دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 1 هەفتە

ئەردۆگان سیمبوڵی ئیمبراتۆریەتى لەمێژینە؛ یان داتەپێنەرى ئابوری تورکیا؟

لە ئێستادا و ماوەى چەند ساڵێکیشە، قەیرانە ئابورییەکانى تورکیا بەجۆرێکە کاریگەری کردوەتە سەر تاک بەتاکی وڵات، تا ئەو ڕادەیەى بەشێک لە شارەزایانی ئابوری باس لەوە دەکەن تورکیاى خستوەتە بەردەم هەڕەشەیەکی جدی و هەندێکی دیکەش پێیان وایە دۆخی وڵات کاتییە و کاریگەرى ناخاتە سەر بنەما سەرەکییەکان، بۆچوونى دووەمیان ئەوانەن کە لە دەوڵەتەوە نزیکن.

شارەزایانی سیاسەتەکانى ئەردۆگان باس لەوە دەکەن قەیرانەکان ڕەهەندی جۆراوجۆریان هەیە و پێیان وایە قەیرانەکە پەیوەندی بە بانکی ناوەندی و چۆنیەتى مامەڵەکردنى ئەردۆگان و حیزبەکەیەوە هەیە لە تێروانینیان بۆ سودی بانکی، دانانى ئەو کەسانەى کە لە خۆیەوە نزیکن لە شوێنە هەستیارە ئابورییەکان، کە هەموویان ئایدۆلۆژیاى نەتەوەیی تیفتیفەدەری دۆخەکەن و بونەتە هۆی ئەو هەڵاوسانە ئابورییەى کە لە ماوەى 10 ساڵی رابوردوودا تورکیاى گەیاندوەتە ئاستى داتەپینى ئابوریی.

بەوپێیەى تورکیا شوێنێکی جوگرافی جیاواز و گرنگی هەیە، سنوورەکانی ئاسیا و ئەورووپا بە ڕێگایەکی ئاوی دەبەستێتەوە و دەکەوێتە نێوان رۆژئاوای ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، هاوسنورە لەگەڵ وڵاتانی (سووریا، عێراق، ئێران، یۆنان، گورجستان، بولگاریا، ئەرمەنستان و ئازەربایجان) ، بەمەش پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانى هەمیشە لەبەردەم ئەگەر و نەگەری پێش کەوتن و پاش کەوتندایە، بەو پێیەى دەبێت زۆر بە وریاییەوە هەڵوێستە سیاسییەکانى ڕێکبخات و بەرژەوەندییە ئابورییەکانى لەبەر چاو بگرێت.

بە کۆتایی هاتنى دەسەڵاتى عوسمانیەکان لە ساڵی 1923 ئابووری تورکیا گەشەی بەخۆیەوە بینیوە و پەرژاویەتییە سەر پەرەپێدانى ناوخۆیی و پێشتر زۆرینەى کارو چالاکییەکان بۆ دەرەوە و داگیرکردنى وڵاتانى دیکە خەرج دەکرا، هەر بۆیە سنورى دەوڵەتى عوسمانى هێندە فراوان ببو کە لە رۆژهەڵاتەوە نزیکی مەنگۆلیا و لە رۆژئاواشەوە تا نزیکی پورتوگالیان خستبووە ژێر دەسەڵاتى خۆیانەوە.

دەوڵەتى نوێی تورکیا "سیستمی ئابووری" بە گرنگیدان بە کەرتی تایبەت و دامەزراوە حکوومییەکان، توانی ئابووری لە کەرتی کشتوکاڵییەوە بگوازێتەوە بۆ کەرتی خزمەتگوزای و پیشەسازییەکان و بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و پاڵپشتیکردنی زیاتری کەرتی پیشەسازی و گەشەکرنی خێرای ئەو وڵاتە، ئەو داهاتەی کە بەدەستی دەهێنا لە چاککردنی بەندەر و هێڵە ئاسنینەکان بەکاری دەهێنا، سەرەڕای دامەزراندنی پیشەسازییە گرنگ و سەرەکییەکان، تاکوو ساڵی 1950 تورکیا هیچ پشتگیریی و هاندانێکی لایەنی دەرەکی نەدەکرد بۆ کاری وەبەرهێنان بە هەمان شێوە بازرگانی دەرەکی ڕۆڵی سەرەکی نەبووە لە ئابووریدا.

لەگەڵ ئەوەشدا لە ماوەی ساڵانی نێوان (1975-1980) ئابووری تورکیا ڕووبەڕووی هەڵئاوسانێکی گەورە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری بووەوە لەگەڵ ئەوەشدا کورتهێنان لە بودجەی گشتی ڕوویدا، هەڵئاوسانەکە لە ساڵی 1997 گەشتە (%100) بەهۆی ئەم دۆخەوە داوای هاوکاری و دەستێوەردانی لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کرد، بەمەش توانرا ڕێژەی هەڵئاوسان نزم بکرێتەوە و بەرەوپێشچوونێک لە ئابووری هاتە ئاراوە، قۆناغێکی نوێ دەستیپێکرد تاکوو تورکیا بووەوە یەکێک لە ئابووریە بەهێزەکانی جیهان.

ئابووری تورکیا لە ڕیزبەندی (16)ـە هەمی ئابووری جیهاندایە لە ڕووی گەشەی ڕاستەقینەی کۆی بەرهەمی ناوخۆییەوە بە جۆرێک لە ساڵی 2017دا گەشتە نزیکەی (7.4%) بە بەراورد بە ساڵی 2016 کە گەشتبوویە (3.2%)، ئابووری تورکیا لە ڕیزبەندی (57)ـەمی ئابووری جیهاندایە لە ڕووی کۆی داهاتی خەزنکراوی نیشتیمانییەوە و ڕێژەی (25.2%)ی بەرهەمی ناوخۆی پێکدەهێنێت، داهاتی تاکە کەسی لە ساڵی 2017 بەرزبوویەوە بۆ (27هەزار دۆلار).

پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ؛ سەرەڕای هەموو ئەو بنەما ئابورییانەى کە وڵاتى تورکیا هەیەتى بۆچى لە سایەى دەسەڵاتى (پارتى دادوگەشپێدان و سەرۆکەکەیدا) بەهاى دراوەکەى هێندە خراپە کە گەشتوەتە لێواری کەوتنە خوارەوە، کەچى هێشتا لە پەلامار و هاشاوڵ بردن بۆ وڵاتان و هەڵکوتانە سەر نەیارەکانى درێغی ناکات، وەک شارەزایان ئابوریش باسی دەکەن، ئەوەى تورکیاى ئێستا لە دەرەوەى وڵاتەکەى و لە جەنگی نەیارەکانیدا خەرجی دەکات، ئەگەر لەوڵاتەکەی خۆیدا خەرجی بکات، نەک هەر ئابورییەکەى دەبوژێتەوە، بەڵکو دەبێتە یەکێک لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانى ناوچەکە، پێدەچێت وەڵامەکە هێندە ئاسان نەبێت،

بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەجێنداى ئەردۆگان و حیزبەکەى ئەوا نزیکمان دەکاتەوە لە وڵامەکە ئەویش گەڕانەوەیە بۆ خەونى خەلافەت و چونەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتى عوسمانى کەهێندەى بایەخ بە خەرجییەکانی دەرەوە دەدات، هێندە بایەخ بەناوخۆی وڵاتەکەى نادات، هێندە لە بیری فتوحات و داگیرکاریدایە هێندە لە بیری ئاوەدانی ناوخۆییدا نییە و لەنێوان نمونەى (چینی و ئێرانی) دا نمونەى ئێرانى وەرگرتوە کە ئەویش هێندەى چاوی لەسەر دەرەوەى وڵاتەکەیەتى هێندە چاوی لەسەر گیرفانی هاوڵاتیانى خۆی نییە.

لەنێوان بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی وزەی جیهانی لە بەهاری ئەمساڵدا لەدوای شەڕی نیوان ڕوسیا و ئۆکراین، تێكڕای كۆی هاوردەكردنی وزەی تورکیا لە ٣ بۆ ٤ ملیار دۆلارەوە لە مانگێكدا بۆ ٧بۆ ٨ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، بەڵام کەمبوونەوەی هاوردەکردنی وزە و پەرەپێدانی گەشتوگوزار قەرەبووی ئەمەی نەکردەوە، کورتهێنان بەردەوامە و  جیاوازی نێوان هاوردەکردن و هەناردەکردنی هەموو جۆرە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە لە فراوانبوون.

بەپێی دوایین ئامارەکان، لە مانگی ئایاری ڕابردوودا کورتهێنان ٦ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بووە و ڕەنگە لە پایزدا ئەم ئامارە زیاتر بێت. پێشبینی دەكرێت كورتهێنانی ساڵانە بۆ ساڵی داهاتوو بگاتە ٤٠ ملیار دۆلار و لە ساڵی داهاتوودا دەبێت تورکیا بە گشتی ١٨٢.٤ ملیار دۆلار قەرزی دراوی ڕەق بداتەوە یان پڕبکاتەوە.

بە پێى پێشبینى شارەزایانى تورکیا ؛ لە ١٢ مانگی داهاتوودا لانی کەم پێویستی بە ٢٢٠ ملیار دۆلارە. فاکتەری دیکە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر هاوسەنگی دەرەوەی تورکیاش هەیە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە بەرامبەر بە یۆرۆ. لە کاتێکدا ٥٨.٤٪ی قەرزی دەرەکی و ٧١.٢٪ی هاوردەکردن بە دۆلارە، داهاتی تورکیا لە هەناردەکردن و گەشتیاری بە شێوەیەکی سەرەکی بە یۆرۆیە، لە ئەنجامدا ئەگەر هەموو شتێکی تر یەکسان بێت، کورتهێنانی دەرەکی جارێکی دیکە بەرز دەبێتەوە.

هەربۆیە ئەگەر حکومەت سیاسەتەکانی ئێستای ڕانەگرێت، ئەنجامەکەی وەستانی لەناکاو و دابەزینی بەرچاوی بەرهەمهێنان و قەیرانی قەرزەکان دەبێت، کە دەبێتە هۆی داڕوخانی خێرای قەرزەکان، بۆیە جگە لە هەڵاوسانی زۆر و دابەزینی بەهای دراو، چالاکییە ئابوورییەکان بەرەو وەستان دەڕوات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و بەوەش ئەگەر ئەوە هەیە کێشەى ئابوری سەرى ئەردۆگان و حیزبەکەشى بخوات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP