دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14/01/2022

پارتى: هێرشکردنە سەر بارەگاکانمان رێگای چاره‌سه‌ری كێشه‌كان نین به‌ڵكو بارودۆخه‌كه‌ زیاتر ئاڵۆز ده‌كه‌ن

ئەرشیف: بارەگاى پارتى لە بەغداد

هەرێم نیوز
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی هێرشکردنە سەر بارەگاکەی لە بەغداد ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دوباره‌ ره‌فتاری ناڕه‌وا و دور له‌ ئه‌خلاقی سیاسی و پێكه‌وه‌ژیان و دژ به‌ یاسا به‌رامبه‌ر باره‌گای پارتی له‌ به‌غدا و چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی دیكه‌ ئه‌نجامدرا، به‌ بكه‌رانی ئه‌م كرده‌وانه‌ش ده‌ڵێین، " ئه‌و ئیسلوب و ره‌فتارانه‌تان رێگای چاره‌سه‌ری كێشه‌كان نین به‌ڵكو بارودۆخه‌كه‌ زیاتر ئاڵۆز ده‌كه‌ن".

ئەمڕۆ هەینى، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "دوباره‌ ره‌فتاری ناڕه‌وا و دور له‌ ئه‌خلاقی سیاسی و پێكه‌وه‌ژیان و دژ به‌ یاسا به‌رامبه‌ر باره‌گای پارتیمان له‌ به‌غدا و چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی دیكه‌ ئه‌نجامدرا و ھێرشكرایه‌ سه‌ریان، ئێمه‌ له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ھێرشكردنه‌ سه‌ر باره‌گای پارتیمان و باره‌گای لایه‌نه‌كانی دیكه‌ به‌كارێكی تێكده‌رانه‌ ده‌زانین و سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ین، به‌ ئه‌نجامده‌ران و خاوه‌نی ئه‌م جۆره‌ كرده‌وانه‌ش ده‌ڵێین، ئه‌و ئیسلوب و ره‌فتارانه‌تان رێگای چاره‌سه‌ری كێشه‌كان نین به‌ڵكو بارودۆخه‌كه‌ زیاتر ئاڵۆز ده‌كه‌ن".

دەشڵێت: "پێویسته‌ دام و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی فیدڕاڵی بكه‌ری ئه‌م ھێرشانه‌ بدۆزنه‌وه‌ و به‌گوێره‌ی یاسا سزا بدرێن، ھه‌روه‌ھا پاراستنی باره‌گا و كادیرانی حزبمان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی دیكه‌شیان له‌ئه‌ستۆ دایه‌ و پێویسته‌ بیانپارێزن".

بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەغدا لەرێگەی بۆمبێکی چێنراو كرایه‌ ئامانج، هێرشەکەش زیانی مادی لێکەتەوە، هه‌روه‌ها شەوی رابردو لەڕێگەی دو موشەکەوە ناوچەی سەوزی بەغدا کرایە ئامانج و هەردو موشەکەکەش لەلایەن سیستمی دژەموشەکی جۆری سیرام خرانەخوارەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP