هه‌رێم نیوز
هەوڵه‌كانی ئێران به ئاراسته‌ی یه‌كخستنی ناو ماڵی شیعه چڕ بوه‌ته‌وه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌وه كه گه‌یشتوه‌ته‌وه عێراق، قائانی، چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی نیشتمانی و دو جاریش له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در كۆبوه‌ته‌وه.
له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی به عێراق، شه‌وی یه‌كشه‌ممه ئیسماعیل قائانی له‌نه‌جه‌ف سه‌ردانی گۆڕی باوكی موقته‌دا سه‌دری كرد.
به‌پێی زانیارییه دزه‌پێكراوه‌كان، كه له میدیا عێراقییه‌كاندا بڵاوبوه‌ته‌وه، ئیسماعیل قائانی موقته‌دا سه‌دری بڕوا پێهێناوه له حكومه‌ته زۆرینه‌كه‌یدا، شیعه‌كان به‌زۆرینه به‌شدارییان پێ بكرێت، به‌ڵام نابێت خودی نوری مالیكی له‌ناو پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كه‌دا بێت و نابێت په‌رله‌مانتاره‌كانیشی به‌ناوی لیستی ده‌وڵه‌تی یاساوه بمێننه‌وه‌و كاربكه‌ن.
زانیارییه‌كان ئه‌وه‌یان ئاشكراكردوه، به‌رپرسانی ئێرانی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان، له‌نێوان حكومه‌تی "زۆرینه"ی سه‌در و "ته‌وافوقی" چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، "حكومه‌تی چاره‌سه‌ر" پێكبێت.
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كان، به‌و لایه‌نانه ناسراون، كه له ئێرانه‌وه نزیكن و پێكهاته‌كانی له دوای 2005وه ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی عێراقیان به ده‌سته‌وه بوه.
ره‌وتی سه‌در له هه‌ڵبژاردنی 10-10-2021، 73 كورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی به‌ده‌ستهێنا، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی-ش كه كۆی پێكهاته‌كانی شیعه جگه له ره‌وتی سه‌در له خۆده‌گرێت، خاوه‌نی 54 كورسین.
گرفتی سه‌ره‌كی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در ئه‌وه‌یه، جارێكی تر مسته‌فا كازمی، نه‌بێته‌وه به سه‌رۆك وه‌زیران، له‌لایه‌ن ئێرانیشه‌وه كازمی قبوڵكراو نیه، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، سه‌در رازی بوه له پرۆسه‌ی دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیراندا، زیاتر له یه‌ك ناو هه‌بێت، له‌ناو ناوه‌كانیشدا باس له محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی و مسته‌فا كازمی و حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌كرێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه له سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا هادی عامری، داوای له‌بارزانی كردوه، كورد رۆڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناو ماڵی شیعه بگێڕێت و له پێكهێنانی حكومه‌تدا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دو پێشنیاری خستوه‌ته به‌رده‌م بارزانی، كه هه‌ردوكیان ره‌تكراونه‌ته‌وه.
سایتی شه‌فه‌ق نیوز-ی نزیك له پارتی دیموكراتی كوردستان له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه ئاشكرایكردوه، عامری پێشنیاری ئه‌وه‌ی كردوه له‌پێكهاته‌ی حكومه‌تی نوێ‌دا 50%ی كورسییه‌كان بۆ ره‌وتی سه‌در بێت و كورد ته‌نها دو وه‌زاره‌ت وه‌ربگرێت، سوننه‌و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیش چی پۆست ده‌مێنێته‌وه پڕی بكه‌نه‌وه، به‌ڵام بارزانی ئه‌وه‌ی ره‌تكردوه‌ته‌وه.
له‌پێشنیاری دوه‌میشدا عامری داوای له‌بارزانی كردوه ره‌زامه‌ندی بدات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی ببێت به‌سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام بارزانی ئه‌و پێشنیاره‌شی ره‌تكردوه‌ته‌وه.
رۆژپی شه‌ممه 15-1-2022 هادی عامری له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در كۆبویه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ناوه‌رۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌یان ئاشكرا نه‌كرا، سه‌در رۆژێك دواتر به ده‌ستخه‌تی خۆی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌و ته‌ئكیدی له‌وه‌كرده‌وه، كه سوره له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ی پێشوتری بۆ دروستكردنی زۆرینه‌ی نیشتمانی و نوسیبوی، حكومه‌تی داهاتو، "نه‌شه‌رقی ده‌بێت و نه غه‌ربی ده‌بێت"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆئه‌وه‌ی حكومه‌تێكی نیشتمانی عێراقی پێكده‌هێنێت به‌بێ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی وڵاتانی رۆژئاوا‌و ئێران.
له 9-1-2022 سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵبژێردرا، به‌ڵام له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه به‌هۆی سكاڵای دو په‌رله‌مانتاری له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی سه‌رپێچی یاسایی و ده‌ستوری له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌و ئه‌نجامدانی ئه‌و دانیشتنه، بڕیاری راگرتنی كاره‌كانی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه ده‌ركراوه‌و تا یه‌كلاییبونه‌وه‌ی داوای یاسایی ئه‌و په‌رله‌مانتاره، بڕیاره‌كه كاری پێده‌كرێت.
رۆژی 9-1-2021، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبوه‌وه‌و به‌پێی یاسا، مه‌حمود مه‌شهه‌دانی، وه‌ك به ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتار سه‌رۆكایه‌تی دانیشته‌كه‌ی كرد، به‌ڵام به‌هۆی دروستبونی كێشه‌وه، ناوبراو دانیشتنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و له‌وكاته‌دا باری ته‌ندروستی تێكچو و گه‌یه‌نرایه نه‌خۆشخانه، دواتر وابڵاوکرایەوە کە لەلایەن پەرلەمانتارێکەوە هێرشکراوەتە سەری.
دوای مەشهەدانی و هەمان رۆژ، له‌لایه‌ن خالید ده‌ڕاجییه‌وه، وه‌ك دوه‌م به ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتار دانیشتنه‌كه به‌ڕێوه‌براو له سێ پرۆسه‌دا، محه‌مه‌د حه‌لبوسی، به سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و هه‌ریه‌كه له حاكم زاملی و شاخه‌وان عه‌بدوڵا، به جێگرانی یه‌كه‌م و دوه‌می سه‌رۆك هه‌ڵبژێردران.
رۆژی پێشنجشه‌ممه 14-1-2022 دادگای فیدراڵی رایگه‌یاند، هه‌ریه‌كه له‌په‌رله‌مانتاران، باسم خه‌زعه‌ل خه‌شان، مه‌حمود داود یاسین، داوایان له دادگا كردوه به‌هۆی رودانی نایاسایی له دانیشتنی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، كاره‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نه‌كه رابگیرێت، دادگاش تا یه‌كلابونه‌وه‌ی داوای ئه‌و دو په‌رله‌مانتاره، بڕیاریداوه به وه‌ستاندنی كاره‌كانی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه.