دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

راپۆرتێکی ئەمریکی داوای پشتیوانیکردنى سەدر دەکات بۆ نەهێشتنى دەسەڵاتى ئێران لە عێراق

هەرێم نیوز

گۆڤارێکی ئەمریکی داوا لە واشنتۆن دەکات، سود لە ناکۆکى نێوان سەدر و لایەنە شیعەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى وەربگرێت و ئەو هەلە  بقۆزێتەوە بە پاڵپشتیکردنى سەدر بەرامبەر بە لاوازکردنى دەسەڵاتى ئێران لە عێراقدا، بەوەى سەدر، هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە حکومەتى داهاتوو، حکومەتێکى عێراقى بێت نەک "نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی.

گۆڤارى ناشناڵ ریڤیو، لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوەی ئێستا روودەدات دەرفەتێکی لەبارە بۆ ئەمریکا بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق لەڕێگەی پاڵپشتییەکی لەسەرخۆ و هێمنانە بۆ جموجۆڵەکانی موقتەدا سەدر سەرکردەی کاریگەری شیعە بە "هاوکاری لەگەڵ سعودیە و ئیمارات".

گۆڤارەكە ئەوەی خستۆتەڕو، كە تاران بە پشتیوانیكردن لە لایەنە شیعەكانی نزیک لە خۆى، لە بەرامبەر ناسیۆنالیزمی موقتەدا سەدر ، هەوڵ دەدات كاریگەری خۆی لە عێراقدا بپارێزێت، بەو پێیەی ئەو خۆی وەك كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەر دەناسێنێت كە بەرگری لە گەلی عێراق و بەرژەوەندی و سەروەری دەكات دوور لە دەستێوەردانی بیانی، بە تایبەت دەستێوەردانی ئێرانى و ڕۆژئاوایى.

هەروەها دەڵێت:  پێدەچێت عێراق لە دڵی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت، بەو پێیەی تاکە وڵاتی ناوچەکەیە کە دوای ئێران زۆرینەیەکی شیعەی بەسەردا زاڵە و خاوەنی یەدەگی نەوتی گەورەیە، جگە لەوەش گرنگە بۆ تاران لەڕووی ئەوەی کە ببێتە دەرچەیەکی پۆتانسێلی هەناردەکردنی نەوتی قاچاخ.

ئاماژەی بەوەشکردوە، کە عێراق بۆ ئێران پردێکی جوگرافییە کە چیای زاگرۆس و دەریای ناوەڕاست بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ڕوونیشیکردەوە کە تاران دەیەوێت وڵاتی دراوسێی لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بهێڵێتەوە ئەگەر هەوڵی ئەوە بدات زلهێزێکی ناوچەیی بێت.

باسى لەوەشکردوە، بەردەوامبوون لەسەر گوشارەکان لەسەر هێزەچەکدارەکانى ئێران لە سوریا، دەبێتە هۆی سنوردارکردنی کاریگەری و دەسەڵاتی ئێران، بەڵام گوشارەکان لەسەری لە عێراقدا دەبێتە "هەڕەشەیەکی کوشندە" بۆ سەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا.

گۆڤارەكە باسی لە ستراتیجی ئەوپەڕی گوشار كردووە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا کاتى خۆى  پەیڕەوى کردبوو، کە کوشتنى قاسم سولەیمانى وەک نمونە هێناوەتەوە، بۆ لاوازکردنى پێگەى ئێران لە عێراقدا.

ئەم گۆڤارە ئەمریکییە باس لەوە دەکات کە تیرۆری قاسم سولەیمانی و سەرۆکی دەستەی کۆکردنەوەی جەماوەریی عێراق، ئەبومەهدی موهەندیس،دەسەڵاتى ئێرانی لە عێراق زۆر کەمکردۆتەوە و بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی وردە وردە و هێواشی پێگەی ستراتیژیی تاران.

لە لایەکى دیکەوە باس لە دابەشبوونە دەکات کە  شیعەکانى گرتۆتەوە ئەویش لە نێوان دڵسۆزی بۆ ئێران و عێراق و دەسەڵاتی قوم و نەجەف، بەوپێیەى ململانێى شیعەکان تا ئەم دواییانە بە شاراوەیى مابووەوە تا ئەو کاتەى سەدر، سەنگەرى لە لایەنەشیعەکانى نزیک لە ئێران  گرت، ئەگەرچى هەر ئێران بەخۆى پشتگیرى لە سەرد کرد لە شەڕى دژ بە داتگیرکارى ئەمریکا لە عێراق، گۆڤارەکە پێیوایە، سەدر، لە روى بیرکردنەوەوە ماکیڤیلى بیردەکاتەوە کە لایەنگەکانیان بەپێى ئەو مەترسیەى ڕوبەڕویان دەبێتەوە دەگۆڕن.

دەشڵێت: دوای سەرهەڵدانی داعش و کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق، موقتەدا سەدر، واز لە هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ ئێران هێنا بۆ ئەوەی خۆی و بزووتنەوەکەی بەرامبەر بە ئێران پێگەى خۆى بەهێز بکات.

نمونەش بۆ ئەمە، ڕوداوەکانى ناوچەى سەوز بوون کە لەم دواییە ڕویاندا ئەویش هێرشکردنە سەر پەرلەمان لەلایەن لایەنگرانی سەدرەوە، دواتریش دامەزراوە حکومییەکان، لەنێویاندا کۆشکی کۆماری و بینای حکومەت، ئەمەش بە ئاشکرا ڕەنگدانەوەى بەهێزى دەسەڵاتى سەدر بوو لە بەرامبەر ئێراندا.

ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەمڕۆ ئێران ناچارە یان "پاشەکشە بکات و هەڵبژاردنی نوێ قبوڵ بکات،  ڕێگە بدات هاوپەیمانی موقتەدا سەدر حکومەتێک پێکبهێنێت، کە ئەمەش کاریگەرییەکانی لە عێراقدا دەخاتە مەترسییەوە، یان دەتوانێت سووڕی توندوتیژی بەرزبکاتەوە و هەوڵی لادانی سەدر بدات"

" پێدەچێت ئێران لەم دۆخەدا گیری خواردبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەدر پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی کەنداو هەیە کە دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت، هەروەها ئەمریکا دەتوانێت ئەو پەیوەندیانە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی پشتگیری بکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا دەتوانێت "لە پشت پەردەوە فشارێکی بێدەنگ بکات بۆ هاندانی ڕەوتى سەدر بەرامبەر داواکارییەکانی ئێراندا و داوای پشتیوانیی ئیمارات و سعودیە بکات بۆ هێزە دژە ئێرانییەکان لە عێراقدا".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP