دواین هەواڵ

وەرزش‌

 27/09/2022

پشکی وەرزش لە ئابووریدا

 بەختیار عومەر

وەک ئاشکرایە ئابوری، یەکێکە لەو زانستانەی کە لەهەموو بوارەکاندا ڕۆڵێکی کارامەو بەرچاوی هەیەو کارەکتەرێکی سەرەکییە تیایاندا، بێگومان وەرزشیش لەم چوارچێوەیە دەرناچێت.

لە ڕۆژگاری ئێستادا، وەرزش، تەنها دڵخۆشی و سەرگەرمی نییە، بەڵکو وەرزش پیشەیەکی پڕلە سوودە، کەتواناییەکی باڵای هەیە لەڕاکێشانی بەردەوامی سەرمایەدەرەکییەکان بۆناوەوەی وڵاتان.

وەرزش، نێوەندێکی کێبڕکێی تاڕادەیەک تەندروستە بۆ قبوڵکردنی یەکتری ووڵاتان، ئامڕازێکە بۆ گواستنەوەی بیروبۆچوونەکلتورییەکان و ئەمەش کەرتی ئابوری وەرزشییە، کەهەڵدەستێت بەبرەودان و بەرەوپێشبردنی ئەم پیشەیە.

٭ پیشەیەکی بەرجەستە لە لایەنی سیاسییەوە  

وەرزش، هەمیشە بەشێکی گرنگ بووە لەکۆمەڵگای مرۆڤایەتی و بەڵام لە ئەمڕۆدا بووەتە بەشێکی گرنگتر لە ئابووریدا.

ڕووداوە وەرزشییەکان، کاریگەرییەکی زۆرباش لەئابوری وڵاتاندا دروست دەکەن، کەشوێنەواری ئەم کاریگەرییانەش بە تێپەڕبوونی قۆناغەکانیان، دەبێتە هۆی فراوانبوون یان دەرکەوتەی ئابووری باش، بۆ ئەو ووڵاتانە.

لە دونیای ئەمڕۆدا ، ژمارەی مەدالیاکانی ئۆڵۆمپیاد و جامی جیهانییەکان، وێنەیەکە لەسەر هێزی ئابووری وسیاسی و خۆدەرخستنی ووڵاتەزلهێزەکانی جیهان لە قۆناغەکانی پێشکەوتن و گەشەپێدانیاندا. بە شێوەیەک کە ڕووبەری وەرزشی دادەنرێت بە یەکێک لە نیشانەکان و پێوەرەکانی گەشەی ووڵاتان و لەلایەنی سیاسیشەوە، یەکێکە لە پیشە خۆشەویست و بەرجەستەکان، کە سیاسەتمەدارەکان گرنگی وتێڕوانینێکی تایبەتیان بۆی هەیە.

کاریگەری وەرزش لە جیهانی ئەمڕۆدا، بە شێوەیەکە کە ووڵاتانی ئەندامی فیدراسیۆنی جیهای تۆپی پێ ( فیفا Fifa ) ، لەوڵاتانی ئەندام لەنەتەوەیەکگرتووەکان زیاتربێت.

 پێناسەی ئابووری وەرزش

ئابووری وەرزش، بەهۆی بەکارهێنانی تیۆرییەئابوریەکان، بۆ شیکردنەوەی چالاکییەوەرزشییەکان ناوزەند دەکرێت، یان بە شێوەیەکی ووردتر، ئابووری وەرزش، هەڵدەستێ بە هەڵسەنگاندنی بابەت و شێوەکانی تایبەتمەندکردنی نموونەیی سەرچاوەکان لەهەر سێ کەرتی ئەدای وەرزش، بەرهەمەکانی وەرزش و گەشەپێدانی وەرزشی.

پیشەی وەرزش، بەکۆمەڵەچالاکییەکی پەیوەندیدار بەبەرهەم و ئاڵوگۆڕو بازاڕگەری کاڵاو خزمەتگوزارییەکان دەوترێت، کە ڕۆڵی هەبێت لە بەرزبوونەوەی بەهای زیادکراو.

پشکی وەرزش لە بوودجەی خێزانەکان و خەرجییەکانی حکوومەتدا

وەرزش، بە گشتی لەوڵاتەپێشکەوتووەکاندا، پشکێکی بەرچاو و دیاری هەیە لە خەرجیەکانی خێزاندا، لەچەند دەیەی ڕابردووشدا، لەو وڵاتانەشی کەلە ڕێڕەوەی پێشکەوتندا بوون، پشکی وەرزش لە خەرجییەکانی خێزان و بودجەی دەوڵەتدا زیادی کردوە، کەئەمەش نیشانەیەکە بۆ حەزوویستی تاکەکەسەکان بۆ وەرزش و بەرەوپیرەوەچوونی.

ئەوەش هەیە کەهەندێ وای دادەنێن، کەوەرزش هۆکارێکە بۆ جووڵەی ووڵاتان و نەتەوەکان، بۆ گەیشتن بەرەو ڕێڕەوی بەجیهانیبوون وهەروەها بە هۆکارێکی گرنگی دادەنێن بۆ دروستبوونی گۆڕانکاری لە کلتووردا، زیاتریش داوای زیاتربوونی پشکی وەرزش دەکەن، لە خەرجییەحکومیەکاندا وپشتگیریکردنی حکومەت لەکەرتی تایبەت.

ووڵاتان بە هۆی بەشە جۆراوجۆرەکانی وەرزشەوە، دەتوانن بازاڕێکی ناوخۆیی باش برەو پێ بدەن لە کاڵاو شمەک و خزمەتگوزاری وەرزشی، وفراوانکردنی پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی بەرهەمەوەرزشییەکان، لەکۆگاو دوکان و ناوەندە وەرزشییەکاندا، کەئەمەش بۆخۆی پشکێکی سەرەکی هەیە لەخستنەسەرکاری کۆمەڵە کەسانێک و دروستبونی بژێوی ئابووری بۆیان لە کۆمەڵگادا.

زۆرجار هەر ئەم پیشەو بەرهەمەوەرزشییانەیە، کەکار دەکاتە سەردروستبوونی بازاڕێکی فراوانی ناوخۆیی و بەدەستهێنانی پشکێکی باش لەداهاتی ناوخۆیی بۆ ئابوری ناوچەیی.

هەروەها بە هۆی بازرگانی نێودەوڵەتی لەکاڵاجیاوازەکانی وەرزشیدا، وبڵاوبونەوەی بە جیهاندا، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەشێک لە داهاتی ووڵاتان.

لایەنێکی تری وەرزش، بوونی یاریزانان و ڕاهێنەران و دەستەی تیمی ئیدارییە، کەهەر یەکەیان بە نۆرەی خۆی بە هۆی کڕین و فرۆشتنەهاوینە و زستانەییەکانی خولە جیهانییەکانەوە، بازاڕێکی کڕین و فرۆشتنی گەرمی لە ناوەندی ئابووری ووڵاتاندا دروست کردووە، لەڕووی بەدەستهێنانی داهات وخستنەسەرکاری کەسانی جیاوازو پسپۆڕ لەو بوارانەدا.

ئەنجامدانی یارییەجیاوازەکانی ئۆڵۆمپیاد و جامی جیهانی و جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، هەروەها جامی کیشوەرەکانی تری جیهان و جگە لەوەش خولەجیاوازەکانی سەرجەم بوارە وەرزشییەکان لەگشت وڵاتانی جیهاندا، بۆنمونە جامی جیهانی تۆپی پێ، کاتێک کە میوانداری کردنی ئەو جامە دەدرێت بە وڵاتێک، بەپێی یاساکانی فیفا لەو وڵاتە مۆندیال بەرپا دەکرێت، لێرەدا وڵاتی میواندار، ڕاستە کەخەرجییەکی زۆر دەکەوێتە ئەستۆی بۆ میوانداریکردنی جامەکە، بەڵام بەهۆی ژمارەی زۆری میوانەئەندامەکان و جەماوەری تییپەکان و وەرزش دۆستانەوە، ژمارەیەکی ئێجگار زۆر بلیتی یارییەکان دەفرۆشرێت، کەلە جێی خۆیدا داهاتێکە بۆ ئەو ووڵاتە.

جگەلەوەش به هۆی بەشداری ووڵاتان لەو جامە، دەبێتەهۆی بەدەستهێنانی داهاتێکی باش بۆ ئەو ووڵاتە، لە لایەنەکانی ( کڕینی بلیت و کرێی هۆتێل و میوانخانەو ڕێستۆرانت و بازاڕو شوێنە گەشتیارییەکان ). بۆ نمونە جامی جیهانی 2018 کەلەڕووسیا ئەنجامدرا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجومەنی گەشتیارانی ڕووسیا ڕایگەیاند، کەبەپێی ڕاگەیەنراوی کۆمیتەی جێبەجێکردنی کێبەرکێکانی جامی جیهانی 2018، بەهۆی جێبجێکردنی یارییەکانی جامەکەوە توانیویەتی زیاتر لە ( 180) ملیار ڕوبڵ واتە (13.5) ملیار دۆلار، بەدەست بهێنێت و یارمەتی داهاتی نەتەوەیی ڕوسیای داوە، کەلەو پشکەدا تەنها که رتی گەشتیاری بە درێژایی ماوەی جامەکە لە نێوانی ( 40 بۆ 70) ملیار ڕوبڵ، دەرامەتی بۆ ووڵات بەدەست هێناوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە تێچووی ڕووسیا بۆ مۆندیال (11ملیارو 600 ملیۆن دۆلار) بووە. دیسان جێبەجێکردنی ئەم جامە بووەتەهۆی درووستبوونی هەلی کار بۆ نزیکەی (220)هەزارکەس. هەروەها فیفا بە هۆی جێبەجێکردنی جامی جیهانی تۆپی پێی 2018لەڕووسیا، نزیکەی(5.5) ملیار دۆلاری دەسکەوتووە.

ئەمەش بە گوێرەی زانیاری سایتی ڕەسمی فیفایە. هەروەها مۆندیالی قەتەری2022 بەگوێرەی ئامارەکان وا دەرخراوە کەوڵاتی قەتەر 220 ملیار دۆلار خەرجی ئەم جامەی کردوە و بە پێی لێدوانەکانی "ناصر الخاطر" (بەڕێوەبەری کۆمیتەی باڵای پرۆژەکان و میراتی جامی جیهانی 2022)،ئاماژەی بەوە دا کە قەتەر دەتوانێت نزیکەی 6 ملیار دۆلار بە دەست بهێنێت.

ئەمەلەکاتێکدایە کە کەرتی وەرزشی لە کوردستاندا بە داخەوە، بەڕێژەیەکی زۆرزۆرکەمیش بێت،بەشدارنەبوە لە بەدەستهێنانی داهات بۆ تاکەکان وەکو پیشەیەکی سەرەکیان و ڕۆڵیش نەبووە لە داهاتی وڵاتدا.

لایەنە جیاوازەکانی ئابووری وەرزش

1- دروستکردنی هەلی کاری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ

2- بەرهەمهێنانی کاڵاکان، تەواوکەری خۆراکی وەرزشی.

3- ناردنە دەرەوەی کاڵاو خزمەتگوزاری وەرزشی ( بازرگانی نێودەوڵەتی )

4- درەوشانەوەی گەشتیاری و گەشەو فراوانبونی بازاڕە نێوخۆییەکان، لە ڕێگەی ڕوداوە وەرزشییەکانەوە.

5- ڕێکلامەکان، بڵاوکراوەکان و مافی پەخشی تەلەفزیۆنی.

6- بونیادنان و دروستکردنی دامەزراوەو توانا فراوانە وەرزشییەکان.

7- بابەتە کلتووری و ئەمنییەکان.

8- زۆربوونی خۆشگوزەرانی گشتی و سەرمایەی کۆمەڵایەتی و مرۆیی کۆمەڵگادا.

9- مەدالیا بەدەستهاتوەکانی ئۆڵۆمپیاد، کە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی ناوبانگ و کێبەرکێی نێودەوڵەتی ووڵاتان. کەواتە ئابووری و وەرزش لەم ڕۆژەدا، پەیوەندییەکی پتەویان پێکەوە هەیە و هۆکارێکی سەرەکی بەدەستهێنانی دارایی ووڵاتانن.  



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP