دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 1 هەفتە

سه‌رۆ قادر: هه‌ر كات ده‌رفه‌ت به‌ كورد بدرێت له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق جیا ده‌بێته‌وه‌

 محه‌مه‌د جه‌مال – هه‌ولێر

سه‌رۆكی ئینستیتۆتی توێژینه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان دەڵێت، هه‌موواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق كارێكی  ئاسان نیيه‌ و كوردیش هه‌ر كات ده‌رفه‌تی پێ بدرێت له‌گه‌ڵ عێراق جیا ده‌بێته‌وه‌.

سه‌رۆ قادر، سه‌رۆكی ئینستیتۆتی توێژینه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان له‌ دیدارێكی تایبه‌ت بۆ هه‌رێم نیوز ڕایگه‌یاند، هه‌موواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق كارێكی ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نیه‌، چونكه‌ كه‌مێك وشك و داخراوه‌ و وا به‌ ئاسانی ده‌ستكاری ناكرێت، هه‌روه‌ها به‌ نسبه‌ت هه‌رێمی كوردستان ده‌ستوورێكی باشه‌، بۆیه‌ هه‌ر چۆنێك جێبه‌جێ بكرێت، مافی كورد و شیعه‌ و سوننه‌ دابین ده‌كات.

وتیشی، ئه‌گه‌ر ده‌ستوور هه‌موواربكرێته‌وه‌، ده‌بێت شاره‌زایانی یاسایی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی زۆر به‌ وردییه‌وه‌ ده‌ستكاری بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ی له‌ ده‌ستووره‌كه‌ دایه‌ تێكنه‌شكێت، ئه‌گه‌ر تێكبشكێت ئێمه‌ی كورد زه‌ره‌ر ده‌كه‌ین، چونكه‌ ئه‌و ده‌ستووره‌، ده‌ستووری كورده‌ و عه‌ره‌ب خۆیشی ده‌ڵێت،" ئه‌مه‌ ده‌ستووری كورده‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستووره‌ كاتی خۆی له‌ ماڵی سه‌رۆك بارزانی له‌ به‌غدا نووسراوه‌ته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ پرسی كۆنفیدراڵی و جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له ‌ئه‌گه‌ری ده‌ستكاریكردنی ده‌ستوور، سه‌رۆ قادر ده‌ڵێت، هه‌ر كات ده‌رفه‌ت به‌ كورد بدرێت، له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق جیا ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێت جیابوونه‌وه‌یه‌كی ئاشتییانه‌ بێت و له‌هه‌مان كاتدا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانمان بێت، به‌ڵام تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ عێراق ده‌مێنینه‌وه‌، ده‌بێت عێراقێكی باش به‌لای خۆمانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ین، هه‌روه‌ها هه‌وڵێكی باش بده‌ین بۆئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی پشتیوانی عێراق له‌ داهات و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی و له‌ پرسی سه‌روه‌ری بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕابكێشین، به‌م شێوه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت جێگه‌ی خۆی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بكاته‌وه‌ و ده‌كرێ كاری بازگانی و پیشه‌سازییه‌كه‌یشی پێش بخات.

سه‌رۆكی ئینستیتۆتی توێژینه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان دەربارەی كێشه‌كانی نێوان سه‌درییه‌كان و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رونی دەكاتەوە،" ئه‌و كێشانه‌ی له‌نێوان ئه‌م دوو هێزه‌ سیاسییه‌ دا هه‌یه‌، هیچیان له‌سه‌ر بنه‌مای مۆدێلی جیاواز نیه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر كێبڕكێیه‌ بۆئه‌وه‌ی حوكمێكی فاشیل به‌ڕێوه‌ببه‌ن، له‌ ده‌ره‌نجامیشدا ده‌ركه‌وت هه‌ردوولایان له‌ژێر ڕكێفی ئێران دان، بۆیه‌ هیچ ئاسۆیه‌ك نیه‌ كه‌ عێراق سه‌قامگیر بێت، هه‌روه‌ها تاكه‌ ده‌رفه‌تیش بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆئه‌وه‌ی هه‌م له‌ ناوخۆی كوردستان یه‌كگرتوو بێت و هه‌م له‌ به‌غدا ڕۆڵێكی باش ببینێت، له‌هه‌مان كاتدا عێراق سودێك له‌ كورد وه‌ربگرێت، به‌و مانایه‌ی كورد به‌شێكه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق، ده‌بێت به‌شێكی باش و به‌هێز و به‌رهه‌مهێنه‌ر بێت و نابێت به‌شێكی فه‌وزه‌وی تێكده‌ر بێ، چونكه‌ تێكدانی عێراق له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌، تێكدانی حكومه‌تی خۆمان و تێكدانی سه‌رچاوه‌كانی دارایی و یاسایی و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌دا.

دەشڵێت:" ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو لایه‌نه‌ بیانه‌وێت جارێكی تر له‌سه‌ر یه‌ك مێزی گفتوگۆ دابنیشنه‌وه‌، به‌ڵێ بێگومان هه‌رده‌م به‌یه‌كه‌وه‌ داده‌نیشن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ ساڵه‌های ساڵه‌ شه‌ڕ ده‌كه‌ن له‌ دژی یه‌كتر، دواتر كه‌ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانیان، جارێكی تر له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ داده‌نیشنه‌وه‌ و پێكدین."

دەربارەی بریاری موقتەدا سەدریش بۆ دوركەوتنەوە لەكاری سیاسی سەرۆقادر دەڵێت، ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌ی سه‌در كردی، پاشه‌كشه‌یه‌كی گشتی بوو، چونكه‌ ئه‌و به‌ته‌واوی وازی له‌ سیاسه‌ت هێنا، به‌ڵام له‌ كرده‌وه‌دا جه‌ماوه‌ر و سه‌نگی هه‌ر ماوه‌.

باسی لەوەشكرد، به‌رپابوونی شه‌ڕ لەعێراق  له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێران نییە و ئێران به‌هیچ شێویه‌ك  ڕێگه‌ نادات شه‌ڕ ڕوو بدات، به‌ڵام ئاماده‌ه‌یی شه‌ڕیش له‌نێو هێزه‌كانی دژ به‌یه‌كی عێراقی دا هه‌یه‌.

دەربارەی به‌ شێك له‌ نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا كه‌ هه‌میشه‌ وتاره‌كانیان له‌ دژی هه‌رێمی كوردستانه‌ و داوا ده‌كه‌ن هه‌رێم ته‌واوی مەله‌فی نه‌وت ڕاده‌ستی به‌غدا بكات، سه‌رۆكی ئنستیتۆتی توێژینه‌وه‌ وگه‌شه‌پێدان وتی،" كاتێك له‌نێو هه‌رێمی كوردستان دا ناته‌بایی هه‌بێت و نوێنه‌رانی كوردیش له‌ به‌غدا هیچ كه‌سێك سه‌ركردایه‌تییان نه‌كات و به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی كۆیان نه‌كاته‌وه‌، ده‌رفه‌ت بۆ ده‌ستێوه‌ردانی عێراقی و ده‌ره‌كی كه‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر بن دروست ده‌بێ، هه‌ر كاتێكیش ڕێگه‌ بۆ ده‌ستێوه‌ردان كرایه‌وه‌ له‌ هه‌موو پۆسته‌كان كه‌سانی وا كه‌ پشت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نیشتیمان ده‌كه‌ن، په‌یدا ده‌بن، ئه‌مه‌ش كارێكی چاوه‌ڕوانكراو ده‌بێت.

دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و په‌رتو بڵاوییه‌ وای كردووه‌ هه‌ندێك كه‌س له‌سه‌ر شه‌پۆڵه‌كانی شه‌قام كه‌ پێی ده‌وترێت "پۆپۆلیزم" بێنه‌ په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها ئه‌مانه‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌كی سیاسییان نیه‌ و ئاستی ئاگایی سیاسییان تێكه‌ڵ به‌ ئاگایی شه‌قام بووه‌، له‌م حاڵه‌ته‌دا هه‌موو شتێكیان لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێـت، هه‌ر له‌ خیانه‌ته‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ هاوكاریكردنی عێراق و ئاستی چۆك پێدادان و ته‌نازول پێكردن هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر ناوه‌ند دا، ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ش نمونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و ورده‌ ورده‌ كۆتاییان پێ دێ و كه‌م ده‌بنه‌وه‌.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP