دواین هەواڵ

جیهان‌

 28/06/2022

ئەمریکا؛ تەرمی ٤٦ کۆچەر بە خنکاوی لەناو بارھەڵگرێکدا دەدۆزرێنەوە

هەرێم نیوز

لە ویلایەتی تەکساس، تەرمی ٤٦ کۆچەر بە خنکاوی لەناو بارھەڵگرێکدا دۆزرانەوە و ١٦ کۆچبەری دیکە بەھۆی جەڵتەی گەرما و تەنگەنەفەسی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.

بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی شارى سان ئەنتۆنیۆ رایگەیاندووە، بارھەڵگرێکیان لە نزیک ھێڵێکی شەمەندەفەر لە ناوچەیەکی دوور لە پەراوێزی باشووری شارەکە دۆزیوەتەوە کە تیایدا کۆمەڵێک تەرم هەبوون.

ویلیام مەکمانۆس بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە ڕایگەیاند، کرێکارێک کە لە باڵەخانەیەکی نزیک لە شوێنی ڕووداوەکە کاردەکات گوێی لە ھاوارێک بووە بۆ بەهاناوەچوون، بۆیە بۆ لێکۆڵینەوە ھاتووەتە دەرەوە. ئەو کرێکارە بینیویەتی بەشێکی دەرگای بارھەڵگرەکە کراوەتەوە، بۆیە لەوێوە سەیری ناوەوەی کردووە و ژمارەیەک تەرمی دۆزیوەتەوە.

لەنێو ئەو ١٦ کەسەی کە بەھۆی گەرما و تەنگەنەفەسی ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون، چواریان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە، بەڵام ھیچ منداڵێک لە نێو ئەو کۆچبەرانەدا نەبووە کە گیانیان لە دەستداوە.

چارڵز ھود، بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی سان ئەنتۆنیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: "ئەو نەخۆشانەی کە بینیمان، تووشی جەڵتەی گەرما و ماندوویەتی بوون... کۆچبەرەکان لە نێو بارھەڵگرێکی ساردکەرەوە بوون، ھیچ ئامێرێکی فێنککردنەوە لە نێو بارھەڵگرەکەدا بەدی نەکراوە."

پلەکانی گەرما لە سان ئەنتۆنیۆ، لە کاتی ڕووداوەکەدا نزیکەی ٣٩ پلەی سەدی بووە و ڕادەی شێ زۆر بووە.






Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP