دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 16/05/2022

نەخۆشیەکانی کوێرەرژێنێ پەریزادە یاخود غودەی دەرەقی ( Thyroid gland )

دکتۆر عارف گۆران - پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو -لەندەن

کوێرەرژێنێ پەریزادە یاخود غودەی دەرەقی، دەکەوێتە ناوەڕاستی ملی مرۆڤ .

ئەو کوێرەرژێنە ھۆرمۆنی سایرۆکسین درووست دەکات ، سایرۆکسین ڕۆلێکێ زۆر گرنگ لە رێکخستنی زیندەچالاکیەکانی لەشی مرۆڤ دەبینێت. کوێرەرژێنی پەریزادە لەژێر کۆنترۆلی ژێرمێشکە ڕژێنە( Pituitary gland ) کە دەکەوێتە بەشی خوارەوەی مێشک .

لەباری ئاساییدا بڕی پێویست لە ھۆرمۆنی سایرۆکسین کۆنترۆل دەکرێت . دیارە غودەی دەرەقی تووشی کۆمەلێک نەخۆشی دەبێت .

لەوانە ئاوسان و گەورەبوونی کوێرەرژێن (Goitre )و پەیدابوونی گرێ ( Thyroid nodule )، لە زۆربەی حالەتەكاندا ئەو گرێیانە ھیچ کێشەیەک بۆ نەخۆش درووست ناکەن ، بەلام رێژەیەکی زۆر کەم لەو گرێیانە بۆی ھەیە شێرپەنجە بێت ، ھەر بۆیە ھەر ئاوسانێکی غودە پێویستە لە لایەن پزیشکی پسپۆر ھەلسەنگاندنی بۆ بکرێت .

ئەو نەخۆشیانەی کار دەکاتە سەر فەرمانی کوێرەرژێنی پەریزادە بریتین لە ژەھراوییبونی غودە (Thyrotoxicosis) کە ھەندێک جار بە غودەی ھار لەناو خەلک دەناسرێت ، لەم حالەتەدا گلاندەکە رێژەیەکی زۆر لە ھۆرمۆنی سایرۆکسین درووست دەکات و کۆمەلێک کێشە بۆ نەخۆش درووست دەکات .

رێک پێچەوانەی ئەو نەخۆشیە پەک کەوتنی یاخود سستی غودە ( Hypothyroidism )ھەیە کە دەبێتە ھۆی کەمبوونەی رێژەی ھۆرمۆنی سایرۆکسین و یەکێکە لە حالەتە باوەکان و چارەسەری لە رێگای حەبی سایرۆکسین زۆر ئاسانە .

ھەوکردنی کوێرەرژێنی پەریزادە ( Thyroiditis )حالەتێکی کاتیە بەلام دەستنیشانکردنی گرنگە بۆ ئەوەی نەخۆش دەرمان بەھەڵە بەکارنەهێنێت .

لە دوای نەخۆشی شەکرە کێشەکانی غودەی دەرەقی بەشێکی زۆری کارەکانی پسپۆرانی کوێرەرژێنەکانە.

ھەول ئەدەم لە رێگای چەند پۆستێک ھەرجارەی باسی یەکێک لەو نەخۆشیانە بکەم و زیاتر ئەو خالانە باس بکەم کە سوودی بۆ نەخۆش ھەبێت .

ئەگەر کەسێک دەناسیت نەخۆشی غودەی دەرەقی ھەبێت ئەو پۆستە شێر بکە بۆ ئەوەی بتوانن لە ئایندە پۆستەکانم بخوێننەوە .




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP