دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 14/08/2022

تەمەنی نائومێدی لەپیاواندا

تەمەنی نائومێدی تەنها ژنان ناگرێتەوە بەڵکو ووشەی  (نائومێدی لەپیاوان) بەکاردێت بۆ گوزارشتکردن لەگۆڕانکاری لەئاستی هۆرمۆنەکانی پیاوان بەتایبەتی تێستۆستیرۆن لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەن و بەساڵاچوون. هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن بەرپرسە لە کۆمەڵێک کاری گرنگ بۆنمونە: جوڵاندن و هاندانی ئارەزووی سێکسی، گۆڕانکارییەکانی تەمەنی هەرزەکاری،  دەستەبەرکردنی ووزەی جەستەیی و دەروونی،  بەدەست هێنانی ماسولکە لەپیاوان، کۆنتڕۆڵکردنی وەڵامدانەوەی جەنگاندن یان هەڵاتن کەبۆمانەوەو پاراستنی مرۆڤ پێویستە ...هتد.
لەپاش تەمەنی ٣٠ ساڵییەوە پیاوان بەڕێژەی ١٪  ساڵانە  ئەم هۆرمۆنە لەلەشیاندا کەم دەبێتەوە هەربۆیە نیشانەکان لەدەوروبەری تەمەنی ٥٠ ساڵیدا ووردە ووردە دەردەکەوێت.
نیشانەکانی حاڵەتی نائومێدی پیاوان:

ئەم حاڵەتە بەگشتی کاردەکاتە سەر باری دەروونی، جەستەیی، سێکسی و لەگەڵ بەساڵاچوون خراپتردەبێت:
١.کەمبونەوەی ووزە و توڕەیی.
٢.خەمۆکی یان بێتاقەتی.
٣.کەمبونەوەی هاندەرەکانی ژیان و چێژوەرگرتن.
٤.کەمبونەوەی متمانەبەخۆبوون و کەمی سەرنج وتەرکیز.
٥.کەم خەوی و گران خەولێکەوتن.
٦.زیادبوونی کێش و قەڵەوی.
٧.کەمبونەوەی بارستەی ماسولکەو هەستکردن بەلاوازی.
٨.گەورەبوونی قەبارەی مەمک.
٩.فشەڵبونی ئێسک و زۆربوونی ئەگەری شکاوی.
١٠.کەمبونەوەی ئارەزووی سێکسی و کێشەی جوتبوون و دەرهاویشتە خێزانییەکانی.

دەستنیشانکردن و چارەسەر:
زۆربەی کاتەکان پیاوان پێیان شەرمە باس لەنیشانەکان بکەن هەربۆیە دەستنیشانکردن دوادەکەوێت ، بەگشتی دەتوانرێت لەڕێگەی پێوانەکردنی ئاستی تێستۆستیرۆن دەستنیشان بکرێت. لە قۆناغی چارەسەرکردن گۆڕینی شێوازی ژیان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت وتەنانەت لە دواخستی دەرکەوتنی نیشانەکانی حاڵەتەکەش. مەبەست لە گۆڕینی شێوازی ژیانکردن وەک پەیڕەوکردنی پڕۆگرامی خۆراکێکی تەندروست، پاراستنی کێش و وەرزشی بەردەوام، خەوێکی تەندرووست(٧-٨ کاتژمێر) شەوانە، کەمکردنەوە و چارەسەرکردنی سترێس. ئەگەر ئەوخاڵانەی ئاماژەیان پێکرا بەسودنەبوون باشترە سەردانی پزیشکی پسپۆربکرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
د.لاڤە دارا عەلی، پسپۆری نەخۆشییە دەروونییەکان



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP