دواین هەواڵ

کلتور‌

 14/01/2022

با لە ئامەد و شانۆکارانی ئامەدەوە فێر بین

حەمەسوار عەزیز

شانۆی کوردی لە ئێستادا بە خراپترین قۆناغەکانی تێدەپەڕێت و خەریکە ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە دەبێتەوە، بەشێکی گەورەی ئۆباڵی ئەو قەیرانەش لە ئەستۆی سیاسەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە .کە ھیچ بایەخێک بە فەرھەنگ و کەلتوور نادات، بە تایبەتی شانۆ کە بەشێوەیەک فەرامۆش کراوە، کار گەیشتۆتە ئەوەی لە شارێکی وەکو ھەولێر دوو ساڵە، تەنھا دوو ئەزموونی شانۆیی شەرمن لە ھۆلێکی بچووک بۆ ماوەی تەنھا یەک رۆژ نمایشکراوە، لە دھۆکیش ڕەوشەکە لەوە خراپترە، ڕەنگە لە سلێمانی و کەرکوک دۆخەکە بە ھۆی سروشتی شارەکەو جیاوازی بیرکردنەوەی شانۆکاران باشتر بێت، بەڵام ھەرگیز ئەو باشییە نییە کە جێگەی ئومێد بێت.

ئێمە دەزانین ئەم حکومەتە بە ھیچ شێوەیەک شانۆی لا مەوزوع نییە، بۆیە پێویستە لە دەرەوەی حکومەت بەدوای چارەسەر بگەڕێین و لە ئەزموونی ھاوشێوەی خەڵکانی وەک ئێمە سوود وەربگرین، باشترین ئەزموونیش ڕەوشی شانۆیە لە باکووری کوردستان و شارێکی وەک ئامەد، کە ھەموو مێژووی شانۆیەکەیان بە زمانی دایک نابێتە بیست ساڵ، لەو چەند ساڵەی دواییشدا پاش دەسبەسەردارگرتنی قەیومەکانی ئەردۆغان بەسەر شارەوانییەکانی کوردستان، ڕەوشی شانۆکارانی باکووری کوردستان زۆر خراپەو نەوەکو ھەر ھاوکاری ناکرێن، بەڵکو دەیان سانسۆر و ڕاوە دونانیشیان لەسەرە، لەگەڵ ئەوەشدا تەسلیمی ئەو واقیعە نەبوون و توانیان پەرە بە شانۆکەیان بدەین، باشترین نمونەش ئەوەبوو لە فێستیڤاڵی شانۆی کەرکوک، توانیان سەدا ھەشتای خەڵاتەکان بەرنەوە، ئەمەش دەرئەنجامی ئەو سیستمەیە کە شانۆکارانی ئامەد بۆ کاری خۆیان دایانڕشتووە.

ئەم گرووپەی ئامەد وەک گرووپێکی پیشەمەندی شانۆیی کاردەکەن و ئەو نمایشە شانۆییانە ھەڵدەبژێرن کە توانای کۆنتاکتی لەگەڵ بینەر ھەیەو نمایشەکانیان بۆ ماوەی چوار تا پێنچ ساڵ درێژەی ھەیەو بە بلیت نمایش دەکرێت و لە یەککاتتدا چەندین نمایشی شانۆییان ئامادەیە و دەتوانن چەندین نمایش پێشکەش بکەن و لەڕێگەی بلیتەوە نەوەکو ھەر خەرجی کارەکانیان دەست دەکەوێت، بەڵکو بەشێکیشیان لەسەر ئەو داھاتە دەژین، ئەمە لە کاتێکدا ھیچ ھاوکاریەکی دەوڵەتیان نییەو پشتیوانی ناکرێن، بەڵام کوالیتی نمایشەکانیان توانای ئەوەی ھەیە پارە پەیدا بکات و ھەر نمایشێکیان زیاد لە سەدو پەنجار جار نمایش دەکرێت و لە ریپۆرتوارێکدا چەندین نمایشی شانۆیی لە کاتی دیاریکراو پێشکەش دەکەن و داھاتی پێویست بۆ بەردەوام بوون و ژیان و خەرجییەکان دەھێننەوە.

چی تێدەچێت ئەگەر شانۆکارانی باشووریش چاو لەو ئەزموونەی ئامەد بکەن و سیستمێکی دیاریکراوی دیراسە کراویان ھەبێت و بتوانن ریپۆرتوار دروست بکەن و ھەر گروپێک بتوانێت چەند نمایشێک لە یەککاتتدا ئامادە بکات و حەفتانە بە گوێرەی بەرنامەیەکی دیاریکراو پێشکەشی بکات و داھاتی تایبەتی لەو نمایشکردنە دەست دەکەوێت کە دەتوانێت بەردەوامی بەکاری شانۆیی بدات، ئەگەر بە ھانەش بە ھۆڵ بگرن، ھەموو ئامەد دوو ھۆڵی شانۆیی تێدایە کە پێموایە بە پارە بە گرووپەکان دەدرێت.

هەر بۆ زانیاریش ئێستا شانۆکارانی ئامەد خەریکی وەرزێکی نوێی شانۆن کە لە سێ نمایش پێکهاتووەو وەک جاران بەشێوەی ڕێپۆرتوار پێشکەشی دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP