دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 10/08/2022

ئەبوبەکر کاروانی:هەڵبژاردنی پێش وەختە پەنا بردنە بۆ چارەسەرێکی ناچاری و رەنگە دۆخەكە ئاڵۆزتر بكات

هەرێم نیوز- بەهەست بەختیار

سیاسەتمەدارێكی كورد دەڵێت، هەڵبژاردنی پێش وەختە کە سەدریەکان داوای دەکەن پەنا بردنە بۆ چارەسەرێکی ناچاری و ئەگەری ئەوەش هەیە لە هەندێک حاڵەتدا دۆخی عێراق بەرەو داڕووخانی زیاتر بەرێت.

ئەبوبەکر کاروانی، نووسەر و سیاسەتمەداری كوردستان  لە دیدارێکی تایبەت بە هەرێم نیوز تیشك دەخاتە سەر دۆخی سیاسی ئێستای عێراق و دەڵێت، هەڵبژاردنی پێش وەختە کە سەدریەکان داوای دەکەن چارەسەر نییە، بەڵکوو پەنا بردنە بۆ چارەسەرێکی ناچاری، ئەگەریش  هەیە لە هەندێک حاڵەتدا دۆخەكە بەرەو داڕووخانیزیاتر ببات.

دەشڵێت:" لە عێراقدا ژێرخانی هەڵبژاردنمان نییە، کلتورێکی دیموکراتی ڕاستەقینە نییە و دەیان میلشیامان هەیە لە دەرەوەی دەوڵەتدا، دەستێوەردانی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی زۆریش هەیە، لە دۆخی ئاواشادا ناتوانین بڵێن هەڵبژاردن چارەسەرە بەڵکوو هەڵبژاردن ململانێ تەقلیدیەکان لە کۆمەڵگادا قوڵتر دەکاتەوە."

لەبارەی مامەڵەی هەرێمی كوردستانیش لەم دۆخە نوێیەی عێراق كاروانی دەڵێت،بەداخەوە دەتوانم بڵێم لە چەند مانگی ڕابردوودا وەك پێویست مامەڵە نەكراوە لەبەر ئەوەی هێزەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی دابەش بوون بەسەر هەردوو لایەنەکەدا کە ئەمەش وایکرد کورد وەک پێکهاتە بەدیلی سەربەخۆی خۆی ئامادە نەبێت لە بەغداد و وەک حیزب ئامادەبوە کە ئەمەش بۆتە هۆی کاڵبوونەوەی ئامادەبوونی گەلی کوردستان وەک پێکهاتە.

رونیشی دەكاتەوە، لە ئێستادا لە سێ دۆخ زیاترمان نییە، یا ئەوەی دۆخی ئێستا درێژەی ئەبێت بەوەی داموودەزگاکان بەتایبەت پەرلەمان بە ئیفلیجی دەمێنێتەوە یان ئەوەتا ڕێکدەکەوین لەسەر هەڵبژاردنێکی پێشوەختە وەک میکنیزمێکی ناچاری دیموکراسی نا کارا بۆ دەرچوون لە ئەم قۆناغە،یاخود سەردەکێشێت بۆ ململانێکی خوێناوی ئەلقەیەکی تری شەڕی ناوخۆی نێوان شیعەکان.

لە وەڵامی ئەوپرسیارەی ئایا کۆنفیدڕاڵی تا چەند مومکینە و تاچەند گرنگە کورد بەجدی کاری بۆ بکات، ئەبوبەکر کاروانی وتی،  لە ئێستادا بە قورسی دەزانم ئێمە موناقەشەی دەستوور بکەین لەسەر مەسەلەی کۆنفیدڕاڵی لەبەر ئەوەی کە باسی کۆنفیدراڵیمان کرد دە بێت لەم  ەستوورەی ئیستا بچینە دەرەوە ، دەبێت عەقڵی سیاسی عێراقی بەرز بێتەوە بۆئەوەی بڕوای بە مافی چارەنووسی گەلی کوردستان و دروستکردنی باشووری کوردستانی سەربەخۆ بێت،  ئێستا دۆخی کورد لە ناوخۆی خۆیدا و لە  هەرێمەکەش وا دەبینم کە لەبار نە بێت بۆ ئەم بابەتە، تەنها لە کاتێکدا کە گۆڕانکارییەکی دراماتیکی چاوەڕوان نەکراو لە ناوچەکەدا رووبدات و ئەوكاتیش ئێمە وەك هەرێم دەكەوینە بەردەم دەرفەت و تەحدی نوێشەوە .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP