دواین هەواڵ

عێراق‌

 17/01/2022

سەرکردەیەکى هاوپەیمانى فەتح هۆکارى سەردانەکەى هادى عامرى بۆ هەولێر ئاشکرا دەکات

هەرێم نیوز

سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی فەتح، ناوەڕۆکى سەردانەکەى هادى عامرى بۆ هەولێر ئاشکرادەکات و ڕایدەگەیەنێت، سەردانەکەی ئەمڕۆی هادی عامری، بۆ بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق بووە، دەشڵێت: ، "بۆچوونی پێکهاتەی کورد و هەولێر گرنگە لەبارەی ئەو پرسانەی ئێستا باسدەکرێن لەوانەش کێشەکانی نێو ماڵی شیعە کە دەبێت هەمووان هەوڵ بدەین زیاتر رۆ نەچێت".

ئەحمەد کینانی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی فەتح، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند، "سەردانەکەی بەڕێز هادی عامری بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و برایانی کورد بۆ باسکردنی ئەنجامەکانی سەردانەکەیەتی بۆ لای بەڕێز موقتەدا سەدر و کۆبوونەوەکەی دوێنێی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و تاوتوێکردنی پرسی سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کە لەدوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئێستا زیاتر ئەوانە پرسی کۆبوونەوەکانن".

دەشڵێت: "سەردانەکە بەگشتی بۆ خێراکردنی کۆتاییهێنانە بەو کێشانەی لەنێو پێکهاتەکاندا لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دروستبووە، دەمانەوێت هەنگاوەکان خێرابکرێن لەپێناو ئەوەی عێراق بەرەو دۆخی مەترسیدار سەرنەکێشێت و رۆ نەچینە سەر بابەتی ئاڵۆز و عێراق بکەوێتە دۆخێکەوە کەسمان ئارەزووی نەکەین".
ئەوەشى خستەڕو، "بۆچوونی پێکهاتەی کورد و هەولێر گرنگە لەبارەی ئەو پرسانەی ئێستا باسدەکرێن لەوانەش کێشەکانی نێو ماڵی شیعە کە دەبێت هەمووان هەوڵ بدەین زیاتر رۆ نەچێت".

ئەمڕۆ دووشەممە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردساتن کۆبووەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP