دواین هەواڵ

کوردستان‌

 29/09/2022

بەردی بناغەی سێ پۆند لە ئیدارەی گەرمیان دادەنرێت

هەرێم نیوز

وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، ( پۆندی سەرقزڵ)  بە بودجەی( ٧٦٦) ملیۆن دینار و  پۆندی (سەید حسێن) بە گوژمەی (٧٤٤ ملیۆن دینار)لە سنوری قەزای کفری و پۆندی (گۆبان)بە گوژمەی (٦٨١ ملیۆن دینار)لە سنوری قەزای کەلار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنج شەمە 2022/9/29 بێگەرد تاڵەبانی بەیاوەری ستافێکی باڵای وەزارەت سەردانێکی مەیدانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و لەلایەن جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەرپرسانی ئیداری لە دیوانی ئیدارە پێشوازی لێکرا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە دیداری نێوان تیمی هەردوولادا جەخت کرایەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیەکان و هەماهەنگی زیاتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سێکتەری کشتوکاڵ لە سنوری گەرمیان و کار و پرۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ لە سنورەکە.

ئەوەش هاتووە، دواتر بێگەرد تاڵەبانی بەیاوەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەئامادەبوونی پیاو ماقوڵانی ناوچەکە بەردی بناغەی( پۆندی سەرقزڵ) داندرا، پۆندەکە بە بودجەی( ٧٦٦) ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو جێبەجێدەکرێت کە توانای گلدانەوەی ٣٣٥ هەزار م٣، ئاوی هەیە.

باسی لەوەش کردووە، لە دانانی بەردی بناغەی پۆندەکە ێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند، دلخۆشم بەجێبەجێکردنی بەڵێنەکەمان کە لەو شوێنەدا خەڵکی قارەمانی ئەم گوندە لە گەرمیان دەیان شەهیدی سەربەرزیان لە پێناو کوردایەتی دا بەخشیوە و شایەنی ئەو جۆرە پڕۆژانەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هاوکاتی گرنگیدان بە پڕۆژە ئاودێریەکان لە گەرمیان دوو پۆندی دیکە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە پێکدێت لە پۆندی (سەید حسێن) بە گوژمەی (٧٤٤ ملیۆن دینار)لە سنوری قەزای کفری و پۆندی (گۆبان)بە گوژمەی (٦٨١ ملیۆن دینار)لە سنوری قەزای کەلار.

دواتر پۆندی( ئەلی میر) لە سنوری ناحیەی قۆرەتوو بەسەرکرایەوە و لەنزیکەوە بەدواداچوون بۆ کێشەی دارایی و تەکنیکیەکان و چاکسازی و پاکردنەەی پۆندەکە کرا.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، تەواو بوونی ئەم پۆندانە دەبێتە هەنگاوێگی گرنگی بوژانەوەی سێکەری کشتوکاڵی و چارەسەرکردنی کێشەی ئاودێری جوتیاران و زیادکردن و گلدانەوەی زیاتری سەرچاوەی ئاو لە سنوری گوندەکانی ئیدارەی گەرمیان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP