دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 1 هەفتە

ترس لەپرچ، ترسە لە دەنگی ئازادیخوازیی

مەهسا ناوە دەوڵەتییەکەی ئەو کیژۆڵە ڕۆژهەڵاتیەیە کە هەمووانی هێنایە سەرهێڵ، بەجۆرێک هەمووان هەست دەکەن کێشەی پۆلیسی ئاکار لە هەموو کێشەکان گەورەترە، ئەوان ئابڵۆقەی ئابوورییان لەسەرە، بەڵام نە بازاڕیان پەکی کەوتوە و نە کارو کەسابەتیان واز لێهێناوە، ئێرانییەکان کەمی نانی سەر سفرەکانیان بەئەندازەی مردنی ژینا نەیهژاندوون..

تارانییەکان دەنوسن لە تارانەوە تاسەقز، نەفرەت لە پۆلیسی ئاکار، ئەسفەهانییەکان دەڵێن ژینای کورد دڵمان لاتە و تاسەر ئێسقان دژی قۆرغکردنی ئازادیین، شیرازییەکان دەبێژن لێرەوە تا سەقزی کوردان دڵمان لای ژینایە...

لەگەڵ ئەوەشدا لە شارە کوردییەکانی ڕۆژ هەڵات ڕوداوەکە هێندە کاریگەریی هەبووە بۆ هاوخەمی ڕوداوەکە بازاڕ داخرا، نیگەرانی دەربڕا، خەڵک جۆرێک توڕەبوون کە سەرۆک کوماری وڵات بێنێتە سەرخەت و بەناچاری قسە لەگەڵ باوکیدا بکات، كوشتنی ژینا هێندە دەسەڵاتدارانی شپرزکردووە کە پەیامی جۆراوجۆریان هەبێت، نەخۆشخانە پەیام بسڕێتەوە، هۆکاری مردنی دەستنیشان نەکات، لەگەڵ ئەوانەشدا زۆرینەی خەڵکی ناوداری ئێرانی بە کورد و فارس و تورک و بەلوچیەوە هاوخەمی بۆ کورد و بنەماڵەی ژینا دەرببڕن...

لە باشوری کوردستان کوشتنی ژینا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاند، تاسێک خەڵکی داگرت دەتگوت هەرماڵێک وژینایەکی لێڕۆشتووە...

لە باکوری کوردستان هاوخەمییەک بۆ بنەماڵەی ژینا هەیە کە دەڵێی ژینا کچی ئەوان بوە... ژینا تا ڕۆژێک بەر لە ڕوراوەکە هاوڵاتییەکی ئاسایی، کچە شۆخ و شەنگێکی سەقزیی، عاشقی جلی کوردیی، بە چەپکە گوڵێکەوە دەچێێتە سەر گۆڕی حەسەن زیرەک...بۆخۆی دەژی و گوڵاڵە سورەی نێو خێزانەکەیەتی و هیچی تر..

ژیانکردنی ژینا سەرنجی کەسی بۆخۆی ڕانەکێشا، بەڵام مردنەکەی بوە خەمی هەموان، کە تائێستا هیچ مردنێک ئاوا هەمووانی یەک نەخستوە، بەجۆرێك مەسعود بارزانی بەتەلەفۆن هاوخەمی لەگەڵ باوكی ژینا دەرببڕێ و لەباكوریش هەدەپە پەیامی هەبێت و سەرجەم میدیاکانی كوردستانیش هاوڕابن لەسەر پشتگیریی کردنی.

مەرگی ژینا ئاوی كردە ژێرپێی ڕژێمێک کە لە دەرخستنی پرچی ژنان بترسێت و بیەوێت بەزۆر سەریان دابپۆشێت، هەربۆیە لەکاردانەوەکاندا، زۆرێک لە ژنان پرچی خۆیان بڕیی ، لەچکەکانیان فڕێداو نەفرەتیان لە پۆلیسێک کرد کە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەخلاقی خەڵک دانرابێت...

هێشتا ڕوون نییە دەسەڵاتی زۆرە ملێی ئێران تاکوێ بڕدەکات و لەکوێشدا پەتی ستەمی ئەستوردەبێت و دەپچڕێت، چون کوردەواریی دەمێکە گوتویانە(هەموو پەتێک لە باریکیدا دەپجڕێت، بەڵام پەتی ستەم لە ئەستورییدا).

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP