دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 3 هەفتە

د. ڕێبین سه‌لام: ‌گوتاری خۆڕاده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ به‌غدا سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌ ئیفلاسی سیاسییه‌وه‌ هاتووه

محه‌مه‌د جه‌مال – هه‌ولێر

د. ڕێبین سه‌لام، چاودێری سیاسی له‌ دیمانه‌یه‌كدا بۆ هه‌رێم نیوز باس له‌ بوونی سیسته‌می دیموكراسی وڵاتان و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت" هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هاوچه‌رخ ئه‌گه‌ر ئازادی و دیموكراسی تێیدا فه‌راهه‌م بوو، بابه‌تی ئۆپۆزسیۆن به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی ده‌خوڵقێت، و ده‌ركه‌وتنیشی حاڵه‌تێكی سروشتییه‌، به‌ڵام ده‌رنه‌كه‌وتنی حاڵه‌تێكی ناسروشتییه‌.

هەرێم نیوز: حزبی ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر چ بنه‌ما و پێوه‌رێك دروست ده‌بێت؟

د. ڕێبین سه‌لام: له‌ سیسته‌می دیموكراسیدا بینینی وێنه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كۆمه‌ڵگه‌ یان ئه‌و ده‌سته‌ جه‌معییه‌ی كه‌ ده‌ستی داوه‌ به‌ زۆرینه‌یه‌كی حوكمڕان و هاتۆته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی به‌شێكی لێ جیا ده‌بێته‌وه‌ كه‌ مومكین نیه‌ سه‌رتاپای كۆمه‌ڵگه‌ ده‌نگ به‌یه‌ك جۆر بیركردنه‌وه‌ بدات. هه‌روه‌ها كاتێك كۆمه‌ڵگه‌ ده‌نگ ده‌دات به‌ زۆرینه‌یه‌ك، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ده‌بێته‌ ده‌سه‌ڵاتدار، به‌ڵام له‌ملاوه‌ گرووپێك ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌و گرووپه‌ ده‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن، له‌هه‌مان كاتدا ئه‌و گرووپه‌ی كه‌ دژی ئه‌و جۆره‌ بیركردنه‌وه‌ گشتییه‌ هه‌مه‌ فراوانییه‌ی كه‌ ده‌نگی داوه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتدار، پێی ده‌وترێت ئۆپۆزسیۆن.

هەرێم نیوز:له‌هه‌موو سیسته‌مێكی حوكمڕانی و سیاسیدا ڕێگه‌ به‌ دروست بوونی ئۆپۆزسیۆن ده‌درێت؟

د. ڕێبین سه‌لام: بێگومان له‌ هه‌ندێك وڵات دا بوونی ئۆپۆزسیۆن ڕێگه‌ پێدراوه‌ و له‌هه‌ندێك وڵاتی تر تاكو ئێستاش ڕێگه‌ی پێ نه‌دراوه‌، بۆ نمونه‌ له‌ وڵاتێكی وه‌كو به‌ریتانیا ئۆپۆزسیۆن حاڵه‌تێكی سروشتییه‌ و ده‌بێت هه‌بێت، به‌ڵام له‌ وڵاتانی كه‌نداو قه‌ده‌غه‌یه‌ و نابێت به‌هیچ جۆرێك ئۆپۆزسیۆن هه‌بێت و حزبی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌یه‌ و ڕێگه‌ نه‌دراوه‌ به‌ دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن. له‌شێوه‌ی حوكمڕانی كوردستانیشدا له‌ ساڵی 2009ـه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆنێكی به‌هێز دروست بوو كه‌ سه‌ره‌تا ئومێدێكی گه‌وره‌ هه‌بوو به‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌ ته‌نها بۆ گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات نه‌بێت و ئۆپۆزسیۆنی ڕاسته‌قینه‌ بێت.

هەرێم نیوز:بۆئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنێكی سه‌ركه‌وتوو هه‌بێت پێویست به‌چی ده‌كات؟

د. ڕێبین سه‌لام: گوتاری ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌ر وڵاتێكدا بۆئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنێكی سه‌ركه‌وتوو بێت، ده‌بێ مه‌رجی تێدا بێت، بۆ نمونه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌نده‌ ئه‌كادیمی و پڕ ئامار و به‌ڵگه‌ و زانستییانه‌ بێت، كه‌ بتوانێ ڕای زۆرینه‌ هه‌ره‌ زۆره‌كه‌ی ڕای گشتی كۆمه‌ڵگه‌ بباته‌وه‌.

هەرێم نیوز: ئۆپۆزسیۆن چۆن ده‌توانێ به‌سه‌ركه‌وتوویی چاودێری كاره‌كانی حكومه‌ت بكات؟

د. ڕێبین سه‌لام: چاودێریكردنی كاره‌كانی حكومه‌ت له‌لایه‌ن حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ ‌دوو جۆری هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ چاودێری ناوخۆیی وه‌كو‌ دیوانی چاودێری كه‌ چاودێری وه‌زاره‌ت و ناوخۆیی ده‌كات، هه‌روه‌ها چاودێری سیاسیش، كه‌ بریتییه‌ له‌و حزب و لایه‌نانه‌ی له‌ناو حكومه‌ت دا نین، به‌ڵام له‌ناو په‌رله‌مان دا هه‌ن، كه‌ له‌ ڕێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ چاودێری كاروباره‌كانی حكومه‌تن. كاری په‌رله‌مانیش بریتییه‌ له‌دوو جۆر، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یاسا ده‌ربكات، هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایانه، ئه‌وه‌ش پێی ده‌وترێت چاودێریكردنی سیاسی، بۆیه‌ حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌بێت ڕۆڵی خۆیان له‌م خاڵه‌دا ببینن، به‌ڵام له‌هه‌رێمی كوردستان له‌و كاته‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن هاته‌ كایه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ سه‌كۆی په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ به‌كار ده‌هات كه‌ ده‌نگی زیاتر كۆبكه‌نه‌وه‌، ئێستاش به‌هه‌مان شێوه‌ ئۆپۆزسیۆن كار بۆ هه‌مان ئامانج ده‌كات، نه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵمێنێت كه‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌وڵده‌رێكه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات.

هەرێم نیوز: بۆچی ئۆپۆزسیۆن زیاتر كار له‌سه‌ر چه‌واشه‌كاری و كاری پۆپۆلیستی ده‌كه‌ن و  په‌نا بۆ خۆپیشاندان وجوڵاندنی شه‌قام ده‌به‌ن؟

د. ڕێبین سه‌لام: به‌داخه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی كوردستان ڕێگه‌یه‌كی زۆر كلاسیكی و سواوی كۆن به‌كارده‌هێنن بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كاتێك كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان نزیك ده‌بێته‌وه‌، خۆیان بێبه‌ری ده‌كه‌ن و دوورده‌كه‌ونه‌وه‌ له‌و به‌رپرسیارێتییه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی چوار ساڵ دا وه‌زیریان هه‌بووه‌ له‌ناو حكومه‌ت و له‌ پڕێكدا خۆیان ده‌كه‌ن به‌ ئۆپۆزسیۆن، بۆیه‌ ئه‌م جۆره‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ پێی ده‌وترێت ئۆپۆزسیۆنی به‌رژه‌وه‌ندخواز و كاتی، و ئێكسپایه‌ر ده‌بێت له‌گه‌ڵ هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجه‌ی كه‌ ناشه‌رعی و ناڕه‌سه‌ن و نابه‌جێیه‌.

هەرێم نیوز: بۆچی به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ به‌غدا هه‌میشه‌ په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر گوتاری خۆڕاده‌ستكردن به‌ عێراق؟

د. ڕێبین سه‌لام: به‌داخه‌وه‌ به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ به‌غدا ماوه‌یه‌ك گوتاره‌كانیان به‌و جۆره‌ بوو كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو شتێك، به‌تایبه‌ت له‌ پرسی نه‌وت و وزه‌دا هه‌مووی ڕاده‌ستی به‌غدا بكات، گوایه‌ حكومه‌تی به‌غدا به‌شێوه‌ی باشتر و دادپه‌روه‌رانه‌تر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ دا ده‌كات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌روه‌ك له‌ دوایین ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق به‌ڕوونی ئاماژه‌ی پێكراوه‌ و پشتڕاستكراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها باس له‌ هێڵی هه‌ژاری كردووه‌ و له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان زۆر كه‌متره‌ له‌چاو شاره‌كانی تری عێراق، بۆ نمونه‌ له‌ سلێمانی هێڵی هه‌ژاری له‌ 5% بووه‌، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ولێر و دهۆك 6% بووه‌، به‌ڵام له‌ شاره‌كانی تری عێراق تا سه‌رووی 50% ڕۆیشتووه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵمێنێت كه‌ ژیان و گوزه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌موو پێوه‌رێك له‌ به‌شه‌كانی تری عێراق باشتره‌، بۆیه‌ به‌ چ هۆش و عه‌قڵێكه‌وه‌ ئه‌وان داوای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌موو شتێك ڕاده‌ستی حكومه‌تی به‌غدا بكرێت، ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ خۆ فرۆشی نه‌بێت!، بۆیه‌ من پێموایه‌ ئه‌و جۆره‌ گوتارانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌وه ‌سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌ ئیفلاسی سیاسییه‌وه‌ هاتووه‌.

 

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP