دواین هەواڵ

عێراق‌

 16/08/2022

دەستپێشخەرییەک لە کازمییەوە

هەرێم نیوز

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکومەتەکەی لە بەرامبەر هەمو ئەو تۆمەت و ئاستەنگیانەی بۆی دروست دەکرێت بێ دەنگی هەڵبژارد تەنها لەپێناوی ئەوەی دۆخی ئاسایشی وڵات بەرەو خراپتربون نەچێت، بۆیە لەئێستادا داوا لە هەمو لایەنەکان دەکات  بۆ چارەسەری کێشەکان گفتوگۆ بکەن و  هاوکاری حکومەتیش بن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان.

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوەکرد، جێگەی نیگەرانییە کە وڵات بە قۆناغێکی پڕ لە ئاستەنگی و چەقبەستویی سیاسیدا تێدەپەڕێت ئەوەش کاریگەری لەسەر کاری حکومەت دروست کردوە، لایەنیش هەیە دەیەوێت حکومەت بکاتە بەرپرسیار هەمو قەیروانەکان و خۆی لە کێشەکان بدزێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، قەیرانی ئێستای عێراق تاکە قەیران نیە لە جیهاندا و چەندین ئەزمونی هاوشێوە هەیە کە لەرێگەی دانایی سەرکردەکانەوە توانراوە تێپەڕێنرێت، لەوانەش سنگافورە کە لە وڵاتێکی شکستخواردوەوە بو بە یەکێک لە دەوڵەت گرنگەکانی جیهان و نمونەی روانداش هەمان شێوەیە، بۆیە ناکرێت عێراق کە خاوەن شەش هەزار ساڵ مێژوی شارستانییەتە، لایەنەکان بە شێوەی شکاندنی ئیرادەی یەکتر مامەڵە بکەن، بەڵکو پێویستە بە دانانی و وەفا بۆ وڵات مامەڵە بکرێت بۆ خزمەتکردنی گەلێک کە دەناڵێنێت بەهۆی خراپی بەڕێوەبردن و بەردەوامی جەنگە ماڵوێرانەکان.

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەوان جەخت لە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان دەکەنەوە و داواش لە سەرکردەکان دەکات لەئاست ئاستەنگییەکاندا بن و لەپێناو عێراقدا قوربانی بە هەمو شتەکانی دیکە بدەن، داواش دەکات هەموان ئارام و بەهێز بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و هاوکاری حکومەت بن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP