دواین هەواڵ

عێراق‌

 پێش 1 هەفتە

مستەفا کازمی لەگەڵ سکرتێری گشتی ناتۆ کۆبووەوە

هەرێم نیوز

مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ سكرتێری گشتیی رێكخراوی "ناتۆ" كۆبووەوە، هه‌ردولا خواستی هاوبه‌شیان بۆ به‌رده‌وامبون و فراوانكردنی هاوكارییه‌كان و چه‌سپاندنی ئاسایش و ئاڵوگۆڕی زانیاری و پاڵپشتیكردنی هه‌وڵه‌كانی عێراق دوپاتكرده‌وه‌.

نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی مستەفا کازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق په‌راوێزی به‌شداریكردن له‌ كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ نیویۆرك له‌گه‌ڵ ینس ستۆڵتنبێرگ سكرتێری گشتی ڕێكخراوی په‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) كۆبۆوه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا پێداچونه‌وه‌ به‌ هه‌وڵه‌كانی هێزه‌ عێراقییه‌كان كرا له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر و پاشماوه‌كانی، هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی به‌ده‌ستیان هێناون، ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌رێنی له‌سه‌ر چه‌سپاندنی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌دا هه‌بوه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی ڕێگاكانی به‌رزكردنه‌وه‌ی هاریكاریی ئه‌منی و سه‌ربازیی نێوان عێراق و وڵاتانی ناتۆ كرا، كه‌ له‌ئێستادا هاوكاری هێزه‌كانی عێراق له‌ بواری مه‌شق و ڕاهێنان و ڕاوێژكاری ده‌كه‌ن.

هه‌ردولا خواستی هاوبه‌شیان بۆ به‌رده‌وامبون و فراوانكردنی هاوكارییه‌كان و چه‌سپاندنی ئاسایش و ئاڵوگۆڕی زانیاری و پاڵپشتیكردنی هه‌وڵه‌كانی عێراق دوپاتكرده‌وه‌، به‌ئامانجی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئارامی له‌ ناوچه‌كه‌.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP