیای زانستیی سوێدی. ساڵی ١٩٧٣ ڕۆژنامەکانی سوێد نووسییان کە من بۆ خەڵاتی نۆبڵ پاڵێوراوم. هەرچۆنێك بوو، ڕۆژنامەکانی ئێمەیش دواتر هەواڵەکەیان بڵاو کردەوە. ئێ خۆ من لێرەدا هیچ تاوانێکم نەکردووە... تاکەکەسیش نیم لە جیهانەدا بۆ نۆبڵ پاڵێورابێت و وەری نەگرتبێت.
تۆلستۆی و ستریندبێرگ و چەندین نووسەری تریش بۆ نۆبڵ پاڵێوران و وەریان نەگرت. چما قیامەت دەقەومێت ئەگەر من نەتوانم وەری بگرم؟ ئایا لە ئەدەبیاتی ئێمەی ڕوو لە گەشەسەندندا کەسێکی تر پەیدا نابێت خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت؟ با خەمبار نەبین، پەیدادەبێت... پاڵاوتن یەکێك لە قۆناغەکانی وەرگرتنی خەڵاتەکەیە. ساڵی ١٩٧٣ من لێرە وا خرامە ڕوو وەك ئەوەی پاڵێوراوی نۆبڵی سیاسی بم، بەمەرجێک شتێک نییە بە ناوی خەڵاتی نۆبڵ بۆ سیاسەت!.
ئەوانەی لەو دنیایە بێئاگان، دەبێت بزانن نۆبڵ بە سیاسەت نا، بە ئەدەبیات دەبەخشرێت. منیش پاڵێوراوی سیاسەت نا، پاڵێوراوی ئەدەبیات بووم.
ئەگەر دنیا بە چەند نووسینێکی من ڕابووبێتە سەرپێ، ئەوا لەبەر سیاسەتم نا، لە ڕووی ئەدەبیاتمەوە بووە. ئەوانە ئەگەر هێزی بینینی نووکی کەڕەنای درۆکانی خۆیان هەبوایە، دەیانزانی ئەو کارە بەو جۆرەیە. بوون بە سەربازی ڕاپەڕێنەری فەرمان، هونەر نییە. هونەر توانای ناسینی دنیایە. درۆیش هونەر نییە..." (٢)
نووسەری تورك ئۆکتای ئاکباڵ لە کتێبی "بژی ئەدەبیات"دا کە ساڵی ١٩٧٧ بە چاپی گەیاندووە، بەشێکی بۆ یاشار کەمال و پرسی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات تەرخان کردووە و دەنووسێت: "ئەمساڵ زۆر ناوی یاشار کەمال هێندرا. هەموو ساڵێك لە رۆژنامەکاندا دەخوێنینەوە کە یاشار کەمال بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات پاڵێوراوە، بەڵام ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا ئاواتی ئێمە و خۆزگەی خوێنەرانی یاشار کەمال بوو، ئەمساڵ هاتە دی و ئێستا نووسەر لە نێوان ئەو نووسەرە جیهانییانەدایە کە لەلایەن یانەی قەڵەمی سوێدەوە بۆ خەڵاتی نۆبڵ پێشنیار کراون. چەندین ڕۆمانی بۆ سەر زمانەکانی جیهان وەرگێڕدراون، بەتایبەتیش لەبەرئەوەی چەند ڕۆمانێکی کراون بە سوێدی، بەڕاستی شیمانەی بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە هەبوو.
هەروەها لە میدیاکانی جیهاندا گۆڕانکارییەکانی تورکیا و گەڕانەوە بۆ کارکردن بە سیستەمی پەرلەمانتاریی دیموکرات و کرانەوە بە ڕووی چەپدا و ئەگەری گەیشتنی پێشەوایەکی سۆسیال دیموکراسی وەك ئەجەڤید بە دەسەڵات ستایش کرا و گشت ئەمانەش شانسی نووسەرێکی تورکی بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە بەهێزتر کرد. نەبوو و نەتوانرا ببێت. ئەکادیمیای سوێدی خەڵاتەکەی بە نووسەری ئوسترالی پاتریك وایتی تەمەن ٦٠ ساڵ بەخشی.
کەسمان ئەم وایتە ناناسین و لە دۆخێکدا نین بڵێین باشە، یان خراپ. بەڵام لێرەدا ئاواتی ناو وەسێتنامەکەی ئەلفرێد نۆبڵ، واتە 'جیاوازی نەکردن لە نێوان نەتەوەکاندا' حسێبی بۆ نەکراوە. ئەگەر ئامانج بەخشینی خەڵات بێت بە بەرهەمە ئاشتیخواز و هەڵگری توخمەکانی خزمەتکردن بە مرۆڤایەتی، ئەوا ئەو ئامانجە تەنیا بە خەڵاتکردنی بەرهەمەکانی نووسراو بە زمانەکانی ئەنگلۆ ئەمریکان، فەرەنسی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، یان ڕووسی بەدی نایەت. ئەکادیمیای سوێدی هەمیشە 'لایەن'گر بووە و کەسانی نزیك لە خۆی پێ باشتر بووە..." (٣)
نووسەر و گۆرانیبێژی تورك زویلفو لیڤانەلی لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا بە ناونیشانی "ئەڤیندارم ژیان" کە ساڵی ١٩٩٧ بە چاپی گەیاندووە، دەنووسێت: "جارێك یاشار کەمال زۆر لە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات نزیك ببوەوە. وەك بەهێزترین پاڵێوراو ناوی دەبرا و پاشان وەك ئاگەدار بووین، هیچ هۆیەك نەبوو بۆ ئەوەی خەڵاتەکە وەرنەگرێت. ڕێك لەو کاتەدا هەندێك تورك و کوردی تورکیا کەوتنە نێوانەوە و چەرخی بەدزمانییان لە دژی یاشار کەمال خوولاندەوە. ئەمانە بە ئەکادیمیای سوێدییان گوتبوو: 'ئێوە شارەزای ئەدەبی تورکی نین و یەشار کەمال نووسەرێکی پلە پێنجە و ناهەقییە ئەگەر تەنیا لەبەرئەوەی کتێبەکانی ئەو وەرگێڕدراون، خەڵاتی نۆبڵی بدرێتێ.' هاوکات هەندێك لە کوردەکان دەستیان دایە هەڵمەتێك و گوتیان یاشار کەمال لە کاتێکدا خۆی کوردە، کەچی بە زمانی تورکی دەنووسێت.
بە بۆچوونی ئەوان، یاشار کەمال نووسەرێکی دەوڵەت بوو و ئەرکی ئەوە بوو داستانە کوردییەکان ببات و بیانکات بە سامانی تورك... بەوجۆرە لەسەر بنەمای ئەو قسە نەستەقەی کە دەڵێت 'تورك خۆرەی تورکە' و لە سۆنگەی ئیرەیی و حسابی بچووکەوە تەگەرەیان خستە پێش بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بە یاشار کەمال. هەروەها ئەو دۆخە ڕەهەندێکی تریشی هەبوو؛ ئەویش ئەو ڕاستییەیە کە تەنیا تورك نا، بەڵکو 'کوردیش خۆرەی کوردە'..." (٤)
بە تێپەڕبوونی ساڵان، گفتوگۆکان دەربارەی یاشار کەمال و خەڵاتی نۆبڵ ڕوو لە زیادکردن بوون. نووسەر ساڵی ٢٠٠٨ لە دیمانەیەك لەگەڵ ڕۆژنامەی "لێسپرێسۆ"ی ئیتاڵیدا خۆی بە کۆمۆنیست دادەنێت و باوەڕی وایە لەبەرئەو هۆیە خەڵاتی نۆبڵی پێ نابەخشن.
ڕۆژنامەکە لەو دیمانەیەدا یاشار کەمال بە پەیامبەری بۆغازئیچی "تەنگەی بۆسفۆر" وەسف دەکات. نووسەر لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: " خەڵاتی نۆبڵ نادەن بە کۆمۆنیستێکی وەك من. من وای بۆ ناچم. بەڵام ئەگەر ئێوە وای بۆ دەچن، فەرموون وای بۆ بچن..." ڕۆژنامەی "لێسپرێسۆ" هەر لەو دیمانەیەدا یاشار کەمال وەك "بابەگەورەی ئەدەبیاتی جیهان" بە خوێنەرانی خۆی دەناسێنێت. (٥)
دوای چەندین ساڵ لە پێشبینییەکانی یاشار کەمال و لە ١٢ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٦دا خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات بە نووسەری تورك ئۆرهان پاموك بەخشرا. سەرۆکی یانەی قەڵەمی سوێدی بیۆرن لینێل لەمەڕ بەخشینی ئەو خەڵاتە بە ئۆرهان پاموك دەڵێت: "نووسەرێکی بەشکۆیە، لەسەر لووتکەی پیشەی نووسینە، بەهۆی بۆچوونی پێچەوانەیەوە و بێ ئەوەی خۆی بخوازێت، بوو بە پاڵەوانی سیاسی، کێشەی ئەرمەنییەکانی گرتە دەست و پەلاماری خاڵی هەستیاری تورکەکانی دا..." لینێل مەبەستی لە لێدوانێکی ئۆرهان پاموك بوو بۆ گۆڤاری "داس ماگاتسین"ی سویسرایی کە تیایدا گوتبووی: "٣٠ هەزار کورد و ١ ملیۆن ئەرمەنی کوژران. جگە لە من، کەسی تر نەیوێراوە باسی ئەم بابەتە بکات."
دوای ئەو لێدوانە، ئۆرهان پاموك بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە تورکایەتی" درایە دادگا و ئەوەش بوو بە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپادا. بەڵام دوای بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ، دۆزەکانی دژ بە ئۆرهان پاموك لە دادگا داخران... مێژوو ئەو هەڵوێستە جوانە بۆ ئۆرهان پاموك تۆمار دەکات، بەڵام نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت کە یاشار کەمال لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٧٠-١٩٩٠دا کە بە تاریکترین ساڵەکانی تورکیا دادەنرێن، چەندین بابەتی ورووژاندووە و نووسیوە کە هیچ کەسێکی تر نەیوێراوە خۆی لە قەرەیان بدات. هەر لەو سۆنگەیەوە چەندین جار دادگایی کراوە.
وەك خۆیشی لە کتێبی "یاشار کەمال سەبارەت بەخۆی دەدوێت"دا دەیگێڕێتەوە، لە تافی لاویشدا چەرمەسەری زۆری چێشتووە و بە بێ هۆ زیندانی کراوە. زۆرینەی ڕای گشتی کورد هۆکاری نەبەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات بە یاشار کەمال دەگێڕنەوە بۆ کوردبوونی. '
منیش خۆم لەو چوارچێوەیەدا دەبینمەوە و وەك لیڤانەلی پێم وایە، جگە لە کوردبوون، هیچ هۆکارێك نەبوو بۆ نەبەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات بە یاشار کەمال کە تاکە هەل و هیوای کورد بوو بۆ بەدەستهێنانی. خۆی گوتەنی، بە وەرنەگرتنی خەڵاتی نۆبڵ قیامەت ناقەومێت... بۆیە من پێم وایە لە بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات گرنگتر ئەوەیە ئێمەی کورد لە ناخ و دڵی خۆماندا هەمیشە باوەڕمان وابێت تا مرۆڤایەتی مابێت، یاشار کەمال پاڵێوراو و شایەنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتە.