دواین هەواڵ

کوردستان‌

 18/01/2022

وته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی: جوڵه‌كانی هادی عامری بۆ ئه‌وه‌ بوو بێنه‌ ناوپێكهێنانی حكومەتەوە

هەرێم نیوز

وته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رایگه‌یاند، وه‌ك پارتی هیچ  لاریمان نه‌بووه‌ لەوەی هه‌ر هاوپه‌یمانێتی دیكە  بێته‌ ناو حكومه‌تی داهاتووی عێراق و لای ئێمە ئه‌وه‌ گرنگه‌ مافى ده‌ستووری خه‌ڵكی كوردستان دابین بكرێن.

ڤیان ده‌خیل، وته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگەیاند، یریار وایە رۆژی 8ـی شوبات ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پرسی سه‌رۆك كۆمار كۆببێتەوە ،ئەوەش دەبێتە دووه‌مین دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق.

وتیشی، ئه‌گه‌ر سبه‌ی دادگای فیدڕاڵی هه‌رچ بڕیارێك ده‌ربكات، هیچ له‌ بابه‌ته‌كه‌ و دانانی پۆسته‌كانی ناو په‌رله‌مان ناگۆڕێت، واته‌ دادگای فیدڕاڵی ناتوانێت ئاراسته‌ سیاسییه‌كان بگۆڕێت، ته‌نیا بوارێك بوو به‌و كه‌سانه‌ تانه‌ پێشكه‌ش به‌ دادگا بكه‌ن.

دەشلێت:" هه‌ر سێ هێزی سه‌ره‌كی له‌ په‌رله‌مانی عێراقی "پارتی و ته‌قه‌دووم و ره‌وتی سه‌در" پرسه‌كانیان یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه‌، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكەی  شیعه‌،( چوارچێوەی هه‌ماهه‌نگی) ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و سێ هێزه‌ رێك بكه‌ون".

ئاشكراشیكرد، جوڵه‌كانی هادی عامری چوونی بۆ نه‌جه‌ف و پاشان هه‌ولێر، بۆ ئه‌وه‌ بوو هه‌وڵ بده‌ن بێنه‌ ناو بازنه‌كه‌.

وته‌بێژی فراكسیۆنی ئاماژەی بۆئەوەشكرد، وه‌ك پارتی هیچ خۆپارێزیمان نه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر هاوپه‌یمانێتییه‌ك بێته‌ ناو حكومه‌تی داهاتووی عێراق، لای پارتی ئه‌وه‌ گرنگه‌ مافه‌كانی ده‌ستووری و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان دابین بكرێن، له‌ هه‌مان كاتدا بۆ ئێمه‌ خۆش بوو له‌ به‌غدا ماڵی كوردییش یه‌ك بان".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP