دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 24/09/2022

لە سەرەتای خوێندندا زۆر خانەوادە گیرۆدەی ئەم کێشەیەن؟

د.جەعفەر عومەر- پزیشکی پسپۆڕی دەروونی 

ساڵانە چەندین قوتابی لە سەرەتای خوؽندنیان ناچنە خوێندنگە بەم هۆیەوە.

ئەگەر منداڵەکەت یان کەسێکت ئەم کێشەی هەیە ئاگاداریبکەوە کە دەتوانێت هاوکاری وەربگرؽت.

پەشێوی دڵەڕاوکێی جیابونەوە
Separation anxiety disorder

دڵەڕاوکێی یەکێکە لە هەڵچونە سەرەکییەکانی مرۆڤ، دڵەڕاوکێی دابڕان جۆرێکی تایبەتە کە تیاییدا تاک ترسی هەیە لە دابڕان و جیابوونەوە لەو کەسانەی کە هۆگری بۆیان دروستبووە وەکو دایباب! ئەم دڵەڕاوکێیە هەتا تەمەنی سێ ساڵی ئاساییە ئەگەر منداڵ هەیبێت، بەڵام لە دوای ئەو تەمەنەوە بە نائاسیی دادەندرێت و ئەگەر نیشانەکانی دەرکەوتن و کاریکردە سەر ژیانی کەسەکە دەبێتە نەخۆشی دەروونی! لەم پۆستەدا باسی ئەم جۆرە نەخۆشییە دەکەین لە منداڵاندا.

ئەم نەخۆشییە لە هەموو تەمەنێکدا دەردەکەوێت، لە منداڵی، نەوجەوانی و گەورەیی! بەڵام لە منداڵاندا ڕێژەکەی زیاترە و بە نزیکەیی (٪٤) منداڵان ئەم کێشەیان هەیە.

نیشانەکان:

نیشانەکانی کە لە خوارەوە هاتوون دروستدەبن کاتی جیابوونەوەی منداڵ لە دایباب! ئەمەشی بە هۆی ترسی لەدەستدانی دایبابەوە دەبێت و بەردەوام لە دڵەڕاوکێدایە سەبارەت بە لەدەستدانی یەکێکیان.

بۆنمونە منداڵەکە کاتێک کە سەرەتا دەچێتە دایەنگە یان باخچەی ساوایان، یان لەکاتی بەجێهێشتنی لە لای کەسانی تر، یاخود بە چوونە قوتابخانەی نوێ، ... توشی نیشانەکان دەبێت، بە مەبەستی مانەوە لەگەڵ دایباب یان بەهۆی ترسی لەدەستدانی دایباب. بەگشتی نیشانەکان ئەم دوو گروپەن:

- نیشانە رەفتارییەکان؛ وەکو گریان و وڕکگرتن، خۆهەڵواسین بە دایبابدا، نارەزایی دەربرین لەسەر جیابونەوە، رەتکردنەوەی چونە قوتابخانە، خۆتەڕکردن.

- نیشانە جەستەییەکان؛ وەکو سەرئێشە، سکئێشە، بورانەوە، سەرسوکبوون، گێژبوون، خەونی ناخۆش و نارەحەتی خەوتن، دڵتێکهەڵاتن و رشانەوە، نەوباتی تۆقین.

بە کورتی کەسەکە پاش جیابوونەوە یان بەهۆی بیرکردنەوە لە جیابوونەوە لە دایباب توشی بەشێک لەو نیشانانە دەبێت.

چارەسەر!

ئامانجی چارەسەر بریتییە لە؛ کەمکردنەوەی دڵەراوکێ لای منداڵ و گەشەپێدانی هەستی سەلامەتی لە لای خێزان و منداڵ. چارەسەری ئەم گرفتە پرۆسەیەکی پێکەوەیی و لێکدراوە لە نێوان (چارەسەرکار، خێزان، قوتابخانە)، هەریەکە لەو لایەنانە ئەرکی جیاواز بەخۆیان هەیە:

قوتابخانە:

ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەیە، لە ڕێگەی ڕێنماییکاری پەروەردەییەوە جێبەجێدەکرێت، بەگشتی پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت:

- ڕەخساندنی دۆخێک کە هەستی ئارامی دروستبکات لای منداڵ.

- تێگەشتنی مامۆستایان لە پەشێوی دڵەراوکێی جیابونەوە.

- هانی منداڵ بدرێت کە ئەزمونی نوێ تاقیبکاتەوە و بەردەوام چاودێری بکرێت.

- هەماهەنگی لەگەڵ خێزان بکرێت.

دایباب:

ئەم کارانە دەتوانن بکەن:

- پشتیوانی و دڵنیایی پێدان بە منداڵ.

- هاندانی منداڵ بۆ ئەنجامدانی بەرپرسیارییەتییەکانی سەرشانی.

- هەماهەنگی لەگەڵ چارەسەرکار و قوتابخانە.

- فێربوونی چۆنییەتی مامەڵە لەگەل دڵەراوکێدا.

چارەسەرکار:
چارەسەرکاری دەروونی دەتوانێت بەشێوەی ڕاهێنانی ڕەفتاری و هزری هاوکاری منداڵ بکات لە کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و پلانی چارەسەریدا. دەگونجێت ڕینماییکاری پەروەردەیی خوێندنگە ئەم کارە بکات.

لەکاتی توندبوونی حاڵەتەکەدا و بۆ نەهێشتنی نیشانەکان و لێکەوتەکانی، پێویستە پیشانی پزیشکی دەروونی بدرێت و چارەسەری دەرمانی بۆ ماوەیەک بدرێتە منداڵەکە.

ئەم بابەت بۆ؟

لە سەرەتای دەستپێکی خوێندنەوە ئەم گرفتە زۆر بڵاوە و زۆرجار بە هەڵە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت! بەوهیوایەی خێزانەکان بتوانن مامەڵەیەکی زانستی و دروستی لەگەڵ بکەن!



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP