دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

توركیاو روسیا له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی هه‌سه‌ده‌ رێككه‌وتن

هەرێم نیوز

فلادیمیر پۆتین، سه‌رۆكی روسیاو ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌رۆدۆگان، سه‌رۆكی توركیا له‌ دوای كۆبونه‌وه‌یه‌كی دورودرێژیان له‌ سوچی، ئه‌مڕۆ هه‌ینی ته‌ئكیدیان كرده‌وه‌ له‌ یه‌كگرتویی خاكی سوریا و "روبەڕوبونه‌وه‌ی‌ تیرۆر."

توركیا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ روسیا رازی بكات بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ناوچه‌كانی ته‌لڕه‌فعه‌ت و منبج، كه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده‌)دان.

له‌ مانگی ئایاری رابوردوه‌وه‌، توركیا ده‌یه‌وێت ئه‌و هێرشه‌ ئه‌نجامبدات، به‌ڵام روسیا ره‌زامه‌ندی نه‌نواند.

هه‌وڵێكی تری توركیا له‌گه‌ڵ روسیا بۆ رازیكردنی له‌ لوتكه‌ی‌ تاران بو، به‌ڵام له‌و لوتكه‌یه‌شدا هیچ ره‌زامه‌ندییه‌كی مۆسكۆ و ئێرانی به‌ ده‌ست نه‌هێنا.

توركیا ده‌یه‌وێت له‌ چونه‌ ناو منبج و ته‌لڕه‌فعه‌ت، به‌ درێژایی سنوره‌كه‌ی‌، به‌ ئاراسته‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی سوریادا بكێشێ و سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان بخاته‌ ژێر ركێفی خۆی.

دیمیتری بیسكۆڤ، وته‌بێژی كرملین له‌ كاتێكی پێشتری ئه‌مڕۆدا باسی له‌وه‌كرد، كۆبونه‌وه‌ی‌ نێوان هه‌ردو سه‌رۆكه‌كه‌ چوار سه‌عاتی خایاندوه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ پۆتین و ئه‌ردۆگان، باس له‌ ژماره‌یه‌ك دۆسیه‌ كراوه‌، له‌ دیارترینیشیان سوریاو ئۆكرانیا بو، به‌پێی میدیاكانی روسیاش، هه‌ردولا داوایانكردوه‌ جوڵه‌ بخرێته‌ پرۆسه‌ی سیاسی سوریاوه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای گفتوگۆكانی‌ ئه‌ستانا.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیشدا دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌، پارێزگاری له‌ یه‌كگرتویی خاكی سوریا بكرێت و هه‌ردولاش ته‌ئكیدیان كردوه‌ته‌وه‌ له‌ پابه‌ندبون به‌ كار و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش دژ به‌ "تیرۆر".

ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌نوسان، دیمیتری بیسكۆڤ، وته‌بێژی كرملین باسی له‌وه‌كرد، "وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا تێده‌گات."

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "گرنگه‌ خۆبپارێزرێت له‌و كارانه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌لامه‌تی خاكی سوریاو یه‌كگرتوییه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ ده‌كات."

له‌وكاته‌وه‌ی‌ توركیا هه‌وڵی رازیكردنی روسیا ده‌دات، یه‌كه‌مجاره‌ مۆسكۆ هه‌ڵوێستی ته‌ریب به‌ خواستی توركیا سه‌باره‌ت به‌ "هه‌سه‌ده‌" ده‌رببڕێت كه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ به‌ "تیرۆریست" ده‌درێنه‌ قه‌ڵه‌م.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP