هه‌رێم نیوز
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به زمانی حاڵ به سه‌دریان وت، ره‌زامه‌ندین له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی مسته‌فا كازمی له سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی ئێستادا لاببرێت و محه‌مه‌د شیاع سودانی ببێت به سه‌رۆكی حكومه‌تی نوێ.
به‌پێی زانیارییه‌كان، كه له كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دزه‌ی كردوه، رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه محه‌مه‌د شیاع سودانی، وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌تی نوێ ده‌ستبه‌كار ببێت به‌و مه‌رجه‌ی ئاماده‌سازی بكات بۆ هه‌ڵبژاردنێكی نوێی پێشوه‌خت.
هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت یه‌كێكه له داواكارییه‌كانی سه‌در و دوێنێ چوارشه‌ممه له وتارێكیدا بۆ لایه‌نگرانی ته‌ئكیدی له‌سه‌ر كرده‌وه، كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌ركرده‌كانی هه‌ماهه‌نگی له‌باره‌ی دوایین خواسته‌كانی سه‌دره‌وه بو.
ئه‌بو وه‌لا وه‌لائی، ئه‌مینداری گشتی “كه‌تیبه‌كانی سه‌یدولشوهه‌دا”، كه یه‌كێكه له‌و میلیشیانه‌ی له ئێرانه‌وه نزیكه، له تویتێكدا له‌سه‌ر كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی هه‌ماهه‌نگی نوسیویه‌تی، “له هیچ دۆخێك‌دا كازمی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی بۆ نوێ ناكرێته‌وه.. له گرنگترین بڕیاره‌كانی ئه‌مڕۆی سه‌ركرده‌كانی هه‌ماهه‌نگی، ره‌تكردنه‌وه‌ی كازمی بو وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌تی چاره‌سه‌ری.”
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ش كه دزه‌ی كردوه بۆ میدیا عێراقییه‌كان، هه‌ماهه‌نگی هادی عامری-یان راسپاردوه بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌دردا دابنیشێت و بگاته چاره‌سه‌رێك بۆ قه‌یرانی ئێستای عێراق.
له 10-10-2021 هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه‌چو، له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌وه به شكاندنی رێژه‌یی یاسایی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار، به‌ربه‌ست له به‌رده‌م ره‌وتی سه‌در دروستكرا حكومه‌تی نوێ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپه‌یمانی سیاده‌ی سوننه‌كان پێكبهێنێت.
له ناوه‌ڕاستی مانگی حوزه‌یراندا ره‌وتی سه‌درییه‌كان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پاشه‌كشه‌ی كرد.
له رۆژی شه‌ممه‌ی رابوردوشهوه له ناوچه‌ی سه‌وز، لایه‌نگرانی سه‌در به‌رده‌وامن له مانگرتن دژ به پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سودانی.
له زاری سیاسه‌تمه‌داران و راڤهكارانی سیاسیه‌وه باس له‌وه ده‌كرێت، سه‌در ده‌یه‌وێت مسته‌فا كازمی له پۆسته‌كه‌یدا بمێنێنهوهو كاربكات بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت.
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی-ش كه له ئێرانه‌وه نزیكن، مسته‌فا كازمی به نه‌یار سه‌یر ده‌كه‌ن و تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن به قوڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ماهه‌نگی و ره‌وتی سه‌در له پێناو مانه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵات.
ئه‌گه‌ر مسته‌فا كازمی له سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت لاببرێت، له‌وانه‌یه له‌لایه‌ن لایه‌نه شیعه‌كانی نزیك له ئێران روبه‌ڕوی ته‌نگپێهه‌ڵچنین ببێته‌وه، به‌وپێیه‌ی چه‌ندین جار له رابوردو و ئێستادا تۆمه‌تبار ده‌كرێت به دوژمنایه‌تی میلیشیاكان و ده‌ستهه‌بون له كوشتنی قاسمی سلێمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، ئه‌وكاته‌ی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری عێراق بوه.
سه‌باره‌ت به پێشهاته نوێییه‌كان تائێستا هیچ لێدوانێك له‌لایه‌ن ره‌وتی سه‌دره‌وه نه‌دراوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی رازی ده‌بێت سودانی له جێی كازمی ببێت به سه‌رۆكی حكومه‌ت تا هه‌ڵبژاردنێكی تری پێشوه‌خت یاخود نا.