دواین هەواڵ

کوردستان‌

 25/09/2022

وادەی دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلول ڕاگەیەنرا

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی دیاریکرد و بەپێی زانیارییەکان لە 2ی مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری رۆژی 2ی تشرینی یەکەمی وەکو یەکەم رۆژی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول دیاریکردووە.
دیاریکردنی رۆژی دابەشکردنی مووچە دوای کۆبوونەوەی تیمێکی ئەنجوومەنی وەزیران دێت لەگەڵ بەڕێوەبەری خەزێنەکان و ژمێریاریی وەزارەتی دارایی بۆ ئەو مەبەستە.

هاوکات بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە وەزارەتی داراییەوە بە میدیاکان دراون، پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بەردەستە.
رۆژی 30ی ئابی 2022 وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئابی بڵاوکردەوە و پێنجشەممە 1ی ئەیلوول دەست بە دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە کرا.

لە هەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچەخۆر هەن، 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP