هەرێم نیوزز
بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی حكومهتى ههرێم ڕایدەگەیەنێت، عێراق دەستیکردووە بەهاوردەکردنی گەنمی ئوستراڵیو بڕیاریشە گەنم بەردەوام لەعێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان ڕهوانه بكرێت بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو ماوەیە بکەنەوە کە نەیانناردووە، دهشڵێت:"لەعێراق سێ بەشە ئارد دابەشکراوە، بەڵام لەهەرێم یەک بەشە ئاردیش بەتەواوی دابەشنەکراوە".
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانیو پیشەسازیی حكومەتی هەرێم بهمیدیاى پارتى ڕاگەیاندووە، "لەعێراق سێ بەشە ئارد دابەشکراوە، بەڵام لەهەرێم بەشە ئاردێكیش بەتەواوی دابەشنەکراوە، ئەمەش بەهۆی نەمانی گەنم لەهەرێمو کەمبوونەوەی گەنم لەعێراقداوە بووە".
بهوتهى بهرپرسهكهى ههرێم، لەساڵی 2022دا واته ئهمساڵ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان کەمتر لەنیوەی بەشەئاردی مانگی یەكیان وەرگرتووە.
دەشڵێت:"عێراق دەستیکردووە بەهاوردەکردنی گەنمی ئوستراڵیو بڕیاریشە، گەنم بەردەوام لەعێراقەوە بۆ هەرێم ڕهوانه بكرێت بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو ماوەیە بکەنەوە، کە نەیانناردووە".
ئەوەشی خستۆتەڕو،"ئەو گەنمەی دێت ئوستراڵییەو بەشێکیشی گەنمی ناوخۆیە، ڕۆژانەش لەعێراقەوە چەند بارهەڵگرێك گەنممان بۆ دێت، بەڵام پڕۆسەكە هێواشە، لەكاتێكدا ئێمە مانگانە بۆ هەموو هەرێم پێویستمان بە 58 هەزار تۆن گەنم ههیه".
ئاماژەشی بەوەکردووە، "ئەگەرچی لەناوچەكانی تری عێراق بەشە ئاردی زیاتر دابەشكراوە، بەڵام هێشتا ئارد لەهەرێم هەرزانترە، چونكە لەهەموو سنوورەكان ڕێگا بۆ هێنانی ئاردی بازرگانی كراوەیە، ئەوەش وایكردووە نرخەكەی گران نەبێت".
ساڵانە ئەگەر 10 مانگ ئارد دابەشبكرێت، بەگشتی هەرێمی كوردستان پێویستی بەنزیكەی 600 هەزار تۆن ئارد دەبێ بۆ بەشەخۆراكی مانگانە، بهڵام بهرپرسهكهى ههرێم دهڵێت:"بڕى پێویست گهنممان لهبهردهست نییه".