دواین هەواڵ

کوردستان‌

 16/08/2022

مەسرور بارزانى: ئارامى و تەبایى ئێرە وایکردووە خه‌ڵكى ناوچەکانى دیکە ڕو لە هەرێم بکات

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو پێشکەوتن و ئارامی و تەباییەی  کە لە هەرێمی کوردستان هەیە وایکردوە خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ بێن و لەهەرێمی کوردستان نیشتەجێبن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی کردنەوەی سێیەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر  بۆ وەبەرهێنان و خانوبەرە ڕایگەیاند، "لە کابینەکانی ڕابردوی حکومەتی هەرێم و لە کابینەی نۆیه‌مدا گرنگییەکی زۆر دراوە بە لایەنی وەبەرهێنان و دروستکردنی خانوبەرە، بەراوردکردنی دۆخی هەرێمی کوردستانیش لەڕوی خانوبەرەوە بە ناوچەکانی دیکەی عێراق سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە".

دەشڵێت: "ئەو پێشکەوتن و ئارامی و تەباییەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە وایکردوە خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق و وڵاتانی دیکەشەوە بۆ ژیانکردن ڕو لە هەرێمی کوردستان بکەن و تێیدا نیشتەجێبن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرەڕای ئەو بەرەوپێشچونانەی کە لەهەرێمی کوردستان هەیە کەموکوڕی و کەمتەرخەمی بونی هەیە چ لەڕوی پلاندانانی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکان و چ له‌ ڕەچاوکردنی ستانداردە جیهانییەکانه‌وه‌، بۆیه‌  پێویستە لەکاتی ئەنجامدانی پڕۆژەکاندا ماستەرپلانی شارەکان لەبەرچاوبگیرێت".

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "پێویستە لە کاتی دروستکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوندا پێشکەوتوترین و نوێترین شێوازەکانی تەلارسازی پەیڕەوبکرێت، کوالیتی بەرهەمهێنان و ڕوبەری سەوزایی بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی لەبەرچاو بگیرێت، نابێت لەو شوێنانەی بۆ ناوچەی سەوزایی دانراون بینا دروستبکرێت".

سەبارەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون بۆ کەسانی کەمدەرامەت و هەژار، سەرۆکی حکومەت رایگه‌یاند، "دروستکردنی ئەو یەکانە یەکەم پڕۆژە و کۆتا پڕۆژەی نیە کە تایبەتە بە کەسانی هەژار، ئەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبونەش بە نرخێکی کەم و بە قیستی درێژخایەن دەدرێت بە هاوڵاتیان بۆئەو مەبەستەی کە ڕێژەی کرێنشینان لە هەرێمی کوردستان کەم ببێتەوە"



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP