دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 رۆژ پێش ئێستا

حکومەتى هەرێم چەند هەنگاوێک بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى بە بیابانبوون دەگرێتە بەر

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەری ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ رێگریکردن لە بەبیابانبوونی ھەرێمی کوردستان چەندین رێکاری پێویست دەگیرێنە بەر وکۆمەڵێک پێشنیاریشیان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران، لەوانە پشتێنەی سەوزایی لە ھەموو پارێزگاکان و ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت.

ئازاد نووری عەوڵا، بەڕێوەبەری ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کودستان به‌ ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگه‌یاندوە، ''بەھۆی ئەوەی مەترسیی بەبیابانبوونی جیھان ھەیە، ھەرێمی کوردستانیش بەشێک دەبێت لەو مەترسییە، بۆیە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵا بە بەشداریی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئەنجام درا، بۆ ئەوەی ھەرچی رێکاری پێویستە بگرینە بەر بۆ رێگریکردن لە بەبیابانبوونی ھەرێمی کوردستان''.

دەشڵێت: "ئێمە پێشنیازەکانی خۆمان ئامادە کردووە و داومانەتە ئەنجومەنی وەزیران کە لەوێ لیژنەیەک بۆ قەیرانەکان ھەیە، بۆیە ئەوان بڕیار دەدەن''.

ئاماژەى بەوەشکردوە، ''داوامان کردووە لە ھەموو پارێزگاکان پشتێنەی سەوزایی دروست بکرێت و دارستانی دەستکرد و رێژەی سەوزاییش زیاد بکرێت، ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە مەترسی لەسەر بەبیابانبوونی ھەرێمی کوردستان  کەم بکاتەوە''.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP