دواین هەواڵ

کوردستان‌

 28/06/2022

وەزارەتی خوێندنی باڵا لە سەر کوژرانی دوو مامۆستاکە هاتەدەنگ

هەرێم نیوز

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى  لە بارەى کوژرانى دوو مامۆستاکەى زانکۆ هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، بە بەتوندى ئیدانەى ئەم جۆرە دەست درێژیانە دەکەین، دەشڵێت: لەپێناو سەروەرى یاسا و پاراستنى حەرەمى زانکۆکان، هەموو رێکارێکى یاسایی دەگرینە بەر.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەداخ و نیگەرانییەکى زۆرەوه‌ سەرلەبەیانى ئەمڕۆ سێشەمە لە رووداوێکى نەخوازراو و چاوەڕوان نەکراودا، لە کۆلێژى یاساى زانکۆى سەڵاحەدین – هەولێر، یەکێک لە قوتابیەکانى بەشى یاسا بە چەک هێرش دەکاتە سەر حەرەمى زانکۆ.

ئەوەشى خستۆتەڕو، له‌ ئەنجامی هێرشه‌كه‌دا (د. کاوان ئیسماعیل)، ڕاگرى کۆلێژى یاساى زانکۆى سەڵاحەدین و (د. ئیدریس حەمەخان) مامۆستاى کۆلێژى ئەندازیارى زانکۆى سەڵاحەدین شەهید دەبن و یەکێک لە کارمەندەکانیش بریندار دەکات.

ئاماژەى بەوەشکردوە، لە کاتێکدا بە بەتوندى ئیدانەى ئەم جۆرە دەست درێژیانە دەکات، لەپێناو سەروەرى یاسا و پاراستنى حەرەمى زانکۆکان، هەموو رێکارێکى یاسایی دەگرینە بەر، هیواشمان وایە هەموو مامۆستایان و خوێندکاران و کۆمیونیتى ئەکادیمى زانکۆکان پێکەوە هەماهەنگ بن بۆ ئەوەى بەرپرس بین و نەهێڵین ئەم دیارەدە دزێوانە بپەڕنەوە ناو حەرەمى زانکۆکانمان و پەرەبسێنێت.

به‌ربه‌یانی ئه‌مڕۆ قوتابییه‌ك كه‌ پێشتر له‌ زانكۆی سۆران كێشه‌ی هه‌بووه‌ و ده‌ركراوه‌، هه‌وڵی داوه‌ ره‌زامه‌ندی گواستنه‌وه‌ی بۆ كۆلیژی یاسای زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین وه‌ربگرێت، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی رێنماییه‌كان كاره‌كه‌ی بۆ نه‌كراوه‌، ئه‌ویش چه‌ند جارێك هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ د. كاوان كردووه‌ و به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ به‌ 5 فیشه‌ك راگری كۆلیژی یاسا و كارمه‌ندێكی پرسگه‌كه‌ی بریندار كرد، دواتر د. كاوان له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ستدا.

هاوكات قوتابییه‌كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ په‌لاماری ماڵی د. ئیدریس حه‌مه‌خان، مامۆستای كۆلیژی ئه‌ندازیاری داوه‌ و كوشتوویه‌تی، سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، د. ئیدریس هاوسه‌ری ئه‌و مامۆستا ژنه‌یه‌، كه‌ قوتابییه‌كه‌ له‌ زانكۆی سۆران كێشه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌بووه‌.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP