هەرێم نیوز
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ بەنداوی ستراتیژی دروست دەكرێن .
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی لرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیارە ژمارەیەک بەنداو لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن، کە سێ لەو بەنداوانە ستراتیژین و لە ئێستادا حکوومەت کار بۆ دەستپێکردنی ئەو بەنداوانە دەکات.
وتیشی، یەکێک لە بەنداوەکان دەکەوێتە گوندی باکرمانی پارێزگای دھۆک و بەنداوێکی دیکەش لە پارێزگای ھەولێر لەسەر زێی گەورە دروست دەکرێت، ھەروەھا بەنداوی خێوەتە لە سلێمانی دروست دەکرێت.
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، دەشڵێت:" لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی حکوومەت دانوستان لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیا کراوە بۆ ئەوەی دەست بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی سێ بەنداوی ستراتیژی بکرێت و دوای تەواوبوونی رێکارەکان دەچنە بواری جێبەجێکردن."
ئاماژەی بۆئەوەشكرد، پێش ئێستا 13 بەنداو ھەبوون و کارکردن تێدا ڕاگیرابوو، بەڵام حکوومەت لە ھەوڵدایە بۆ تەواوکردنیان، ئەوەش لەپێناو کۆکردنەوەی ئاو و سوود وەرگرتن لە ئاو، بەتایبەتی لە کاتێکی وەک ئێستادا بەرەنگاری وشکەساڵی دەبینەوە و بە تەواوبوونیان سوودێکی زۆری دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا ھەنگاوی دیکەش ھەن بۆ گلدانەوەی ئاو لە ناوچەی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین.