هەرێم نیوز
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا ڕایدەگەیەنێت، واشنتۆن ھەوڵدەدات ماوەی قەیرانی ئۆکراین درێژبکاتەوە و ئاڵۆزی لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقاش دروستبکات.
لە وتەیەکیدا لە کۆنگرەی مۆسکۆ بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی، پوتن بەرپرسیاریەتی جەنگی ئۆکراینی خستەئەستۆی ئەمریکا و رایگەیاند، واشنتۆن ھەوڵی پاراستنی ھەژموونی نێودەوڵەتی خۆی دەدات و ئۆکراینی کردە گۆڕەپانی جەنگ.
وتیشی، واشنتۆن ھەوڵدەدات ماوەی قەیرانی ئۆکراین درێژبکاتەوە و ئاڵۆزی لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقاش دروستبکات، سیاسەتی ئەمریکاش لە تایوان دەیسەلمێنێت کە ئەمریکا رێز لە سەروەری وڵاتان ناگرێت و دەست لە کاروباریان وەردەدات و شەڕی ناوخۆ رێکدەخات.
لای خۆشیەوە سێرگی شوێگۆ وەزیری بەرگری روسیا لە ھەمان کۆنگرەدا رایگەیاند، ھاوپەیمانی ناتۆ سیاسەتی دوژمنکارانەی گرتووەتەبەر و کاردەکات بۆ زیادکردنی قەبارەی ھێزەکانی لە ئەوروپا و دەیەوێت ھەژمونی خۆی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەفریقاش بسەپێنێت.
سەبارەت بە جەنگی ئۆکراینیش رایگەیاند، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی روسیا لە ئۆکراین ئامانجەکانی بەدیدەھێنێت و دوپاتیشیکردەوە کە وڵاتەکەی چەکی کۆمەڵکوژ لە ئۆکراین بەکارناھێنێت.