دواین هەواڵ

عێراق‌

 27/09/2022

سەرۆکی ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت داوایەک لە سەرۆکی پەرلەمان دەکات

هەرێم نیوز

سەرۆکی ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت رایگەیاند، رەوتی سەدر ھاوبەشێکی سەرەکییە لە پڕۆسەی سیاسییدا، داوایشی لە سەرۆکی پەرلەمان کرد، نووسراوی دەستلەکار کێشانەوەکەی بکشێنێتەوە.

رۆژی سێشەممە 27ی 9ی 2022، عەممار حەکیم سەرۆکی ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت لە وتەیەکیدا لە دیداری رافیدەین بۆ دیالۆگ ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سەرکەوتوو بووە لە ھێورکردنەوەی شەقام و بەھێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

ئاماژەی بەوەشدا، رەوتی سەدر ھاوبەشێکی سەرەکییە لە پڕۆسەی سیاسییدا، چوارچێوەی ھەماھەنگیی پەرۆشی بوونی رەوتی سەدرە لە پڕۆسەی سیاسییدا.

وتیشی، تا ئێستا گفتوگۆ لەنێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی و رەوتی سەدر ئەنجام نەدراوە، بۆ ئەوەی بزاندرێت، رەوتی سەدر چی ھەڵوێستێکی لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی ھەیە.

باسی لەوەش کرد، زۆربەی لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا نیین، بەڵام بەھۆی رەوتی سەدرەوە، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەیان تاوتوێ کردووە.

راشیگەیاند، ھاوپەیمانییەکە نوێنەرایەتی زۆربەی پێکھاتەکان دەکات و لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیش لەسەر کاندیدی سەرۆکوەزیرانی داھاتوو رێککەوتوون.

عەمار حەکیم ئەوەشی خستەڕوو، "ئومێد دەکەین سەرۆکی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان بەرلەوەی دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەکەی بکشێنێتەوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 26ی 9ی 2022،  راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدابوو کە رۆژی چوارشەممە 28ی 9، دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت و کارنامەی دانیشتنەکەش دوو بڕگە لەخۆدەگرێت، یەکەمیان تایبەتە بەدەنگدان لەسەر "دەستلەکارکێشانەوەی" محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و دووەمیشیان ھەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP