دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 30/09/2022

مرۆڤایەتی بەرەوکوێ؟!

د.لاڤە دارا علی - پسپۆری نەخۆشی یە دەروونی یەکان

بەهۆی ڕووداوێکی نەخوازراوەوە ئەمڕۆ پێمان باشبوو هەندێک زانیاری بخەینەڕوو بۆئەو خێزانانەی منداڵی مەنغۆل (کۆنیشانەکانی داون)یان هەیە.

کۆنیشانەکانی داون (مەنغۆل) بریتییەلە ناڕێکی و شێوانی کڕۆمۆسۆمەکانی جەستە بەهۆی بوونی کۆپی یەکی زیادەی کڕۆمۆسۆمی ژمارە ٢١. منداڵە لەدایک بووەکان تووشی دواکەوتنی گەشەی جەستەیی، دواکەوتنی ئاستی ژیری دەبن وبەشێوەیەکی تایبەتی ڕووخساریان دەناسرێنەوە.

تاکو ئێستا هۆکارێکی دیاریکراو دەستنیشان نەکراوە بۆ ڕوودانی ئەم ناڕێکی و شێوانە لە کڕۆمۆسۆمەکان بەڵام ڕێژەی ڕوودانی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی دایکەکە زیاددەکات. ئەم منداڵانە پێویستیان بە ڕاهێنان و فێرگەی تایبەت هەیە و هەندێکیان تەنانەت دەتوانن بەردەوام بن لەخوێندن و کارێک لەژێرسەرپەرشتیدا بەڕێوەبەرن. لەووڵاتانی جیهان ئێستا وەکو منداڵی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و تەنانەت دەخرێنە فێرگە ئاساییەکان و لەگەڵ منداڵانی ئاسایی تێکەڵ دەکرێن، بەڵام بەداخەوە لەووڵاتی ئێمەدا جۆرێک لەهەڵە تێگەشتن هەیە لەلایەن خێزانەکان سەبارەت بەم بابەتە.

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو خێزانێک سەردانی کلینیکەکەیان کردین و منداڵێکی تازە لەدایک بووی تەمەن ٤٠ ڕۆژەیان پێبوو کە(کۆنیشانەکانی داون) ی هەبوو ، ئەوەی جێی سەرنج وسەرسوڕمان بوو کەهەردوو دایک و باوکەکە توانای پەسەندکردنی منداڵەکەیان نەبوو، باوکەکە ئەی ووت دووجار ویستومە فڕێی بەم لەبەردەم مزگەوت، دایکەکە بەبەردەوامی دەگریاو ئەیووت ناتوانم شیری بەمێ و سەیری ڕووخساری بکەم، کەس وکارەکەیان حاشایان لێکردبوون کەگوایا خێزانەکەیان هەرگیز منداڵێکی کەم ئەندامیان نەبووەو جێی شەرمەزارییە!!!!!!!

باشە کوا مرۆڤایەتی؟
کوا ڕوحم وبەزەیی؟
کوا خۆشەویستی ؟
کوا ترس و شەرم لەپەروەردگار؟

ئەگەر بەراووردێک بکرێت لەنێوان منداڵی مەنغۆل و ئیفلیجی مێشک کەبەتەواوەتی جوڵاندی پەلەکانیان لەدەستداوە کامیان خراپترە؟
یان لەگەڵ منداڵانی ئۆتیزم و هەندێک نەخۆشی جەستەیی تر.....هتد. بێگومان منداڵانی کۆنیشانەکانی داون ئەتوانن هەرچوارپەلیان بەکاربهێنن، توانای فێربوون و ڕاهێنانیان هەیە و بارودۆخیان لەزۆرێک منداڵ باشترە. داواکارین لەخێزانەکان تێگەشتوانەتر لەبابەتەکەبڕوانن و ئەم منداڵانە تاوانیان نییە ، پێویستیان بەڕوحم وبەزەییە، پێویستیان بەخۆشەویستی و پارێزگاری خێزانە نەک هەرلەسەرەتاوە پەسەندنەکرێن و هەوڵی فڕێدان و لەناوبردنیان بدرێت.

ئەگەرلەڕوانگە ئاینییەکەوە لێک بدرێتەوە ئەوە خەڵاتی پەروەدرگارە بۆئەو خێزانە ، ڕادەی ئارامی و بەرگەگرتیان تاقی دەکاتەوە، هەموو خزمەت و ناڕەحەتیەکیش بێگومان پاداشتی خۆی هەیە. هیوادارین ئەو خێزانەش بەبڕیارەکەیاندا بچنەوەو خۆشەویستی و پارێزگاری ببەخشنە کۆرپەتازەلەدایک بووەکەیان.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP