دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14/08/2022

سبەینێ گۆڕانکاری لە پلەکانی گەرما روودەدات

هەرێم نیوز

شارەزایەکی کەشناسی رایگەیاند، بەهۆی کاریگەری ھەوایەکی فێنکی دەریای ناوەراست لە زۆربەی ناوچەکان، سبەی دوشەممە پلەکانی گەرما دو پلە نزم دەبنەوە و خێرای باش لە 24 کاتژمێری داهاتودا ئاسایی بۆ مامناوەند دەبێت کە 10 بۆ 25 کیلۆمەترە.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی، لە راگەیەنراوێکدا پێشبینی  رەوشی کەشوهەوای 24 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، سبەی دوشەممە 15-8-2022 ئاسمانی ھەرێم ساماڵ  دەبێت ، لە ئەنجامی درێژبونەوەی ماوەی کاریگەری ھەوایەکی فێنکی دەریای ناوەراستیش لە زۆربەی ناوچەکان، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بەرێژەی 1 تا 2 پلە نزمتر دەبێتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، سبەی پلەکانی گەرما بەم شێوەیە دەبێت لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم ( سلێمانی 41 بە 26، ھەولێر 41 بە 27 پلە ، دھۆک 40 بە 26 پلە ، ھەڵەبجە 44 بە 27 پلە ، کەرکوک 42 بە 29 پلە ) لەناوچەکانی گەرمیان 45 پلە بە 30 پلە دەبێت ، لە سنوری ئیدارەی راپەرین 42 بە 27 پلە دەبێت، لە سنوری ئیدارەی سۆران 41 بە 25 پلە دەبێت.

باسی لەوەش کردووە، لە 24 کاتژمێری داهاتودا خێرای با ئاسایی بۆ مامناوەند دەبێت 10 بۆ 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، لە ئاراستەی باشوری رۆژئاواوە دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP