دواین هەواڵ

عێراق‌

 15/08/2022

دەستەى نەزاهە گەندەڵییەکى گەورەى بەرپرسێک ئاشکرا دەکات

هەرێم نیوز

دەستەی نەزاھەی عێراق گەندەڵیەکى گەورەى بەرپرسى سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سوننی، ئاشکرا دەکات و گەشتکردنى وڵاتانى دەرەوەى لێ قەدەغە دەکات.

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، یەکێک لە دیوانەکانی وەقفی ئاینیی بەبێ هیچ بەرنامەیەکی پێشوەختی دارایی و بە بڕی 47 ملیار دینار هۆتێلێکی لە هەرێمی کوردستان کڕیوە، بۆیە لەسەر ئەو دۆسیەیە سەرۆکی دیوانی وەقف و گەورە بەرپرسانی ئەو فەرمانگەیە بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشت کراون.
تۆمەتبارکراون بە زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی و دارایی دەوڵەت

دەستەی دەستپاکی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، سەرۆکی دیوانی وەقف و گەورە بەرپرسانی ئەو فەرمانگەیە تۆمەتبارکراون بە زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی و دارایی دەوڵەت و ئەو فەرمانگەیەی کاری تێدا دەکەن، چونکە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ تۆمەتباریکردون بە کڕینی هۆتێلێک لە هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو هۆتێلەکە بەبڕی  47 مليار دينار بەبێ هیچ بەرنامەیەکی پێشوەختی دارایی کڕدراوە، لەسەر ئەو دۆسیەش جگە لە بەرپرسی وەقف، بەرپرسی دارایی وەقف و هاوکارەکانی بانگهێشتی دادگا کراون.

دەستەی دەستپاکی عێراق دەڵێت، ئەو کەسانەی بانگهێشتی دادگا کراون گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی وڵاتیش لێ قەدەغە کراوە و مامەڵەکردنیش بە موڵک و ماڵیانەوە راگیراوە، هەروەها بەرپرسانی بەشی یاسایی، دارایی، بودجەش لە دۆسیەکەدا تۆمەتبار کراون، بڕیارەکەش بەگوێرەی ماددەی 331 لە یاسای سزادان بوە کە تایبەتە بە تۆمەتی کڕینی هۆتێل.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسراوی رێککەوتنێکی نێوان دیوانی وەقفی سوننی و یەکێک لە کۆمپانیاکان بڵاکراوەتەوە، بەگوێرەی رێککەوتنەکەش کۆمپانیاکە هۆتێل رامادای لە شاری هەولێر بە 47 ملیار دینار بە دەستەی وەبەرهێنانی دیوانی وەقفی سوننی فرۆشتوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP