دواین هەواڵ

کلتور‌

 16/06/2022

كاریگەری گۆرانی و میوزیك لەسەر یادەوەری مرۆڤ

دلێر سەلیم

كات ئەمە دروست دەكات، یادەوەرییەكان ئەكات بە دوو بەشەوە (شوێن و مرۆڤ) كە پەیوەندی راستەوخۆیان پێكەوە هەیە، نموونەیەكی سادە، زۆرجار گۆرانیەك شوێنێكت بیر دەهێنێتەوە، گۆرانیەكیش كەسێكت بیر دەهێنێتەوە. بۆ یادەوەری گرنگ نیە ئەو شوێنە خۆش بووبێ‌ یا ناخۆش، بەهەمان شێوە گۆرانیەك خۆش بێت یا ناخۆش ئەمە بەپێی ئاست و میزاجی كەسەكان دەگۆڕێت، هەر بۆیە ئەو كاریگەرییە بۆ هەموو ئاست و میزاجەكان هەمان شتە.

تێپەڕبوونی كات بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەرەو سەرەوەوە كاریگەری ئەو شوێنە لە یادەوەریدا دەمێنێتەوە، یادەوەرییەكانیش تا كۆنتر بن شیرینتر ئەبن ئەتوانی هەر ئێستا بیر بكەیتەوە سەرەتا بگەڕێوە پێش 5 ساڵ پاشان 10 ساڵ یا زیاتر بەپێی تەمەنەكەت. زۆربەی یادەوەرییەكان بەشیرینی ئەمێننەوە تەنیا بەشێكیان نەبێت بۆ نموونە لە دەستدانی كەسێك یا نەهامەتیەك هەر شتێك كە بیركردنەوە لێی ئازارت دەدات . زۆرجار لە یادەوریدا ئەتوانیت بگرێیتەوە بۆ ئەو زەمەنە و یادگارییەكانت بیر بخەیتەوە كە ئەمەیان راستەوخۆ خۆت بڕیارتداوە بیر لەو شوێنە بكەیتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە لە هەر دۆخێكدا بیت لە كار، پیاسە، شۆفێری، قوتابخانە، باخچە، .. هتد هەر كاتێك گوێت لە گۆرانیەك بێت كە رۆژانێك گوێت لێ‌ گرتووە، راستەوخۆ ئەتباتەوە ئەو شوێنە وات لێ‌ دەكات یادەوەری ئەو زەمەنەت بۆ بگەڕێنێتەوە، چونكە لە یادەوری تۆدا ئەو گۆرانی و شوێنە گرێدراون بە یەكەوە.
جۆرێكی تر كە شوێن و مرۆڤەكان پێكەوە دەبەستێتەوە، گومانی لتێدا نیە گۆرانی لەم رووەوە فاكتەرێكی بەهێزە بۆ بیرهێنانەوەی كەسێك، دەبینی لە رادیۆیەك یا لە هەر شوێنێك گۆرانیەكت بەر گوێ‌ دەكەوێ‌ بێ‌ هیچ ئامادەباشیەك یادەوەریت دەتبات بۆ لای ئەو كەسە لەگەڵیشیدا شوێنەكە.

لەبەر ئەوەی گۆرانی و میوزیك خاوەن ئاوازن ئەمەش بۆ یادەوەری ئاسانە تاكو تۆماریان بكات و لە هەر كاتێكدا گوێبیستی بووی وەكو كاسێتێكی ڤیدیۆ بۆت لێداتەوە، زۆرجار دەمانبینی وانەكانی قوتابخانە لە رێگەی گۆرانیەوە پێشكەش دەكران، ئەمەش وای دەكرد قوتابیەكان خێراتر وشەكان بناسن و لەبەری بكەن جگە لەوەش گۆرانی و میوزیك وەك چارەسەر هەمیشە كاریگەری باشی هەبووە بۆ نموونە، ئەوانەی تووشی نەخۆشی بیرچوونەوە (زەهایمەر) بوونە، دیارە ئەم نەخۆشیە وا لە مرۆڤ دەكات یادەوەری لە دەست بدات، یەكێك لە چارەسەرە كاریگەرەكان گوێگرتنە لە گۆرانی، توێژینەوەی زۆری لەسەر كراوە بەردەوامیش لێكۆڵینەوە لێی بەردەوامە، گۆرانی و میوزیك كەناڵێكی بەهێرە بۆ پەیوەندیكردن بە یادەوەریەكانەوە هەر بۆیە گرنگیەكی زۆری هەیە بە تایبەت لە وڵاتانی رۆژئاوا.

لە دیكۆمێنتاری (چیرۆكی میوزیك و یادەوەری باش) كە لەساڵی 2014 بڵاوكراوەتەوە كەسێك كە تووشی بیرچوونەوە بووە هیچ یادەوەرییەكی نەماوە یەكێك لەو گۆرانیانەی كە پێشتر گۆیی لێ‌ بووە بە هێدفۆن بۆیان ئامادەكرد كە گوێی لێ‌ بگرێت، كە گوێی دەگرت وشەكانی دەوتەوە، بەڵام بەشێوەیەك نا كە بەرامبەر حاڵی بكات تەنیا ئەتتوانی لە ئاوازەكە حاڵی بیت، دوایی پرسیاریان لەسەر گۆرانیەكە لێكرد لە وەڵامدا وتی، زۆر خۆش بوو حەزم لەو گۆرانیەیە دوایی گۆرانیەكەی دەوتەوە زۆر بە جوانی. زورجار لەگەڵ وتنەوەی گۆرانیدا ئەوانەی تووشی بیرچوونەوە بوونە ئەتوانن ئەو یادەورییانەی تایبەتن بەو گۆرانیە بیریان بێتەوە.

ئەگەر بتەوێت شوێنێك یا كەسێكت بیر بكەوێتەوە ئەمە خۆت بڕیارت داوە بیریان لێ‌ بكەیتەوە، بۆ نموونە بیری شوێنێك دەكەیت ماوەیەك لە یادەوەری خۆتدا دەیانهێڵیتەوە ئەمە زۆرجار بەسەر هەموومان هاتووە، بەڵام كاتێك تۆ لە كار، پیاسە، دانیشتن، شۆفێری .. هتد بیت كە گوێت لە گۆرانیەك دەبێت راستەوخۆ ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو یادەوەرییەی كە لەگەڵ ئەو گۆرانیەدا تۆماربووە، هێزی ئەو گۆرانیە وات لێ‌ ئەكات بۆ كەمێك بە بیری خۆتی بهێنیتەوە جا ئەو یادەورییە شوێن بێت یا كەسێك بێت، بۆیە ئەتوانین بڵێین ئەوە دەسەڵاتی تۆ نیە بگرە گۆرانیەكەیە بڕیاری داوە بتگەڕێنیتەوە.

زۆربەی كات یادەوەرییەكان بەشیرینی ئەمێنەوە یانی كاتێك دێنەوە یادت خۆزگەیان بۆ دەخوازی، بۆ نموونە پێش 10 ساڵ یا زیاتر لە شوێنێك بوویتە لەو كاتەدا ئەو گۆرانیەت گوێ‌ لێ‌ بووە یا خوت لێت داوە، هەر جارێك گوێت لێ‌ دەبێت راستەوخۆ ئەتگەڕێنێتەوە ئەو زەمەنە ئەگەر لە ماوەی هەفتەیەكدا 4 جاریش ئەو گۆرانیەت بەر گوێ‌ بكەوێ‌، هەر 4 جارەكە یادەوەرییەكانت بەرەو ئەو شوێنە دەتبەن.

باشە ئەگەر بێ‌ گۆرانی بگەڕێنەوە بۆ شوێنێك ئایا جیاوازی دەبێت؟ دەتوانیت ئەنجامی بدەی، بێ‌ ئەوەی گۆرانیەكەت لابێ‌ بیری شوێنێكی دیاری بكە مەبەست لێی گۆرانیەك كە لەو شوێنە گوێت لێ‌ بووبێ‌، ئەتوانم نموونەیەكی خۆم بهێنمەوە، گۆرانیەك هەیە هەر كاتێكدا گوێم لێ‌ دەبێت ئەو كاتەم دێنێتەوە یاد كە شوان بووم، هەتا كات و لێواری دۆڵەكان و زۆر شتی تر، باشە ئەگەر بێ‌ ئەوەی گوێم لەو گۆرانیە بێت ئەتوانم چیم بیر بكەوێتەوە؟ ئەم تاقیكردنەوەیەم ئەنجامدا هەر چەندە زەحمەت بوو تا گۆرانیەكەم دۆزیەوە، سەرەتا بێ‌ ئەوەی گوێ‌ لە گۆرانیەكە بگرم توانیم چەند دیمەنێكی ئەو شوێنەم بیر بێتەوە دوایی گۆرانیەكەم هەڵكرد هەر سەرەتایی دەست پێكردنی میوزیكەكەی زوو زانیم كە رادیۆیەكی دەستم قیسارەیەكی سووری بچووكەكان بوو، پاشان مەڕ و بزنەكان لە دۆڵێكی بەرامبەر بوون خۆشم لە دۆڵێكی تر، پێڵاوە لاستیكەكانی پێم، كاتژمێرێك پێش خۆر ئاوا بوون، لایەنی دەروونی ئەو كاتم، ئەمە نموونەیەكی زیندووی خۆمە كە دوایی تاقیكردنەوەكە بۆم دەركەوت گۆرانی ئەتوانی دیمەنی زۆر زیاترت بیر بهێنێتەوە وەك بێ‌ گۆرانی.

پرۆفیسۆر پیتەر جاناتا لە زانكۆی كالیفۆرنیا/داڤیس (UC Davis) لە ساڵی 2009 لە بەشی زانستی دەمار، لێكۆڵینەوەیەكی ئەنجامدا ئەو پەیوەندییەی روونكردۆتەوە كە لەنێوان میوزیك/گۆرانی و یادەوەریدا هەن، 30 گۆرانی جیاوازی هەڵبژارد كە بە هێدفۆن گوێی لێ‌ بگرن لە لایەن چەند كەسێكەوە، بە تیشكی (MRI) چاودێری خستە سەر ئەو بەشەی یادەوەری لە مێشكی مرۆڤدا كە لە ناوەوە ئەكەوێتە بەشی ناوچەوانەوە كە تایبەتە بە یادەوەری، مێژووی گۆرانیەكانیش لە نێوان 8-18 ساڵ بوون، یانی پێش 8 ساڵ تا 18 ساڵی پێشتر وترابن، لە رێگەی ئەو تیشكەی (MRI)ەوە چاودێریانی دەكرد، بینی لە كاتی گوێگرتندا ئەو بەشەی ناوچەوان شەپۆل دەردەكەوت، واتە راستەوخۆ ئەو كەسە گوێی لەو گۆرانیە دەبێت دەیگەڕێنێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی یەكەمجار گوێی لێ‌ بووە.

ئەبێ‌ ئەوەش بزانین یادەوەری كورت خایەن و درێژ خایەنیش هەن، كورت خایەنەكان ئەوانەن كە بەشی یادەوەری مێشك بە گرنگی نازانێت و تەنیا ماوەیەكی كەم دەیهێڵێتەوە ناینێری بۆ بەشی درێژ خایەن، بۆیە ئەتوانین ئەوەمان بە ئاسانی بۆ دەربكەوێت بۆ تەنیا چەند رووداوێك لەو رووداوانەمان بیرماوە كە لە ژیانماندا روویان داوە؟

لە راستیدا قسەكردن لەسەر بەشی یادەوەری ئەوەندە ئاسان نیە بە تایبەت ئەگەر تایبەتمەندیت تێیدا نەبێت، ئەتوانن بڵێم ئەو چەند دێڕەی ئێستا خوێندتەوە بەدواداچون و كاركردنی هەشت مانگمە كە بەردەوام دەمویست زیاتر بزانم، ئەوەی زانیم و پێی گەیشتم ئەمانە بوون، بۆیە پێمخۆش لە بابەتێكدا بڵاوی بكەمەوە.

سەرچاوە:
01- ئەقڵ و دڵ، دیار سابیر
‏02- Study Finds Brain Hub That Links Music, Memory and Emotion
‏03- Alive Inside: A Story Of Music & Memory Featurette – Documentar




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP