دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 25/06/2022

چۆن فێری ھونەری ژیان کردن ببین

ساڵح میراودەلی
کاتێک خاوەنی پارەی دەتوانی بە ئارەزووی خۆت ئۆتۆمبێلێک بکڕیت، ئەوەش کۆتاییەکەی نیە، پێش کڕینی دەبێ فێری ھونەری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل ببیت، ئەگەر نا بە پارەکەی خۆت کارەسات بۆ خۆت و خەڵکانی دیکە دەخوڵقێنی بە لەدەستدانی ژیانیشەوە، وەک کوردەواری خۆمان دەڵێت ( ماڵی خۆت و خەڵکێش وێران دەکەیت ) خاوەن پارەبی دەتوانی بە دڵی خۆت کۆشکێک بکڕیت، بەڵام پێش ئەوە پێویستیت بە ھونەری ژیان کردنە، زۆرێک ھەن لە کەلاوەیەکدا دەژین بەڵام شارەزای ھونەری ژیان کردنن، ئاسودەترن لەو کەسانەی لە ناو کۆشکەکاندا دەژین.

دەتوانی لە ڕێگەی پارەوە بە دڵی خۆت ھاوژینی ژیانت ھەڵبژێری،کەچی زۆر کەس لەپرۆسەی ھاوژینیدا شکست دەھێنن یان ژیانێکی تاڵ وپڕ کێشە بەسەر دەبەن، لەبەر ئەوەی فێری ھونەری ھاوژینی و پێکەوە ژیان نەبوون، تەنھا لە دیوێکی بابەتەکەوە چوونەتە نێو پرۆسەی ژیانی ھاوبەش. ھەموو بوارێکی ژیان وەھایە، پێویستی بەجۆرێک لە ھونەرە بۆ گەیاندن و بە ئەزموونکردنی، مامۆستایەک چەندە پێویستی بە زانست و زانیاریە بۆ فێربوونی خوێندکارەکانی، ئەوەندەش و بگرە زیاتریش پێویستی بە جۆرێک لە ھونەری گەیاندنی زانستەکەیەتی.

گریمان ئاستی زانستی و ھزری کەسێک گەیشتبێتە ترۆپکی زانین، با بڵێین فەیلەسوفە، پێویستە ئەو کەسە شێوازی ھونەری تایبەت بە خۆی ھەبێت بۆ گەیاندنی زانستەکەی، ئەگەر نا کەس سودی لێنابینێت. قسەکردن و گفتوگۆی ژیانی ڕۆژانەمان، بەشێکی سەرەکی کاتەکانی ژیانمانی تێدا بەسەر دەبەین، بەڵام ئایا بیرت لەوە کردۆتەوە، ئەویش پێویستی بەجۆرێک لە ھونەرە؟ واتە لەکاتی گفتوگۆدا کەی قسە دەکەی؟

کەی پرسیار دەکەی ؟ کەی وەڵام دەدەیتەوە، چۆن ڕوخسەت وەردەگریت لەقسەکردن لە بابەتی چەند کەسێکی تردا. ئەوانە و کۆی بوارەکانی ژیانی ئێمە پێویستیان بە جۆرێک لە ھونەرە کە کاریگەری لەسەر کەسایەتیمان و ئاسایشی ژیان و کۆمەڵگەکەمان ھەیە.

زۆرینەی خەڵک ھەڵپەی بەدەستھێنانی خواستەکانیەتی تا ڕادەی سەرکێشی کردن بە ژیانیشیان بۆ گەیشتن پێیان، کەچی بە تەنیشت ئەوە وە لە بیری دەکەن بۆ ھەر بوارێک پێویستیان بە جۆرێک لە ھونەرە بۆ چێژ لێوەرگرتن و ژیانێکی ئاسودە و پڕ بەرھەم. کەواتە زۆر گرنگە بۆ ھەر یەکێکمان فێری ھونەری ژیانکردن ببین نەک ژیان بەڕێکردن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP