دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 3 هەفتە

د. سه‌باح حه‌یده‌ر: پارتی هیچ گرفتێكی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌دا نیه‌

محه‌مه‌د جه‌مال – هه‌ولێر

ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵوێستی حزبه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ دۆخی چه‌قبه‌ستووی سیاسی عێراق ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت،" پارتی هیچ گرفتێكی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ نیه‌ ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكات.

د. سه‌باح حه‌یده‌ر، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ هه‌رێم نیوزی ڕاگه‌یاند" پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ پڕۆسه‌یه‌كی زۆر ئالۆز و تێكهه‌ڵكێش بوو، هه‌روه‌ها ئه‌و نه‌خشه‌ سیاسییه‌ی كه‌ دروست بوو، بناغه‌یه‌كی دانا بۆ‌ ململانێیه‌كی توند له‌ نێوان ته‌یاری سه‌دری و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌یاری سه‌دری زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنابوو، ئه‌وه‌ش وای كرد كه‌ هه‌وڵێك هه‌بێ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتیمانی، به‌ڵام ئه‌و زۆرینه‌یه‌ سه‌ری نه‌گرت، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی دادگای باڵای فیدرالی  به‌شێوه‌یه‌كی نادروست خوێندنه‌وه‌ی بۆ مادده‌ی 72ـی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار كرد كه‌ ده‌بێ دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ئاماده‌بن بۆ ته‌واوكردنی نیسابی یاسایی، ئه‌مه‌ش وای كرد چه‌قبه‌ستووی سیاسی له‌ عێراق دروست ببێت، ئه‌و چه‌قبه‌ستوویه‌ سیاسییه‌ش بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌درییه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران پاشه‌كشه‌ بكه‌ن و په‌رله‌مانیش شه‌رعییه‌ته‌كه‌ی له‌ده‌ست بدات.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی دۆخی سیاسی عێراق و ئه‌و چه‌قبه‌ستوویه‌ی تێیكه‌وتووه‌، ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ وتى،"  پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ر له ‌سه‌ره‌تای ئالۆزییه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵوێستێكی زۆر ڕوون و ئاشكرای نواند و تێیدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ته‌داخول له‌ ململانێی نێو ماڵی شیعه‌دا نه‌كات، هه‌روه‌ها داویكرد گفتوگۆ بكرێته‌ بناغه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی گشت كێشه‌كان.

وتيشى،پارتی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك یاخود چاكسازییه‌ك بكرێت، ده‌بێ له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوور بێت و ده‌ستوور ببێته‌ ناوه‌ندگیر، به‌تایبه‌ت مافی كورد كه‌ له‌ده‌ستوور دیاری كراوه‌، بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبول ناكرێت ده‌ستكاری یاخود هه‌موواری ده‌ستوور بكرێته‌وه‌.

دەشڵێت:" ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ببێته‌ چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و دۆخه‌ سیاسییه‌ ئاڵۆزه‌ی عێراق، ئێمه‌ وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ له‌گه‌ڵ دووباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن نیه‌ و پێشوازیشی لێده‌كه‌ین.

رونیشی دەكاتەوە،" دادگای باڵای فیدرالی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نیه‌ كه‌ بڕیار بدات بۆ دووباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن یاخود چاره‌سه‌ركردنی دۆخه‌كه‌، هه‌روه‌ها سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانیش له‌به‌رئه‌وه‌ی كاربه‌ڕێكه‌رن و ناتوانن له‌و باره‌یه‌وه‌ هیچ بڕیارێك بده‌ن، بۆیه‌ باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران خۆی چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه‌ بكات، ئه‌ویش به‌ به‌پێی ئه‌و ماده‌یه‌ی كه‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێ داوا بكه‌ن و ده‌نگیشی له‌سه‌ر بده‌ن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP