دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 03/06/2022

خۆپاراستن لە بیری نەرێنی و هەڵە، ڕێگەی سەرەکی دەرووندروستییە!

د.جەعفەر عومەر- پزیشکی پسپۆری دەروونی

هۆکاری سەرەکی تێکچوونی دەرووندروستی تاک، بریتییە لە باوەڕ و تێڕوانینەکان و شێوازی بیرکردنەوەی نەرێنی و هەڵە! هەروەک گوتراوە، "مرۆڤ زادەی بیرکردنەوەکانییەتی".

بیرکردنەوە هۆکاری سەرجەم رەفتارەکانی مرۆڤە، بنەمای سەرەکییە بۆ ئەنجامدانی هەڵسوکەوتەکان. کاتێک کە بە ئەرێنی بیر لە ڕووداوێک دەکرێتەوە کاریگەریی ئەرێنی هەیە، وە بە پێچەوانەشەوە.

هەریەکە لە مرۆڤەکان خاوەنی چەندین باوەڕ و تێڕوانینی تایبەتن بە ژیان، کە لە سەرەتای تەمەنی منداڵییەوە بۆی دروستبووە و ئاڕاستەی ژیانی دەکات، ئەگەر ئەو تێڕوانینانە هەڵە و نەگونجاوبن ئەوە مرۆڤەکە دەخەنە دۆخێکی ناخۆش و ناهەموارەوە، بۆنمونە؛

باوەڕی وابێت کە کەسی باش لە کۆمەڵگەدا نییە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە متمانە بە چواردەوەری نەکات و ڕەفتاری چواردەوری بە گومانەوە ببینێت.

ئەگەر نەرێنی بیربکاتەوە سەبارەت بە ڕووداوەکانی داهاتوو، ئەوە بەردەوام لە دڵەڕاوکێدا دەژی، ئاسودەیی نامێنێت و بێئۆقرەی دەکات.

کەسێک کە باوەڕی بە بابەتە خورافییەکانی وەکو نوشتە و جادوو، شومی هەبێت، بەکاریگەریان بزانێت، لە ژیانیدا بەردەوام لە ترسدا دەژی، و خۆی وەکو کەسێکی بێدەسەڵات دەبینێت، هەڵە و کەمووکوڕییەکانی خۆی بۆ ئەو بابەتانە دەگێڕێتەوە!

کاتێک کە باوەڕی بەخۆی هێناوە، کەسێکی توڕەیە و ناتوانێت خۆی کۆنتڕۆڵی توڕەییەکەی بکات، ئەوە بەردەوام کەسێکی هەڵچوو و توڕە دەبێت و بەوشێوە مامەڵە دەکات.

بیرکردنەوەکانی تاک کە سەرچاوەی سەرەکییان بریتییە لەو باوەڕە چەسپاوانەی لە منداڵییەوە لای مرۆڤ دروستدەبن، کاریگەری ڕاستەوخۆ دەکەنە سەر ڕەفتاری کەسەکە. دەرئەنجام دەکەوێتە بیرکردنەوەی زۆر یان بیرکردنەوەی دووبارە و بێئەنجام سەبارەت بە ڕەفتاری ئەوانی تر!

پاککردنەوەی دەروون و مێشکی تاک لەو بیرکردنەوە هەڵانەی هەیەتی بەرانبەر بە ژیان، کەسانی تر و خودی خۆی، سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ دەرووندروستی. لەبەرئەوە پێویستە مرۆڤ خۆی لە بیرکردنەوە نەرێنییەکان دەرباز بکات، ئەو ڕێگە بەرکابهێنێت کە بۆی گونجاوە. بۆنمونە کەسەکە خۆی دەتوانێت هەموو بیرکردنەوە نەرێنییەکان تۆمار بکات و ڕۆژانە کاریان لەسەر بکات، یان ئەگەر خۆی نەیتوانی لەگەڵ کەسێکی تری شارەزا هەوڵی گۆڕینیان بدات (چارەسەری دەروونی).

بۆ بڕیاردان لە وەرگرتنی هاوکاری بۆ گۆڕینی بیرکردنەوە، ئەگەر ئەم هۆکارانە هەبوون

پێویستە بەڕێگەی چارەسەری دەروونی، بیرکردنەوەکان بگۆڕدرێن:

بیرکردنەوە هەڵەکە لێکەوتە و زیانی زۆری داوە لە کەسەکە.

کەسەکە خۆی پێشتر هەوڵی گۆڕینی بیرکردنەوەکەی داوە و سەرکەوتوو نەبووە.

ئەگەر بیرکردنەوەکە هۆکار یان دەرئەنجامی نەخۆشییەکی دەروونی بێت.

کەسەکە خۆی نەیتوانی ڕێگاکانی گۆڕینی بیرکردنەوە بەکاربهێنێت.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP