دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 29/09/2022

جاڕی مەرگ، لەنێوان سەرکوتکردنی ئازادی و ناردنی درۆندا

 لەدوای هێرشەکان بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی حیزبە ئۆپۆزسێۆنەکانی یەکەم لایەنی پەیوەندیدار حکومەتی ناوەندییە، لەو میانەیەدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ئیدانه‌ی بۆردومانه‌كانی ئێرانی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كرد و به‌كارهێنانی لۆژیكی سه‌ربازی له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان ره‌تكرده‌وه‌. و ڕایگەیاند کە باڵێۆزی ئێران بانگهیشت دەکەن...

ئەم هەڵوێستەی عێراق یەکەمجار نییە کە لەهەمبەر هێرشەکانی وڵاتانی دراوسێ و لە پێشێلکردنی سەروەرییەکانیدا دەیگرێتەبەر ، بەڵام پرسیارە جدییەکە ئەوەیە ئایا ئەمە ڕێگە دروستەکەیە کە دەیگرێتەبەر یان هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەستدا نییە؟ یاخود ئەمە پلان بۆداڕێژراوەو مەبەستیەتی بەو شێوەیە هەڵوێستەکانی بۆ ڕای گشتی دەرببڕێت..

کاردانەوەکانی دوای هێرشەکە لەسەر ئاستی عێراقدا ڕانەوەستاوەو هێزەکانی ئەمریکاش لەنێوکایەکەدا جێگەیەکی دیکەی هەیە ولە نوێترین کاردانەوەدا ڕایانگەیاند کە درۆنێکی ئێرانییان خستوەتە خوارەوە لەڕێگەدا بووە بەرەو هەولێر، بەڵام ئاراستەکەی و ئامانجی دیاریکراوی درۆنەکەیان ئاشکرا نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی کە ڕایانگەیاندووە هیچ زیانێکی گیانی و مادییان نەکردووە...

نەتەوە یەکگرتووەکانیش نیگەرانی خۆیان دەربڕی و داوایانکرد بەخێرایی هێرشەکان ڕابگرن و بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکانی لەگەڵ حیزبە نەیارەکانی پەنا بۆ بەکارهنانی هێز نەبەن..

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەتی هەرێم، بارەگای بارزانی، حیزب و لایەنە کوردستانیەکانیش هەڵوێستی خۆیان لەهەمبەر هێرشەکان دەربڕیوەو و هەموویان داکۆکی لە پاراستنی سەروەرییەکانی کوردستان و ڕێزگرتن لە کیانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.. لەگەڵ ئەوەشدا، لەبەشێک لە داواکارییەکانیانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمدا هاتووە کە نابێت خاکی هەرێمی کوردستانیش لەدژی وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، تا بیانوو نەدرێت بەدەستەوە بۆ هێرشکردنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و حیزبە نەیارەکانیش ڕەچاوی هەل و مەرج و دۆخی هەرێمی کوردستان بکەن..

بەپێی بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییەکان ئامانج لەم هێرشانەی ئەمجارە کاریگەریی خۆپیشاندانەکانە لەناوخۆی ئێران و سەرمەشقی خۆپیشاندانەکانی سەرانسەری ئێرانیش بە کورد و لەناو ئەوانیشدا حیزبە کوردستانیەکان بە هۆکار دەبینن.

وەک شرۆڤەکاران باسی دەکەن: گەرچی یەکەمجار نییە ئێران هێرش بکاتە سەر بنکەو بارەگا و سەنگەرەکانی حیزبە کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵات، بەڵام جیاوازیی ئەم هێرشانە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە یەکەمجارە بەو ئەندازەیە درۆن و موشەکی درهاوێژ بەکاربهێنرێت و ئەوەش بە مانای ئەوە دێت کە ئێران لە پەرەپێدان و بەهەمهێنانی درۆندا زۆر چوەتە پێشەوە و سەرکەوتوو بووە لە تەکنۆلۆژیای بەهەمهێنانی درۆنداو بەوەش ئێران هەنگاوێکی تر لە مەترسیداریی و هەڕەشە لەسەر وڵاتانی ناوچەکە نزیکتر بوەتەوە و پێدەچێت وڵاتانیش لەو پێشکەوتنە بەرچاوە بێدەنگ نەبن، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئیسرائیل و لەسەری هەمووشیانەوە ئەمریکا، هەربۆیە بەشێک لەشرۆڤەکاران پێیان وایە ئێران بەرەو گیانەڵا و کۆتایی دەچێت، چوون بەهەمان ئەوڕێگایەدا دەچێت کە حەمەرەزا شا گرتبوویە بەر ئەویش لەچەند خاڵێكدا خۆی دەبینییەوە کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

گرانی بازاڕو قورسبوونی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک.

پاکتاوکردنی جەستەیی و فیزیکی نەیارەکان.

گوێ نەدان بە گۆڕانکارییە نێۆدەوڵەتییەکان و مەلەکردن بە پێچەوانەی ئاراستەی سیاسەتە نێو دەوڵەتیەکان .

کۆتاشتیش زۆرکردنی هێزی داپڵۆسێنەر و زۆربوونی نەیاری بێدەنگ... هەربۆیە شارەزایان باس لەوە دەکەن چارەنووسی کۆماری ئیسلامیش لە کۆتاییەکانی تەمەنی نزیک بوەتەوە و جاڕی مەرگی خۆی بە سەرکوتکردنی ئازادییەکان دەستی پێکردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP