دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 3 هەفتە

بەرگی پێنجەمی زنجیرە كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد بڵاودەکرێتەوە

هەرێم نیوز

باره‌گای بارزانی رایگەیاندوە، بەمزووانە بەرگی پێنجەمی زنجیرە كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد لە نووسینی  مەسعود بارزانی لەژێر ناونیشانی (ڕاپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان) دەكەوێتە بەردەست خوێنەرانەوە.

لەراگەیەندراوەكەی بارەگای بارزانی ئاماژەبەوەكراوە، كتێبی (ڕاپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان) لە 832 لاپەڕە و بیست بەشی جیاجیا پێكهاتووە و ڕۆشنایی خستۆتە سەر قۆناغێكی گرنگی خەباتی گەلەكەمان.

ئەوەشهاتوە، كتێبی ڕاپەڕین بەرهەمی یادداشتەكانی ڕۆژانەی ژیانی سەرۆك بارزانییە لە نێوان ساڵانی 1991 هەتا 2002 و، باسی ئەو ڕووداوە گرنگانە دەكات كە لە ڕاپەڕین و ساڵانی دوای ڕاپەڕین لە هەرێمی کوردستاندا ڕوویان داوە و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی گەلی كوردستانی لەو بەشەی كوردستاندا بردووەتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر.

 راشیگەیاندوە، ڕووداوی زۆر گرنگی وەک ڕاپەڕینی جەماوەریی کوردستان، پلانی بەرەی کوردستانی و پێشمەرگە، ئازادکردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، پەلاماری ڕژێم و کۆڕەوه‌ ملیۆنییه‌که‌ی گەلی کوردستان و بەرگریی پێشمەرگە و بریاڕی 688ـی ئەنجومەنی ئاسایش و، دواتر کشانەوەی ڕژێم و دەستپێکردنی دانوستاندنەکان لەگەڵ ڕژێم؛ هەروەها هەڵبژاردنەکانی 1992 و، هەڵكشانی پێگەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی هەرێمی كوردستان و فراوانبوونی دەستكەوت و دۆستایەتی و پەیوەندییەكان لەو كتێبەدا هاتووە.

باسی لەوەشكردوە، لەو كتێبەی بارزانیدا باس لەو ئاستەنگ و گیروگرفتانە كراوە كە بوونە كۆسپ لەبەردەم گەلی كوردستان. ئابڵۆقە و دەستوەردانە دەرەکییەکان و هەڵەی ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی و شەڕی خۆکوژی و ململانێکان و هەڕەشەی بەردەوامی هەرێمایەتی و بارودۆخی نالەباری ئابووری و، سەدان ڕووداو و ئاستەنگی تر لەم كتێبەدا ئاماژەی پێ دراوە.

رونیشكراوەتەوە، كتێبەكە كۆمەڵێك وێنەی گرنگ و مێژوویی و 73 بەڵگەنامەی سیاسی و مێژوویی وەخۆ هەڵگرتووە و سەرچاوەیەكی گرانبەهای سیاسی و مێژووییە بۆ خوێنەران و توێژەران و مێژوونووسان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP