دواین هەواڵ

کلتور‌

 18/01/2022

دەرزیئاژن - یەکێک لە هەرە خراپترین کتێبەکانی ساڵ -

شوان ئەحمەد
لەسەردەمانی جەنگی سارددا یەکێک لە گوتارە ئایدیۆلۆژییە باوەکان، گوتاری دژە ئەمریکایی و دژە خۆرئاوا بوو. لەو سەروبەندەدا هێزە سیاسییە خۆ بە چەپ و مارکسی زانەکانی ئێمە، وەک چاولێکەری و لاسایکردنەوە و وەدوکەوتنی ئایدیۆلۆژیای باو لەو قۆناغەدا، دژایەتیکردنی ئەمریکا و ئیمپریالیزم دەکەنە بەرنامەو ستراتیژی کاری خۆیان.
هاوکات لەگەڵ تاوسەندنی تەوژمی ئیسلامی ئسوڵیشدا، تەرێزکردن لە خۆرئاواو پەلاماردانی ئەمریکا و شارستانیەتەکەی، دەبێتە ویردی سەر زمان و وەک فەرزێک لە نێو هەوادارانی ئەوگروپانەدا پەیڕەودەکرێت.

سەیر ئەوەیە ئەم بابەتە پاشتر و لەهێرش و پەلامارەکانی یانزەی سێپتەمبەر بە دواوە، لەکایەی ڕۆشنبیری کوردیشدا(لەڕێی چەند ئەکادیمیست و ڕۆشنبیرێکەوە)، ڕەواجی پێدەدرێت و تیۆریزەی بۆ دەکرێت.

بەشێک لەو قەڵەمانەی لەنێو کایەی ڕۆشنبیریی کوردیدا لەهەوڵی تۆخکردنەوەو شەرعیەت پێدانی ئەم گوتارەدان، ئەوانەن کە لە تاراوگەن یان ساڵانێک لەوێ ژیاون و خوێندویانە. نمونەکانیان وەک:(فاروق ڕەفیق، فەرهاد شاکەلی، ئەمجەد شاکەلی و .... هتد).

خوێنەرانی ئێمە دەتوانن لە(پاکس ئەمریکانای فاروق ڕەفیق) و (دەرزیئاژنی فەرهاد شاکەلی) و (ئاوڕدانەوەیەک لەڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتناسی ئەمجەد شاکەلی)دا، گوتاری دژە ئەمریکایی و ئەنتی خۆرئاوایی بەڕوون و ڕەوانی ببینن.

(دەرزیئاژن)ی فەرهاد شاکەلی کە ئەمساڵ چاپی دووەمی لە دەزگای سەردەم بڵاوبۆتەوە، هەوڵێکە لەو هەوڵانەو یەکێکە لەخراپترین و ژەهراویترین ئەو بەرهەمانەی لەمساڵدا لە کتێبخانەی کوردی دا بینیبێتم.

نوسەر لەپێشەکی کتێبەکەیدا نیازمەندی خۆیمان لەنووسینی ئەم بەرهەمەیدا بەمجۆرە بۆ ئاشکرا دەکات و دەڵێت:(من ئەم بەرهەمەم بە پلەی یەکەم بۆ خوێنەری کورد نووسیووە، تا خەڵک بەئاسانی بەر شەوارەی پڕوپاگەندەی ڕۆژئاوا نەکەون).

ئەمە لە کاتێکدا تەواوی کتێبەکە جگە لە خەشم و قینێکی سایکۆلۆژی بەولاوە، دژ بە خۆرئاواو هەوڵێک بۆ بەئەهریمەن نیشاندانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، شتێکی تر نییە. ئەم نووسەرەمان تەنانەت لەکاتی بەخشینی خەڵاتی کۆمیتەی نۆبێل – خەڵاتی ئاشتی ساڵی ٢٠١٨ -، بە خاتوو نادیە موراد وەک توێژەر و ئەکادیمیستێک لەزانستگەی ئۆپسالاوە، بەگرژی و بەدگومانییەکی زۆرەوە وتارێک لەژێر تایتڵی ( خەڵاتی درۆ ، ڕۆژاوای دووڕوو) دەنووسێت. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە:(کوردستانی نوێ ، ژمارە ٧٦٨١ یەکشەممە ٧ – ١٠ – ٢٠١٨ لاپەڕە ٨).

وەک خۆم لەگوتاری دژە ئەمریکایی لەنێو عەرەب و لەنێو ئیسلامیە ئسوڵییەکاندا تێدەگەم کە بڕێکی پەیوەندی بە فەلەستین و بە ئیسلام و بەرامبەرکێی شارستانیەت و کولتوورییەوە هەیە، بەڵام لەم گوتارەو وەزیفەی ئەم گوتارە لەنێو کورد و کایەی ڕۆشنبیری کوردیدا حاڵی نابم و نازانم سەنگەر گرتن و دژایەتیکردنی ڕۆژئاوا و ئەمریکا، بۆ چییەو لەپای چییە؟ هەوڵدان بەتۆپزی بۆ دروستکردنی ئەم کەلێن و دوژمنایەتییە، بەچ سوود و قازانجێک بۆ کورد دەگەڕێتەوە؟

خراپی و نابووتی ئەم کتێبە لەوەدایە، بەخورت و خۆڕایی دەیەوێت بە وێناکردنی ڕۆژئاوا وەک غۆلێک، ئەو کەمە دۆستانەشی کورد لەم سەرزەمینەدا شکیان دەبات، بکاتە دوژمن.
(فەرهاد شاکەلی: دەرزیئاژن – پێوەندییە نایەکسانەکانی ئێمە و ڕۆژاوا لە ڕوانگەیەکی فەرهەنگی و سیاسییەوە – دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی دووەم ، ٢٠٢١). 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP