دواین هەواڵ

جیهان‌

 29/09/2022

ئه‌مریكا: ئێران ناتوانێت کێشە ناوخۆییەکانی خۆی بە هێرشکردن بۆ دەرەوەی سنورەکانی بەتاڵبکاتەوە

هەرێم نیوز

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، ئێران ناتوانێت کێشە ناوخۆییەکانی خۆی و ناڕەزایاتییه‌كانی هاوڵاتیانی بە هێرشکردن بۆ دەرەوەی سنورەکانی خۆی بەتاڵبکاتەوە.

جەیک سەلیڤەن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ پێنجشەمە له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، بە توندی هێرشی درۆون و موشەکی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق ئیدانە دەکات و پاڵپشتی وڵاتكه‌كه‌شی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان دوپاتكرده‌وه‌.

وتیشی، "هاوشانی سەرکردەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان و بەغداد ڕادەوەستین و  له‌ ئیدانەکردنی ئەم هێرشانە کە پەلامارن بۆ سەر سەروەری عێراق و خەڵکەکەی پشتیوانی به‌غداد و هه‌ولێرین".

باسی له‌وه‌ش كردوه‌، "سەرکردەکانی ئێران بەردەوامن لە نیشاندانی هەڵە زەقه‌كانیان، ئه‌وه‌ش نەک تەنها بە پشتگوێخستنی ژیانی هاووڵاتیانی خۆیان، بەڵکو ژیانی هاوڵاتیانی دراوسێکانیان و پشتگوێخستنی پرنسیپی بنەڕەتی سەروەری و یەکپارچەیی خاک کە لە ڕەشنوسی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتوەکاندا بەرزڕاگیراوە".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "ئێران ناتوانێت گلەیی و گازندەی هەڵقوڵاوی کێشە ناوخۆییەکانی خۆی و ناڕەزایاتییه‌كانی هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی بە هێرشکردن بۆ دەرەوەی سنورەکانی خۆی بەتاڵبکاتەوە، بۆیه‌ پێویستە ئەم هەڵە زەقە لە بەکارهێنانی موشەک و درۆن دژی دراوسێکانی و دابینکردنیان بۆ ڕوسیا لە جەنگی شەڕەنگێزانە لە ئۆکرانیا و پێدانیان بە بەکرێگیراوان لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئاستی جیهان ئیدانە بکرێت". 

ئاماژەی بەوەش کرد، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە گەڕان بۆ سەپاندنی سزا و ئامڕازی تر بۆ لەبەریەکپچڕاندنی چالاکییە وێرانكارییه‌كانی ئێران لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".  



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP