دواین هەواڵ

کلتور‌

 27/08/2022

چيخه ف : من ژنێكم دەوێت وەك مانگ وابێت هەموو شەوێ‌ بەسەر سەرمەوە نەبێت

حەیدەر عەبدولرەحمان
بەسەرو ریشە ماش و برنجییەكەیەوە هەمیشە جێگەی سرنج راكێشانی ئافرەتان بوو، ئەگەر یەكێكیش لەوان لێی پرسیبوایە (ئەرێ‌ كابرا تۆ بەتەمای ژن هێنان نیت ؟)
شەرم دای دەگرت و رەنگی زەرد هەڵدەگەڕا، دەیویست هەر چۆنێ‌ بێت خۆی لەتەنگەتاویەكە رزگار بكات و بەكورتی وەڵامی دەدایەوە و دەیگوت:

“ئەی قابیلە بەتەما نەبم ؟
حەتمەن بەتەمام.

كەچی راستیەكەی وانەبوو، ئەوەندە بیری لەو پرسە نەدەكردەوە، چونكە ئەو دوچاری نەخۆشییەكی كوشندە ببوو، ئامادە نەبوو ئەو خەمانەی خۆی لەگەڵ هیچ كەسێكی تردا دابەش بكات.

ئەوەتا كاتێ‌ تەمەنی دەگاتە سی و پێنج ساڵی، لە 1897 لە نامەیەكیدا بۆ هاوڕێ‌ ی رۆژنامەنووسی (ئەلكسی سۆفۆرین ) باس لەهاوسەری نموونەیی دەكات و دەنووسێت :
تۆ داوای ئەوە لەمن دەكەیت ژن بێنم، باشە ژن دێنم وەك تۆ ئارەزووی دەكەیت، بەڵام منیش مەرجی خۆم هەیە بۆ هاوسەرگیریی،
من ژنێكم دەوێ‌ وەك مانگ وابێت، هەموو شەوێ‌ بەسەر سەرمەوە نەبێت ..
لەزۆر شوێنی تردا نا دڵی خۆی بۆ نزیك بوونەوە لەژن نیشان داوە، تا ئەو رادەیەی نەفرەت لەهەموویان بكات و دەڵێت: دنیا جوانە..بەڵام شتێ‌ هەیە بێزەوەری كردووە ئەویش ئێمەین..

ئەو وا خولقابوو هەمیشە چێژ لەبەتەنیا بوون و سەربەخۆ بوونی خۆی وەربگرێت، تا ئەو كاتەی بۆ یەكەمجار ئاشنا بوو بەئەكتەری بەرەچەڵەك ئەڵمانی (ئۆلجا لیۆناردۆفنا كنیبر )، كە وەك ئەكتەرێكی سەرەكی بەشداری لەدوا بەرهەمی شانۆیی ئەودا كرد، بۆ یەكەم جار لەئافرەت ئاڵا، ئەو ئافرەتە تەمەنی دەساڵان لەچیخەف بچووكتر بوو، بەڵام چیخەف خۆی لەدەست ئەو تەنیاییەی خۆی رزگار كردو بەنهێنی هاوسەرگیری لەگەڵدا ئەنجام دا ..

لەو كاتەی كە پەیوەندی ئەڤینداری لەگەڵیدا هەبوو، لە دوو شانۆگەریدا رۆڵی تایبەتی بۆ ئەو دیاری كرد، لە شانۆیی لالۆ ڤانیا ـ رۆڵی ئەلینای بۆ دانا، لە سێ‌ خوشكەكانیش رۆڵی (ماشا)

بەڵام بەر لەئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری، نامەیەكی بۆ نووسیووەو دەڵێت: زۆر لەو پرۆسە تەقلیدیانەی هاوسەرگیری و هەڵگرتنی شووشە شامپانیاو زەردەخەنەی درۆزنانە دەترسم .

لەماوەی هاوسەرگیریشی دا، ئەو بەهۆی ئەو نەخۆشیەی دووچاری ببوو، ئەوەندە لەگەڵ (ئۆلجا) بە یەكەوە نەبوون، بەهۆی سەرماو سۆڵەوە چیخەف بەرگەی نەدەگرت لەمۆسكۆ بژی و (ئۆلجا)ش هیچ رۆڵێكی لەنمایشەكانی رەت نەدەكردەوە بەهۆی نەخۆشی هاوسەرەكەیەوە، بۆیە دابڕانی زۆریان هاتە رێ‌، ئەگەرچی هاوسەرگیری كردبوو، بەڵام زۆربەی كاتەكان بەتەنیایی و نووسینی تێكستی شانۆگەرییەكانی بەسەر دەبرد، لەنامەیەكی تردا بۆ ئۆلجا دەڵێت :

بەدرێژایی تەمەنی هاوسەرگیریمان قەت رەخنەم لەتۆو نواندنەكانت نەگرتووە، بەپێچەوانەوە دڵحۆش بوومە بەوەی تۆ بەدوای گەیشتن بەئامانجەكانت دا دەگەڕیِی، هەروەك بەگوناهباریشت نازانم كەناتوانی بەرگەی سەرما بگری و لەگەڵمدا بژی، بەڵام ئێمە هەردووكمان نموونەیەكی جوانی هاوسەرایەتی نیشان دەدەین كەهیچمان رێگر نین لەبەردەم ئەوی ترماندا بۆ كار كردن، ئەگەر پێكەوەش ناژین ئەمە گوناهی تۆ و گوناهی من نیە، ئەمە گوناهی قەدەرە كە میكرۆبێكی كوشندەی لە جەستەی مندا چاندووە و تۆی خۆشەویستییشی بۆ هونەر لەدڵی تۆدا.

ئەو چەند ساڵەی لەگەڵ (ئۆلجا) بوو، رۆژانێكی ساردو سڕ بوون، لەچەندین بۆنەدا چیخەف ئەو ساردو سڕیەی نێوانیانی بەنامە باس كردووە، ئەوەتا دەڵێت: حاڵەتی تەندروستیم باش نیە و لەپیرەمێردێكی بەساڵاچوو دەچم، ئەمەش مانای ئەوەیە كە تۆ مێردێكت دەست نەكەوت، بەڵكو پیرەمێردێكی بەساڵا چوو ..

ئۆلیجاـ ی هاوسەریشی لەهەموو كەسێ‌ زێتر ئاشنا بەچیخەف ببوو، بۆیە ئەو دەربارەی چیخەف دەڵێت : ئەو هەموو كەسێكی خۆش دەویست، بەوانەی باشن و ئەوانەش خراپ و پڕ لەهەڵەن ..هەموو ئارەزووەكی نووسین بوو، هەمیشە بەدوای شوێنێكی ئارامدا دەگەڕا بۆ ئەوەی لەكێشەو ئاژاوەكان دوورە پەرێز بێت و بنووسێت ..

ئۆلجای هاوسەری كە پێنج ساڵی هاوسەریی لەگەڵ چیخەف دا بەسەر برد، بەهۆی كارە شانۆییەكانی لە شانۆی مۆسكۆ، چیخەف بەهۆی سەرماو نەخۆشی لە(یاڵتا) هەردوكییان لەتەنیایی دا دەژیان، بەڵام هەرگیز ئەو لێك دابڕانە لەخۆشەویستی نێوان ئەو دوو هاوسەرەی نەگۆڕێ‌.

دوای ماڵئاوایی كردنی چیخەفیش، بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بوو لەسەر نووسینی یاداشتەكانی لەگەڵ چیخەف دا .

ئەوەتا لە 19 ی ئۆگستۆسی 1904 لەیاداشتێكی دا دەنووسێت: ئازیزەكەم لەكۆتاییدا توانای ئەوەم پەیدا كرد كە نامە بۆ تۆ بنووسم، من ئێستا هەست دەكەم زۆر لێمەوە نزیكی، ئەگەرچی زۆر لێتەوە دوورم.

من ئێستا نازانم تۆ لەكوێ‌ ی، زۆر چاوەڕوانی ئەو رۆژە بووم كە رۆژێك بێت و بتوانم بۆ تۆ بنووسم .

ئەمڕۆ چوومە مۆسكۆو سەردانی گۆڕەكەتم كرد، بەڵام هەرگیز ناتوانم باوەڕ بەوە بێنم كە تۆ لەناو زیندووەكاندا نەمابیت ..

من ئێستا زۆر بەپەرۆشی ئەوەم بۆت بنووسم، بۆ ئەوەی هەموو شتێكت بۆ باس بكەم، بەڵام دوای ماڵئاوایی كردنت، پاش ئەوەی دڵت لە لێدان كەوت بەچی دەچێت..
من ئێستا وا هەست دەكەم كە تۆ هێشتا لە ژیاندا ماوی و لەشوێنێكا چاوەڕوانی ئەو نامەیەم دەكەی ..بەڵام تازانم ئەو شوێنە كوێیە .

ئۆلگا لیۆناردۆفناكنییر (1968) كە هاوسەری چیخەف بووەو لە گلاسۆف ـ روسیا لە بنەماڵەیەكی بەڕەچەڵەك ئەڵمانی لەدایك بووە، یەكێك بووە لەو 39 كەسانەی بە دامەزرێنەری شانۆی مۆسكۆ دادەندرێن، بەلای ستانسلافسكییەوە یەكێك بووە لەباشترین ئەكتەرانی ئەو شانۆیە.

بۆ یەكەم جار لەساڵی 1898 لەگەڵ چیخەف یەكتریان ناسی، كاتێ‌ لەنمایشی (باڵندەی دەریا) رۆڵی سەرەكی بینی، پاشان لەشانۆیی (سێ‌ خوشكەكان ) رۆڵی (ماشا)و ساڵی 1917 لە شانۆی مۆسكۆ بەشداری شانۆیی (باغی گێڵاس)ی كرد.

لەئەنجامی ئەو رۆڵە كاریگەرانەی (ئۆلگا ) لەشانۆی رووسیدا بینی، چەندین خەڵاتی رێز لێنانی پێ‌ بەخشراوە، لەوانە خەڵاتی نازناوی (هونەرمەندی گەل لە روسیا )
لە 22ی ئاداری 1959 ماڵئاوایی لە دنیادا كردووە.

ئەوەی وای كردووە چیخەف هۆگری ئۆلگا بێت، تەنیا نواندنەكەی بووە، كە نەك هەر لای چیخەف بەتەنها بەڵكو لای ستانسلافسكیش بەهەمان شێوە.

ئەو دوو هاوسەرە كارەكانیان لە سەرووی رۆتینیاتی ژیانی هاوسەریەتی داناوە، ئەو ئامانجانەی هەیان بووە بۆ خزمەتی شانۆ(چیخەف بە نووسین و ئۆلگا بە نواندن) بە لایانەوە گرنگتر بووە لەهەر كۆتو پێوەندێكی تر كە ببێتە مایەی سارد بوونەوە لەكارەكانیان.

چیخەف لەچەندین نامەدا ئەو حەماسە جوانەی ئۆلگای بۆ نواندن بەبەرزی نرخاندووە، وەك ئۆلگاش بەهەمان شێوە هەمیشە هەموو ئازادییەكی بەچیخەف بەخشیووە و هەموو هەەلو مەرجێكی بۆ رەخساندووە بۆ بەردەوام بوون لەنووسین، چونكە (ئۆلگا) بەهۆی دەقەكانی چیخەف بوو بەناسراوترین ئەكتەرو خاوەنی زۆرترین هەوادار.
خۆ ئەگەرچی ئۆلگا خۆی وەك ئەكتەر توانستێكی گەورەی هەبوو لە نواندن دا، بەڵام چیخەف یاریدەدەرێكی باش بوو بۆ بەرەو پێشەوە چوونی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP