دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 رۆژ پێش ئێستا

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار: ئاوى خواردنەوەى سلێمانى هیچ کێشەیەکى تێدانیە

هەرێم نیوز

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ فەرمانگەکانی ئاو و ئاوەڕۆی سلێمانی کۆبونەتەوە  100% دڵنیاییمان پێدراوە، کە هیچ کێشەیەک لە ئاوی خواردنەوەی شارەکەدا نییە، سەبارەت بە پرۆژەی شەقامی 100مەتری سلێمانیش دەڵێت کارکردن تێیدا نەوەستاوە و بەردەوامیش دەبێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،" ئەمڕۆ بەمەبەستی پیرۆزباییکردن لە سەرۆکی نوێی شارەوانی سلێمانی و کۆبونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیەکانی شارەوانی و ئاوو و ئاوەڕۆ هاتوینەتە سلێمانی، هیچ گرفتێک لە ئاوی خواردنەوەی شارەکەدا نییە، هەموی خاوێنە و فلتەر کراوە، 100% دڵنیاییمان پێدراوە لەو بارەیەوە".

دەشڵێت: " سەبارەت بەو سەوزاییانەی لەسەر رێڕەوەکانی ئاو دەکرێت، ئەوە تەنها کاری وەزارەتی ئێمە نییە، ئەوە کارێکی تەزامونییە، پێویستە ئیدارە خۆجێیەکان لە پێناو تەندروستی هاوڵاتیان رێگری لەو کارانە بکەن".

لە بارەى بەهەمیشەییکردنی گرێبەستی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی ساسان عەونی رایگەیاند،" ژمارەیەکی زۆر فەرمانبەری گرێبەست هەیە، بەگوێرەی بڕیارێکی حکومەت ماوەیەک جارێکی دیکە هەژمارکردنیان بۆ دەکرێتەوە  وئەوەی گرنگ بێت بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.

ئاماژەشى بەوەکرد،" پلانی وەزارەتی شارەوانی بۆ ساڵی 2022 پێشکەش بە وەزارەتی پلاندانان کراوە، کەی بڕیاری لەبارەوە بدرێت جێبەجێ دەکرێن، جگە لەوەش سەرۆکایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆ لەسەر داهاتی خۆیان پرۆژەی گەیاندنی ئاو و ئاوەڕۆ بە گەڕەکە نوێیەکان جێبەجێ دەکەن".

سەبارەت بە پرۆژەی شەقامی 100مەتری سلێمانی، وەزیری شارەوانی وتی،" رۆژی 6-6 دوا بڕیار لە دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بەو پرۆژەیە دەرچو، کارکردن تێیدا بەردەوام دەبێت و پێشتریش هەر بەردەوام بوە، بە نیسبەت پارەی پرۆژەکەش میکانیزمێکی بۆ دیاریکراوە".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP