دواین هەواڵ

کوردستان‌

 23/06/2022

بانکی مەرکەزی عێراق نرخی دۆلار بەرامبەر دینار دادەبەزێنێت

هەرێم نیوز

ئه‌ندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگه‌یاند، گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق ئەگەری ئەوەیان لێ بەدی دەکرێت کە ڕەنگدانەوەیان لەسەر دۆخی دارایی و ئابووری هەبێت،دەشڵێت، نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار گۆڕانکاری بەسەردا دێت و دۆخی ئابووری عێراق دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە.

لیزا فەلەکەدین کاکەیی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابوری له‌ په‌رله‌مانی كوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق ئەگەری ئەوەیان لێ بەدی دەکرێت کە ڕەنگدانەوەیان لەسەر دۆخی دارایی و ئابووری هەبێت، دوای کشانەوەی صەدر لەپەرلەمانی عێراق ئاماژەیەک بەدیدەکرێت کەوا بەم نزیکانە صەدر بڕیاری کشانەوە لە تەواوی پەیکەری حوکمڕانی عێراقدا بدات. لە ئەگەری ڕوودانی ئەم کشانەوەیە نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار گۆڕانکاری بەسەردا دێت و دۆخی ئابووری عێراق دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕێگەی پەرلەمانتارەکانیەوە بەردەوام لە هەوڵی دروستکردنی کاریگەرییە بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارێزگاری بانکی مەرکەزی سەر بە صەدرییەکانە بە داواکارییەکانی پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕازی نەدەبوو، لەئەگەری کشانەوەی صەدر لە حکومەت پۆستی پارێزگاری بانکی مەرکەزی دەچێتە دەست چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەو کات جێبەجێکردنی ئامانجەکەیان کە دابەزاندنی نرخی دۆلارە بەرانبەر بە دینار زۆر ئاسانتر دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، هەروەک دیار یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی شەقامی عێراقی دابەزاندنی نرخی دۆلارە، هەر بۆیە ئەم هەنگاوەی چوارچێوەی هەماهەنگی تا ڕادایەک دەوری لەکپکردنی دەنگە ناڕازییەکانی شەقامی عێراقیدا دەبێت.

باسی لەوەش کرد، بڕیار وایە لە ۱۷ی تەمووزی ئەم ساڵدا لە جەددەی سعودیە بەئامادەبوونی سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوەی لووتکە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو سازبکرێت، لە کۆبوونەوەکەدا ئەگەری ڕێککەوتن هەیە لەسەر هەناردەکردنی نەوتی زیاتر لەلایەن وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان، لەپاڵ ئەمەشدا بەرزی نرخی نەوتیش بەم ڕێژەیە هۆکارگەلێکن کە بانکی مەرکەزی و وەزارەتی دارایی عێراق بتوانن کار لەسەر دابەزاندنی نرخی دۆلار بکەن و ئەو کورتهێنانەی لەدابەزاندنی نرخی دۆلاردا دروست دەبێت بە زیادکردنی ئاستی هەناردەی نەوت پڕ بکەنەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئەوەی ڕاگەیاند کە لانیکەم تاوەکو سێ ساڵی داهاتوو نرخی دۆلار بەمشێوەیەی ئێستا دەمێنێتەوە. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP