دواین هەواڵ

عێراق‌

 16/08/2022

مستەفا کازمی بانگهێشتی سەرکردەی هەموو لایەنەکان بۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت دەکات

هەرێم نیوز

مسته‌فا كازمی رایگەیاند، بانگهێشتی هەمو سەرکردەی لایەنەکان دەکات بۆ ئەوەی سبەی چوارشەممە لەکۆبونەوەیەکی تایبەت بە گفتوگۆی نیشتیمانی راستەقینە و هەنگاوی هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتو، ئامادەی بن کە لە کۆشکی حکومەت لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.

مسته‌فا كازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "له‌ سۆنگه‌ی به‌رپرسیارێتی هاوبه‌شی نیشتمانییه‌وه‌، كه‌ هه‌مووان له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی یه‌كڕیزی، سه‌قامگیری و ئاسایشی عێراق كۆده‌كاته‌وه‌، بانگه‌واز له‌ برایانی سه‌ركرده‌ی هێزه‌ سیاسییه‌ نیشتمانییه‌كان ده‌كه‌م، به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نیشتمانی بكه‌ن، كه‌ سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ له‌ بینای حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، ئامانجی سه‌ره‌كی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، ده‌ستپێكردنی گفتوگۆیه‌كی نیشتمانی جددی و بیركردنه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شه‌ له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی ئێستای عێراق و هێوركردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و ره‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی گونجاوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری سیاسی و ده‌ستووریی، به‌ جۆرێك له‌ ئاستی خواسته‌كانی گه‌لانی عێراقدا بێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ نیشتمانییه‌كان دەکات، گرژییه‌كانیان له‌ ئاستیی میللی و میدیایی خاو بكه‌نه‌وه‌. ده‌رفه‌تی گونجاو بده‌ن بۆ خستنه‌ڕووی روانگه‌ و چاره‌سه‌ری مامناوه‌ند.

باسی لەوەش کردووە، دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌زگا ئه‌منیی و سه‌ربازییه‌كان، نابنه‌ لایه‌ندار له‌ هیچ ناكۆكییه‌كی سیاسییدا و سرنجی زۆرمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ رێگه‌ نه‌ده‌ین، ئه‌و ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان لێكه‌وته‌ و كاریگه‌ری نه‌رێنیان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و ئاسایشی هاووڵاتیان هه‌بێت.

داواشی له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و ده‌سته‌بژێری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری کردووە، به‌شدار بن له‌ قووڵكردنه‌وه‌ی گیانی نیشتمانی و خۆیان له‌ هه‌راسانكردنی خه‌ڵك به‌ دوور بگرن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP