دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 1 هەفتە

بۆ پشتیوانی لەخۆپیشاندەرانی ئێران ئەمەریكا بەشێك لەسزاكانی بواری تەكنەلۆژیای ئێرانی هەڵگرت

هەرێم نیوز 

لەپێناو دەست راگەیشتنی هاوڵاتیانی ئێران بە تۆرەكانی ئینتەرنێت ئەمەریكا بریاریدا بەهەڵگرتنی بەشێك لە سزاكانی بواری تەكنەلەۆژیا لەسەر ئەو وڵاتە.

یاریده‌ده‌ری وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئیداره‌ی وڵاته‌كه‌ی ره‌زامه‌ندی نیشانداوه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی به‌شێك له‌ سزاكانی سه‌ر ئێران له‌ بواری هاورده‌كرنی ته‌كنه‌لۆژیا و  ئامانجی بریارەكەش بۆبە دەست گه‌یشتنی هاوڵاتیانی ئێرانە به‌ خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێت.

راشیگەیاندوە، تاران له‌رێگه‌ی سنوورداركردنی ئینته‌رنێته‌وه‌، هه‌وڵده‌دات رێگری بكات جیهان ئاگاداربێت له‌و هه‌ڵمه‌ته‌‌ توندوتیژه‌ی له‌دژی خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ی هاووڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی ده‌ستیپێكردووه‌.

ئاماژەی بەوەشكردوە، به‌گوێره‌ی ئه‌و بریاره‌ نوێیه‌ی ئیداره‌ی واشنتن، رێگه‌ به‌ كۆمپانیاكانی بواری ته‌كنه‌لۆژیا ده‌درێت، خزمه‌تگوزاری هێڵی ئینته‌رنێت فراوان بكه‌ن تاوه‌كو بۆ هه‌موو هاووڵاتیانی ئێرانی به‌رده‌ست بێت، به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانه‌وه‌، له‌لایه‌ن تارانه‌وه‌ به‌كارهێنانی هێڵی ئینته‌رنێت سنوورداكراوه‌.

ئەم بریارەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لەكاتێكدایە لەچەند رۆژی رابردوودا ئیلۆن ماسك، خاوه‌نی كۆمپانیای ستارلینك  رایگەیاندبوو ، ئاماده‌یه‌ خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێت له‌رێگه‌ی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانه‌وه‌ بگه‌یه‌نێته‌ ناوچه‌كانی ئێران كه‌ به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانه‌وه‌، حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ هێڵی ئینته‌رنێتی تێدا سنوورداركردووه‌.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP