دواین هەواڵ

کلتور‌

 10/01/2022

گرنگترین ئەرکەکانی دراماتۆرگ

گۆران موحەمەد

کاری دراماتۆرگی و بەتایبەتیش پیشەی دراماتۆرگ وەکو کەسایەتییەکی پێویست و سەربەخۆ لە هونەری شانۆدا زۆر بەش و لایەن دەگریتەوە ، بەتایبەت لە سەر هەردوو ئاستی هونەری و ئەدەبی، بەجۆرێک کە "دراماتۆرگ" لە میانی کارکردنیدا زۆرجارو لە قۆناغی ئامادەکردنەوەی شانۆنامەیەک بۆ ستەیج، لەپەیوەندی و دیالۆگی بەردەوام دا دەبێ لەگەڵ دەرهێنەرو نوسەری شانۆنامە، پاشان جۆری پەیوەندیەکە لە قۆناغی مەشق پرۆڤەکردن دەگۆڕێت بۆ پەیوەندی نێوان دراماتۆرگ و دەرهێنەرو ئاکتەر. هەربۆیە لێرەدا سەرنج دەخەینە سەر بەشێک لە گرنگترین ئەرکەکانی دراماتۆرگ لە پرۆسەی دروسکردنی نمایشێکی شانۆیی.

هەڵبەت بە پێی ستایلی کارکردنی دەرهێنەرو کۆمپانیا شانۆییەکان جۆرۆ ئەرکەکانی دراماتۆرگ تاڕادەیەک گۆڕانکاریەکی ئەوتۆی بەسەردا دێت، بەڵام بەگشتی و یەکەم ئەرکی دراماتۆرگ بریتیە لە وەرگێرانی شانۆنامە بۆ دەرهێنەرو ئاکتەر ئەگەر پێویست بکات، واتە ئەگەر شانۆنامەکە بیانی و جیهانی بێت.

ئەگەرچی و بەرلەم قۆناغە داماتۆرگ دەبێ سرێچی کردبێ لە سەر کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی پێگەی جیهانی و لۆکەڵی و سۆسیۆلۆجی شانۆنامەکە، واتە ئاگاداری پێزو گرنگی شانۆنامەکەو ئەو زەمەن و سەردەم و بارودۆخانە بێ کە شانۆنامەکەی تێدا نوسراوە، هاوکات شارەزای ستایلی شانۆنامەی و زمان و کۆدەکانی، یاخو شێوازی نوسینی نوسەرەکە تێبگات.

لەدوای ئەم قۆناغە ئەرکی دووەمی دراماتۆرگ بریتی دەبێ لە ( ئەداپتەیشن)، واتە گونجاندنی شانۆنامەکە لە ڕوویی زمان، چیرۆک،دیالۆگ، ژینگەی ڕوداوەکان، یان گۆڕینی بەشێک لە کەرەستەکانی ناو شانۆنامەکە لە ڕوی مێژوویی و فۆرمەوە و گونجاندنیان لەگەڵ ساتەوەختی ئێستا، هەروەها دروستکردنی پانتایی زیاتر بۆ کردارو ئاکتینی ئاکتەر بەشێکیترن لە ئەرکی دراماتۆرگ لەم قۆناغەدا.

پاشان دراماتۆرگ یەکێکیتر لە ئەرکەکانی یارمەتیدانی دەرهێنەرە لە دیاریکردنی ئاکتەری گونجاو بۆ ڕۆڵگێران لەو شانۆنامەیەیی کە دەرهێنەر بە نیازە کاری دەرهێنانی بۆ بکات. چونکە دراماترۆگ لە سۆنگەیەکی شیکارییانەی بۆ دەق و شارەزایی لە ستراکچەرو ڕەهەندی کەسایەتیەکانی شانۆنامەکە، باشتر وێنەو سیماو سیفاتی کاراکتەرەکانی لەلا ڕوون و وێنا ئەبێ.

ئینجا ئەرکی چوارەمی دراماتۆرگ لە قۆناغی دیدارو کۆبونەوەی لەگەڵ ئەکتەرو دەرهێنەر بریتی دەبێ لە پێدانی زانیاری دەربارەی شانۆنامەکە، زمان و شێوازی تێکستەکە لەڕووی ئەدەبی، بۆچونە ڕەخنەییەکان دەربارەی شانۆنامەکە، بە ئەکتەرو دەرهێنەر، لەگەڵ هەر گۆڕانکاری و زیادو کەمکردنێک کەلە دیمەن و کەسایەتی و دیالۆگ و دیمەنەکانی شانۆنامەکە ئەنجامی داون.

ئەرکی پێنجەمی دراماتۆرگ شیکردنەوەو ڕاڤەکردنی سەرجەم ئەو وشەو دەستەواژەو ئیدیۆمانەیە کە ناڕونن ، یاخود ئاسان نین بۆ تێگەیشتن لەلای ئەکتەر. لەگەڵ پێدانی زانیاری بە ئاکتەر دەربارەی سروشت و کەسایەتی و ئامانجی کاراکتەرەکان لەناو چیرۆک و دیمەن و ڕوداوەکانی شانۆنامەکە.

لەڕاستیدا یەکێکیتر لە هەرە گرنگترین ئەرکەکانی دراماترۆگ بریتیە لە چاودێرکیردنی دەق ، جوڵە، دەنگی ئاکتەر، لەگەڵ دیدی دەرهێنەرو مامەڵەکردنی لەگەڵ ستەیج و دە ق و لایەنی تەکنیکی بە درێژایی کات و ماوەی کارکردن، یاخود پرۆڤەکردن. ئەگەر چی لێرەدا ڕەنگە نەتوانین بە تەواوەتی لەسەر ئەم ئەرکەیان سەرنج و بۆچونەکان بخەینە ڕوو، چونکە لەوانە پێویستمان بە کاتی زیاتر بێ، بەڵام گومانی تیانیە کە سەرجەم ئەرکەکانی دراماتۆرگ بۆ دروستکردنی کاریگەری پۆزەتیڤ و هونەرییە لە سەر لایەنی پراکتیکی و پرۆسەی دروستکردنی نمایشێکی شانۆیی ئاست بەرز، بە شێوەیەکی هونەری و پرۆفیشناڵ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP