دواین هەواڵ

وەرزش‌

 04/06/2022

هەولێر، ئەمرۆ دووەمین پاڵەوانێتی عەرەبی بۆ یارییە ئاسمانییەکان بەڕێوە دەچێت

هەرێم نیوز
بە بەشداری ژمارەیەک لە یانەکانی وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی کوردستان دووەمین پاڵەوانێتی عەرەبی بۆ یارییە ئاسمانییەکان دەستپێدەکات، یارییەکان لە چەند شوێنێکی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بەڕێوەدەچن.

کوردەوان نەقشبەندی، سەرپەرشتیاری هونەری دووەم پاڵەوانێتی عەرەبی بۆ وەرزشە ئاسمانییەکان رایگەیاند: "یەکەم پاڵەوانیەتی عەرەبی بۆ یارییە ئاسمانییەکان لە وڵاتی مەغریب بەڕێوەچوو، کاتژمێر 5ی ئێوارەی ئەمڕۆش دووەمین پاڵەوانێتی بە بەشداری 12 وڵات لە هەرێمی کوردستان دەکرێت".

گوتیشی: "سرووشتی هەرێمی کوردستان بۆ یارییە ئاسمانییەکان گونجاوە، بۆیە ناوەندی یەکێتی ئاسمانی عێراقی، هەرێمی کوردستانی بۆ بەڕێوەچوونی دووەمین پاڵەوانێتیەکە دیاریکردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "لە یەکەم پاڵەوانێتی وەک هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەڵبژاردەی عێراق بەشداربووین، چونکە نەدەکرا یانەکان بەشداربن، بەڵام ئێستا ئاستی یاریزانانی هەرێمی کوردستان زۆر باشە، بەتایبەتی لە پەڕەگلایدەر و پەڕەماتۆڕ".

کوردەوان نەقشبەندی، روونیکردەوە: "ئەمڕۆ لە یەک کاتدا سێ پاڵەوانێتی بەڕێوەدەچێت، سکای دایف لە پارکی سامی عەبدولرەحمان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، پەڕەگلایدەر لە چیای کۆڕەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجامدەدرێت، هەروەها پاڵەوانێتی پەڕەماتۆڕ لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەدەچێت، بەڵام رێوڕەسمەکە لە هەولێر دەبێت".

باسی لەوەشکرد: "بەگوتەی ئامادەبووان، ئەو ئامادەکارییەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان کراوە، لە یەکەم پاڵەوانێتی لە وڵاتی مەغریب نەکراوە، گڕوتینی باش هەیە لەلایەن وەرزشوانان، هەروەها لەلایەن بەرپرسانی وەرزشی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی باش هەیە، بۆیە پێشبینی دەکەین پاڵەوانێتییەکە لە ئاستێکی باشدابێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "چەند راهێنەرێکی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان راهێنان بە وەرزشوانانی ئەو بوارە دەکەن، بەڵام ژمارەی یاریزانانی ئافرەت بۆ یارییە ئاسمانییەکان کەمە".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP